بۆچى عێراق ناتوانێ سه‌رژمێرى دانیشتووانى بكات؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى عێراق یه‌كه‌م وڵاته‌ له‌ مێژوودا پرۆسه‌ى سه‌رژمێریى دانیشتووانى ناسیوه‌، كه‌چى ئێستا 26 ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌رژمێرى دانیشتووانى بكات، ئه‌گه‌ر پێشتریش له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌م هه‌ر سه‌رژمێرییه‌كى ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وا جێگه‌ى گومان بووه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/ شوبات/ 2023 له‌ راپۆرتێكدا پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كات، بۆچى عێراق ناتوانێ سه‌رژمێرى دانیشتووانى بكات، كه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانى ژیانى عێراقییه‌كان گرنگه‌؟ به‌ پشتبه‌ستن به‌ داتاكان ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هۆكارى سیاسى و دارایى دوو هۆكارى گرنگن له‌وه‌ى عێراق نه‌توانێ ئه‌م كاره‌ بكات، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى باس له‌ هۆكاره‌كان بكات باس له‌ مێژووى سه‌رژمێرى له‌ عێراق ده‌كات.

عێراق له‌ سه‌رده‌مى سۆمه‌رییه‌كانه‌وه‌
سه‌رژمێرى زانیوه‌ 
 

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات عێراق له‌ سه‌رده‌مى سۆمه‌رییه‌كانه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ى سه‌رژمێرى ئاشنایه‌ و بۆ چه‌ندان مه‌به‌ستى ئابوورى و سه‌ربازى چه‌ندان سه‌رژمێرى ئه‌نجام دراون. له‌وانه‌ بۆ دیاریكردنى ئه‌و گه‌نجانه‌ى تواناى سه‌ربازییان هه‌یه‌، یان دیاریكردنى ژماره‌ى ئه‌و بازرگان و خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ى كه‌ ده‌توانن باج بده‌ن.

وه‌ك نموونه‌یه‌ك له‌سه‌رده‌مى میر “كودیا” له‌ میرنشینى "له‌گش"ى سۆمه‌رى 2144 پێش زایین، سه‌رژمێرى دانیشتووانى میرنشینه‌كه‌ كراوه‌ و ژماره‌یان به‌ 450 هه‌زار كه‌س دیارى كراوه‌. ئه‌مه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عێراق له‌ كۆنه‌وه‌ سه‌رژمێرى ناسیوه‌، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ سه‌ده‌ى نوێ له‌ هیچ یه‌كێك له‌ سه‌رژمێرییه‌كان سه‌ركه‌وتوو نابێت.

له‌ ساڵى 1927 یه‌كه‌م سه‌رژمێرى دانیشتووان له‌ عێراق ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام به‌ هۆى ئه‌وه‌ى زۆرێك له‌ هه‌ڵه‌ى تێدا بووه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ فه‌رمى ره‌تكراوه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵى 1934 سه‌رژمێرییه‌كى تر كرا، ته‌نیا بۆ دیاركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ تواناى به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن و تواناى جه‌نگیان  هه‌یه‌، كۆى دانیشتووانى عێراقیش به‌ سێ ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌س خه‌ملێندرا بوو. 

دواخستنى سه‌رژمێرى بۆ عێراق ترسناكه‌
 

وێراى ساده‌یى داتاكانى كه‌چى ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى مایه‌وه‌ بۆ پلان و پرۆگرامه‌كانى حكومه‌ت تا ئه‌و كاته‌ى له‌ ساڵى 1947 سه‌رژمێرییه‌كى تر كرا، ئه‌م جاره‌یان ژماره‌ى دانیشتووان به‌ چوار ملیۆن و 826 هه‌زار كه‌س خه‌ملێندرابوو.  وێرایى ساده‌ییه‌كه‌ى كه‌چى ئه‌مه‌ به‌ یه‌كه‌م هه‌وڵى عێراق بۆ سه‌رژمێرى دانیشتووان داده‌نرێت له‌ رووى ته‌كنیكه‌وه‌، ئه‌مه‌یش وای له‌ به‌غدا كرد بڕیار بدات هه‌ر 10 ساڵ جارێك سه‌رژمێرییه‌كى تر بكات و له‌ ساڵى 1957 سه‌رژمێرى كرا، ژماره‌ى دانیشتووان به‌ شه‌ش ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س خه‌ملێندرا، له‌ ساڵى 1965 له‌ برى 1967 ئه‌نجام درا، له‌ ساڵى 1977یش ژماره‌ى دانیشتووانى عێراق به‌ 12 ملیۆن دانرا و دوو جارى تریش سه‌رژمێرى كرا ئه‌وانیش ساڵى 1987 و 1997 بوو، كه‌ ئه‌مه‌یان دوایین سه‌رژمێرى بوو.

زۆربه‌ى ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ى كراون، به‌ شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى گومانیان لێده‌كرێت، به‌ تایبه‌تى ئه‌وه‌ى دوایین جار له‌ ساڵى 1997 له‌سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس ئه‌نجام دراوه‌، چونكه‌ ته‌نیا بۆ 15 پارێزگا بووه‌، بێ هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌مه‌یش چه‌ندان گومانى ترى سیاسى له‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ ده‌كرێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى حوڕه‌ وه‌ك مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌، باس له‌ ئه‌نجامنه‌دانى سه‌رژمێرى كراوه‌، كه‌ به‌ 26 ساڵه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ عێراق بوونى نییه‌، مه‌ترسییه‌كه‌یش له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، سه‌رژمێرى ته‌نیا بۆ زانینى ژماره‌ى دانیشتووان نییه‌، به‌ڵكو ورده‌كارییه‌كانى پێكهاته‌ى دانیشتووان دیارى ده‌كات، كه‌ دواتر حكومه‌ته‌كان بۆ پلانه‌كانیان له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى و خێزان، پشتى پێده‌به‌ستن. به‌ڵام له‌ عێراق له‌م ماوه‌یه‌دا حكومه‌ته‌كان پشتیان به‌ ئامارى كۆن یانیش ئامارى نافه‌رمى به‌ستووه‌، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه‌ هه‌نگاوه‌كانیان وه‌ك پێویست ئه‌نجام به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌ن.

سه‌میر خزه‌یر هادى به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكار بۆ سه‌رژمێرى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، “بێ بوونى سه‌رژمێرى وڵات به‌ چاوى نوقاوه‌وه‌ به‌ رێگایه‌كى تاریك ده‌ڕوات” ئه‌مه‌یش مه‌ترسى دواكه‌وتنى سه‌رژمێرى دواده‌خات.

به‌گوێره‌ى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى عێراق بۆ سه‌رژمێرى له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌م په‌یڕه‌وى كردووه‌، ده‌بوایه‌ له‌ ساڵى 2007 سه‌رژمێرییه‌كى تر بكرێت، به‌ڵام بۆ ساڵى 2009 دواخرا، ئه‌و كاتیش نه‌كرا، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ یه‌ك كه‌ڕه‌ت به‌ 10 ساڵ دواخرا و بڕیار بوو 2019 بكرێت، كه‌چى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ 2020 دواكه‌وت، ئه‌و كاتیش په‌تاى كۆڕۆنا به‌ عێراق و جیهان بڵاوبووه‌وه‌، بۆیه‌ دواخرا.

كورد پێیوایه‌ به‌ سه‌رژمێرى هێزى خۆى ده‌رده‌خات
 

به‌گوێره‌ى دوایین مه‌زنده‌ عێراق 120 ملیۆن دۆلارى بۆ سه‌رژمێرى ده‌وێ. محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى عێراقیش له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى كرده‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات ته‌نیا هۆكاره‌كه‌ دارایى و ئابوورى نییه‌، به‌ڵكو هۆكارى سیاسیشى هه‌یه‌، كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ دابه‌شكردنى ژماره‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌رژمێرى له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانى عێراقیش بۆچوونى جیاوازى له‌سه‌ره‌.

سه‌باره‌ت به‌ كورد راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كورد له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرییه‌ چونكه‌ هێزى پێكهاته‌یى خۆى له‌ سه‌رژمێرى ده‌رده‌خات، ئه‌مه‌یش بۆ كورد له‌ دوو خاڵه‌دا گرنگه‌، یه‌كێكیان ژماره‌ى كورده‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، دووه‌میشیان په‌یوه‌ندى به‌ پشكى كورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ بودجه‌ى عێراق كه‌ پێشتر به‌ 17% دیارى كرا بوو دواتر بۆ ژێر 14% كه‌م كرایه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین