داواى سزادانى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت كه‌ لۆبى بۆ ئێران ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی داد داوایان کرد، ئەو کەسانەی پارە لە ئێران وەردەگرن بۆ ئەوەی پڕۆپاگەندە بۆ سیاسەتەکانی ئێران بکەن و کاریگەریی لەسەر ئیدارەی بایدن دابنێن، ڕووبەڕووی یاسا ببنەوە.

ئیوت هرل، نوێنەری کۆماریخوازی ویلایەتی نیۆمەکسیکۆ، کە لەگەڵ هەشت نوێنەری تر نامەکەیان ئیمزا کردووە و بۆ وەزارەتی دادیان ناردووە، ئێوارەی پێنجشەمە ۱٨ی ئادار بە کەناڵی تەلەڤزونی فۆکس نیۆزی وت: "ئێران هێشتا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکا لە ناوچەکە. گرنگە لەوە دڵنیا بیبینەوە لە پارەکەیان بە شێوەیەکی ناشایسته‌ بە مەبەستی کاریگەردانان لەسەر سیاسەتوانان و ڕابەرانی فکریی ئێمە کەڵک وەرناگرن".

هەروەها وتی، "هەر جۆرە کاریگەریدانانێک بەمەبەستی گۆڕینى هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان".

ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی نوێنەران وتی: "من و هاوکارانم ئەو نامەمانە نووسی بۆ ئەوەی وێرای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان، کارێک بکەین ئێران وەڵامدەرەوەی کردەوەکانی بێت".

لەو نامەیەدا داوا لە ئیدارەی بایدن کراوە بە پێکهێنانی گرووپێکی تایبەت، ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەی دانیشتووی ئەمریکا کە یاسای "فارا" (یاسای ناونووسی کەسانی بیانی) پێشێل دەکەن، دەستبەسەر بکات و هاوشێوەی پۆلیسی فیدرالی ئەمریکا لیستێک لەو کەسانە ئامادە بکات .

ئەو نوێنەرانە ئەو نامەیانە ئیمزا کردووە، هەروەها داوایان لە ئیدارەی بایدن کردووە، ژوورێک لە F.B.I بکاتەوە کە بەدواداچوون بۆ ئۆپراسیونی کاریگەرییدانانی ئێران بکات و "لێکوڵینەوە سەبارەت بەو گرووپ و دامەزراوە خێرخوازیی و ژوورە فکرییانە بکات کە پارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەردەگرن"، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە پارەی هاووڵاتیان و باجدەرانی ئامریکا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ناکەوێتە دەستی کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی یان ئەو کەسانەی لۆبی بۆ ئەو وڵاتە دەکەن.

هرل وتیشی، "ئێران وڵاتێکی ئاڵۆزە و هەوڵ دەدات بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و گورزوەشاندن لە بەرژەوەندییەکانی ئێمە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی سیاسیی و تەنانەت سیاسەتوانەکانمان دابێت. ئیدارەی سەرۆک ترەمپ کارێکی کرد ئێران وەڵامدەرەوەی کردەوەکانی بێت و هەڕەشەکانی ئێرانی بە رژدى دەزانی. هەرجۆرە نەرمینواندنێکی ئێمە لە بەرانبەر ئێراندا، بەرژەوەندییەکانمان دەخاتە مەترسییەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین