بۆ چی مێژووی فڕێدانی عەمامە گرنگە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

بزووتنەوەی "فڕێدانی عەمامە" لەگەڵ بزووتنەوەی "لەچک سووتاندن" دوو دیاردەی ماناداری بزووتنەوەی سەرتاسەری ئێستان. هەردووکیان بناغەکانی رێژیمیان کردۆتە ئامانج. حیجابی زۆرەملێ، یەکێکە لە پایەکانی کۆماری ئیسلامی و زۆربەی شارەزایان پێیان وایە ئەگەر رژیم لەو بوارەدا پاشەکشە بکات، ئەوا فەرمانی لە سێدارەدانی خۆی واژۆ کردووە. بەڵام بزووتنەوەی فڕێدانی عەمامە، مانایەکی مێژوویی قووڵتر و فراوانتری هەیە. ئەم بزووتنەوەیە بوونی دینەکەی ئێوەی کردۆتە ئامانج.

درووشمی "دەبێت مەلا وون بێت" دروشمێکی نوێ نییە. ساڵانێکی زۆرە خەڵک ئەم دروشمە دەڵێنەوە، مەلاکانیش کە بەرپرسی کاروباری وڵاتن، لەم درووشمەدا پەیڕەوی لە قسەکانیان دەکەن. بۆیە دەتوانرێت ئەم درووشمە لێکبدرێتەوە، کە خەڵک دەیەوێت مەلا لە سەرکردایەتی وڵات و دەستلەکارکێشانەوەی لە حکومەت بە گشتی. ئەگەر ئەم لێکدانەوەیه راست بێت، ئەو مەلایانەی، که پشکیان له دەسەڵاتدا نییه لەم درووشمەدا نین.

بەڵام بزووتنەوەی فڕێدانی عەمامە، هێرش دەکاتە سەر سیستەمی مەلاکان و جیاوازی لە نێوان مەلای حکومی و ناحکومیدا ناکات. بە واتایەکی تر، ئەم بزووتنەوەیە دەیەوێت دەزگای مەلاکان هەڵبوەشێنێتەوە. چونکە دیار نییە ئەو مەلایانەی کە عەمامەیان لەلایەن گەنجانەوە فڕێدەدرێتە سەر شەقام، حکومەتین یان ناحکومی. بە ئەگەرێکی زۆر ناحکومی بن، چونکە حکومەتییەکان زۆربەیان بە ئۆتۆمبێل گەشت دەکەن.

رەنگە مەلاکان لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا تووشی سووکایەتییەکی لەوشێوەدا نەبووبن. چونکە کۆمەڵگا لانیکەم پێش شۆڕشی ١٩٧٩ سەرەڕای رەشبگیری، هەندێک مەلا لە هەندێک رووداوی مێژووییدا، هەمیشە رێزی لێدەگیرا و هەرگیز نەبینرا خەڵک بەم شێوەیە سوکایەتی بە مەلاکان بکات.

بەڵام ئەم حورمەت شکاندنە لەسەر دەستی خودی مەلاکان دەستی پێکرد و ئەوە بوو، کە دەستەیەک لەوان بە رێبەرایەتی روحوڵڵا خومەینی، دەستیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا گرت و بە ناوی ئایینەوە زاڵ بوون بەسەر چارەنووسی گەل و هەبوونەکانی وڵاتدا. بە درۆ و فێڵ و تاوان، نەیارانی سیاسی خۆیان لە مەیدانەکە نەهێشت و مەیدانیان تا ئەو رادەیەی بە غەیری خۆیاندا، کە ببێتە جێبەجێکاری ئیرادەیان.

بەم شێوەیە بوو کە زەبری کوشەندەیان لە رەگ و ریشەی خۆیان و ئایینەکەیاندا. چونکە بە تێوەگلان لە شەڕی دەسەڵاتدا، دەبوو لۆژیکی هێز پەیڕەو بکەن و هەرچی بەو رێگایەدا بەرەو پێش چوون، سیستمی ئاخوندی و بەناو "رۆحانیەت" زیاتر بەدناو و ریسوا کرد. ئێستا مەلاکان بە مەلای ناحکومییشەوە دارەکانی ئەم کەمبوونەوەی پیرۆزیەیان دەخۆن.

تێوەگلانی دامودەزگا ئاینییەکان لە ململانێی دەسەڵاتدا، هەمیشە کۆتایییەکی تاڵی هەبووە. کەم تا زۆر هەموو مێژوونووسانی سەردەمی ساسانییەکان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووخانی ساسانییەکان بە بە دەسەڵات گەیشتنی پیرەکانی زەردەشتی دەزانن. لە کۆتایی سەردەمی ساسانییەکاندا دامەزراوەی ئایین دەستوەردانی لە بچووکترین کاروباری خەڵکدا کرد.  پیرەکانی زەردەشتی هێندە دەسەڵاتیان بەدەست هێنابوو، کە مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێکدا بوون یان سێبەریانی دەبینی.

جگە لە نوێژکردن لە رۆژێکدا چوار جار و رێوڕەسمە ئاینیەکانی تر، خەڵک دەبوو مەراسیم و نوێژی تایبەت بخوێنن تەنانەت بۆ پژمین و پیساییکردن و هەڵگرتنی نینۆک و قژ و داگیرساندنی چرا و ئەرکەکانی تریش.  پیری زەردەشتی هێندە مرۆڤەکانیان تەنگاو کردبوو، کە هەر مرۆڤێک لە شەو و رۆژێکدا بە کەمێک بێباکییەوە، ئالودەی گوناه و خراپەکاری دەبوو.

فیقهی ئایینی زەردەشتی لە بەشی ڤێندیدادە لە ئاڤێستای نوێدا دەبینرێت. بە خوێندنەوەی، بە ڕوونی دەبینین کە پیری زەردەشتیەکان خەڵکیان ناچار کرد بە چ ئەرکێکی قورس و تاقەتپڕوکێن دەکردن. بە گوتەی ئەحمەد تەفەزلی، یەکێک لە پسپۆڕانی سەردەمی ساسانییەکان، کرتیر (پیری گەورەی زەردەشتییەکان لە سەردەمی ساسانییەکاندا) هێندە بە توندی و تۆڵی ئایین و سیاسەتی بەیەکەوە گرێدا، کە تا کۆتایی سەردەمی ساسانییەکان هیچ پچڕانێکی تێدا نەبوو. ئەم سیاسەتە توندە، بووە هۆی رووخانی ساسانییەکان.

مێژوونووسان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رووخانی سەفەوییەکان بە دەسەڵاتی زیادەڕۆیی مەلا شیعەکان لە دەربارەکەیاندا دەزانن. بێ وریایی و بیروباوەڕی خورافاتیانەی شا سوڵتان حوسێن، بناغەی لەناوبردنی سەفەوییەکان دانا. بە بڕوای مێژوونووسان، کارەکانی شا سوڵتان حسێن، لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا، لەجیاتی کۆکردنەوەی ژەنەڕاڵەکان، خەڵکی وەک ئەستێرەناس و حەکیم و مەلای لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە، بۆ گفتوگۆکردن و مشتومڕ لەسەر بابەتگەلێکی زۆر بچووک و بێ بایەخ. بەم شێوەیە بوو کە مەحمود ئەفغانی، دواجار تەختی پاشایەتی لێ ستاند.

لە سەردەمی قاجاردا هەر جارێک مەلاکان دەسەڵاتیان بەدەست دەهێنا، وڵات لاواز و زەلیل دەبوو. ئاقا محەممەدخان دامەزرێنەری شانشینی قاجار، حەزی لە دیداری لەگەڵ چینی مەلاکان نەبوو. بەڵام له سەردەمی فەتح عەلی شا-وه به هۆی فراوانبوونی دادگه و سیستەمی ئیداری و حکومی و هەروه شەڕەکانی ئێران و رووسیا زەمینه بۆ دەستێوەردانی کەسانی ئایینی له ژیانی گشتیدا دروست بوو و ئەوانیش وردە وردە شکۆمەندی سیاسییان بەدەستهێنا.

هەر لەو ماوەیەدا بوو کە بەشێک لە فەقێ شیعەکانی وەک مەلا ئەحمەد نەراقی، داوای حوکمڕانی و  وڵاتداری دەکرد. ئەو کەسە بوو کە نووسیویەتی: هەرچەندە حکومەت هی ئیمامی زەمانە، بەڵام لە غیابی ئەودا، هی وەلی فەقێیە کە "جێگری ئیمام"ە و یەکێکە لە "ئەمیندارەکان"ی پێغەمبەر و میراتگری زانستی نەبەوییە.

خومەینی، دامەزرێنەری کۆمار ئیسلامی ئێران، ئەم داوایەی مەلا ئەحمەد نەراقی خستەبوواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە بڕوای یەکێک لە بیرمەندانی ئێرانی، لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی خومەینی، ئایین کەوتە داوی مێژووەوە و فۆرمی باڵادەستی خۆی وەرگرت و تەسلیمی پێویستییەکانی بوو و بوو بە هاوتای ئایینی ئەو فۆرمە نوێیە لە فاشیزم.

بۆیە بزووتنەوەی فڕێدانی عەمامە، دەرئەنجامێکی لۆژیکی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی مەلاکانە. لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیدا، لە راستیدا خۆیان بەدناوکرد و پیرۆزی ئایین و بەتایبەتی ئایینی شیعە لەناوچوو. هاتن کۆمەڵگا ئایینی بکەن، وایان کرد خەڵک لە دین رابکات.
سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین