به‌ ئاسایى و به‌ پێ له‌ دیجله‌ و فوڕات ده‌په‌ڕیته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چه‌ند وێنه‌یه‌كى رووباره‌ى دیجله‌ و فوڕات بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ نیشانى ده‌ده‌ن خه‌ڵك به‌ پێ و بێ مه‌له‌كردن ده‌توانن بپه‌ڕنه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانیش ده‌ڵێن، 70% ئاوى عێراق كه‌م بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26/ شوبات/2023 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، لێدوانى خالد شیمالى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى عێراقی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "عێراق به‌هۆى وڵاتانى دراوسێیه‌وه‌ 70% به‌شه‌ ئاوى خۆى له‌ ده‌ست داوه‌". 

لێدوانى ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ كاتێكدا دێ كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌ند وێنه‌یه‌كى رووبارى دیجله‌ له‌ شارى میسانى باشوورى عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ده‌ریده‌خه‌ن خه‌ڵك به‌ پێ  و به‌ ئاسایى، بێ مه‌له‌كردن له‌ رووباره‌كه‌ ده‌په‌ڕنه‌وه‌.

هاوكات چه‌ند وێنه‌یه‌كى تری رووبارى فوڕات بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ هه‌مان ئاستى نزمدایه‌. شاره‌زایانى ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا هۆشدارى ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن هێشتا وه‌رزى هاوین نه‌هاتووه‌، رێژه‌ى ئاو به‌م شێوه‌یه‌ كه‌مى كردووه‌، ره‌نگه‌ هاوین به‌ ئاستێكى ترسناكتر بگات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین