دواى 100 رۆژ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى.. سوودانى هه‌ڵه‌كانى عه‌بدولمه‌هدى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مریكى له‌ وتارێكى شیكارى باس له‌وه‌ ده‌كات وێڕاى تێپه‌ڕبوونى 100 رۆژ به‌ سه‌ر ته‌مه‌نى حكومه‌تى سوودانى كه‌چى تا ئێستا ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌شى یه‌كه‌مى كارنامه‌كه‌ى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و پێشنیاریش بۆ محه‌مه‌د شیاع سوودانى ده‌كات كه‌ وانه‌ له‌ حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌ربگرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ پێنجى شوباتى 2023 ئه‌یاد عه‌نبه‌ر وتارێكى شیكارى له‌سه‌ر ته‌مه‌نى 100 رۆژه‌ى حكومه‌تى سوودانى نووسیوه‌ و تێیدا دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ چه‌ندان بڕگه‌ى كارنامه‌كه‌ى كه‌ ده‌بووایه‌ له‌ سێ مانگى یه‌كه‌مى ته‌مه‌نى حكومه‌ته‌دا جێبه‌جێ بكرێت، هیچ یه‌كێكیان جێبه‌جێ نه‌كراون.

سوودانى زۆر به‌ ئاسووده‌یى به‌ڵێنى گه‌وره‌ ده‌دات

ئه‌یاد عه‌نبه‌ر ناوى ئه‌و دۆسیانه‌ ده‌هێنێ كه‌ بریتین له‌: كاركردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵاى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140، هه‌ڵسه‌نگاندنى پارێزگاكان، هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردن، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و چه‌ندان بابه‌تى تر كه‌ ده‌بووایه‌ له‌م 100 رۆژه‌دا یه‌كلایى بكرێنه‌وه‌. ئه‌یاد عه‌نبه‌ر ده‌ڵێ، "دواى تێپه‌ڕبوونى 100 رۆژ له‌ ته‌مه‌نى حكومه‌ت وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هێشتا ئه‌م دۆسیانه‌ یه‌كلایى نه‌كراونه‌ته‌وه‌، نه‌وه‌ك ته‌نیا به‌ 30 رۆژ كه‌ دیارى كراوه‌، به‌ڵكو به‌ سێ مانگیش له‌ ته‌مه‌نى حكومه‌ته‌كه‌ یه‌كلایى نه‌كراونه‌ته‌وه‌".

له‌ به‌شێكى ترى وتاره‌ شیكارییه‌كه‌ نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌ رۆژى یه‌كه‌مه‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌ وه‌ك حكومه‌تى رازیكردنى ئه‌و هێزانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ حكومه‌تیان پێكهێناوه‌، نه‌وه‌ك حكومه‌تێكى به‌ڕێوه‌به‌رى قۆناغێكى سه‌خت و هه‌ستیار بێت. ئه‌یاد عه‌نبه‌ر له‌و بڕگه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كان هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت نییه‌ و هیچ ئه‌زموونییه‌كیان له‌ بواره‌كان نییه‌". ئاماژه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بیركردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى به‌شداربوو له‌ به‌رانبه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان نه‌گۆڕاوه‌ و وه‌ك "دوكانى خۆیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".

پێشیوایه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌م 100 رۆژه‌دا سوودانى هه‌مان هه‌ڵه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دووباره‌كردووه‌ته‌وه‌ و هێشتا باس له‌ ستراتیژ و پڕۆژه‌كان ده‌كات و تیۆریان بۆ داده‌نێ، نه‌وه‌ك كار بۆ دۆسیه‌ پێشینه‌كان بكات و بارودۆخى ناوخۆ رێكبخاته‌وه‌. 

حكومه‌تى سوودانى له‌ 27ى تشرینى یه‌كه‌مى 2022 له‌ په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى پێدرا و ئه‌مه‌یش دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێك و 17 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق كه‌ له‌  10ى تشرینى یه‌كه‌مى 2021 به‌ڕێوه‌چوو. لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌ خۆیان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ناسێنن، له‌پشت پێكهێنانى حكومه‌تى سوودانین.

ئه‌یاد عه‌نبه‌ر له‌ وتاره‌كه‌ى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رسوڕمانى خۆى به‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى زۆر به‌ ئاسووده‌یى به‌ڵێن ده‌دات و باس له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌كات، كه‌ له‌ واقیعدا به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێ، "ناكرێت هیچ حكومه‌تێك وه‌ها به‌ ئاسووده‌یى به‌ڵێن بدات و له‌لایه‌كى تریش ململانێى له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ دژبه‌یه‌كتره‌كان بكات و ملكه‌چى فشارى سیاسى بێت له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ سه‌ره‌كیانه‌ى كه‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌". 

به‌ بڕواى ئه‌و سێ مانگى رابردوو ته‌نیا تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ قه‌باره‌ى ئه‌و ئاڵه‌نگارییانه‌ى كه‌ له‌ داهاتوودا رووبه‌ڕووى سوودانى ده‌بنه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ده‌زانرێت، ئه‌و خۆى پابه‌ندكردووه‌ به‌ چه‌ندان به‌ڵێنى چاكسازى كه‌ له‌ توانا و توانستى خۆی زۆر گه‌وره‌ترن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین