سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستووری عێراق هەموار دەكاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

عەلی فەتلاوی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، پاڵپشتییەكی سیاسی بۆ ئەوە هەیە سەرۆك وەزیرانی عێراق هەنگاو بۆ هەمواكردنەوەی هەندێك بڕگەی دەستووری عێراق بنێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە (29/كانوونی دووەم/ 2023) ماڵپەڕی (بەغداد تودەی) بڵاویكردەوە عەلی فەتلاوی رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرەو ئەوەیە هەندێك بڕگەی دەستووری عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو هەموار بكاتەوە، ئەوەش لە لایەن هەندێك لایەنی سیاسی پاڵپشتی دەكرێت، بەتایبەت ئەو هەموارە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسییە.

ئەو سەركردەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەش كرد، سەرۆكایەتی وەزیران پێشنیارەكانی خۆی لەسەر هەمواركردنەوەی هەندێك بڕگەی دەستوور دەخاتەڕوو، دواتریش رێككەوتنێك لەسەر ئەو هەموارە بەگوێرەی دەسەڵاتەكانی پەرلەمان و دەنگدان لە رێگەی راپرسی جەماوەری دەكرێت، چونكە هەندێك لە هەموارەكان پێویستی بە راپرسی جەماوەرییە هەیە.

پێشتریش نووسینگەی سەرۆك وەزیران راگەێندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا هاتووە، محەمەد شەیاع سوودانی د.حەسەن نەعیمە یاسری، راوێژكاری كاروباری دەستووری خۆی بۆ ئەو پرسە راسپاردووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەكە یاسری لەدوای كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری سەرۆكایەتی جێبەجێكردن و یاسادانان دەست بەكارەكانی خۆی دەكات، جگە لەوەش لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری نەخشەڕێگەی ئەنجامدانی هەموارە پێویستەكان دیاری دەكات.

نووسينگەى سوودانى ئاماژە بەوە دەكات، ئەو هەنگاوە جێبەجێكردنی هەندێك لە بەرنامەی ئەنجوومەنی وەزیرانە، كە لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێككەوتن كە پێویستە هەندێك بڕگەی دەستووری هەموار بكرێتەوە، ئەوەش بۆ خۆپاراستنە لە دووبارەبوونەوەی بنبەستی سیاسی كە لە چەند قۆناغێكی جیاواز رووبەڕووی عێراق بۆتەوە، بەتایبەتیش لەو ماوەی رابردوە. 

دەستووری عێراق لە (144) مادە پێكهاتووە، لە ساڵی (2005) نووسراوەیەوە و خرایە بەردەم راپرسی جەماوەری، كە لە (78%) خەڵكی عێراق دەنگیان بۆی، لە ساڵی (2020) جارێكی هەوڵی هەمواركردنەوی درا، بەڵام لایەنە سیاسیەكان نەگەیشتنە رێككەوتن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین