لە سەرۆکایەتیى هەرێم بڕیاردرا تۆڕی پشتگیریی ژنانی کوردستان چالاک بکرێتەوە هەواڵ

نوچەنێت:

لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، ژماره‌یه‌ك لە نوێنەرانى كونسولگەری و پەرلەمانی و کۆمەڵگەی مەدەنی و و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پرسی جێندەر و پەروەردە تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (15/تشرینى دووەم/2022) سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکە، د. نەزەند بەگیخانی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمى كوردستان بۆ کاروباری جێندەر بە هاوکاریی سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕیی گشتی سۆزان سەعدی ئیبراهیم و بەهرە محەممەد، راوێژکاری کاروباری جێندەر لە ئۆفیسی جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان مستەفا سەید قادر، کە بە ئامانجی گۆڕینەوەی بیروڕا و ئەزموون دەربارەی جێندەر و پەروەردە ڕێکخرابوو.

سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەکە، "ئامانجێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە ڕەخساندنی سەکۆیەکی دۆستانە بوو، بۆ گفتوگۆ و کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان."

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیى یەکدەنگى هەمووان کرایەوە بۆ وەستانەوە بەرامبەر "ئەو توندوتیژی و جیاکارییانەی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێن."

لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "دوای ڕاڤەکاریی و گفتوگۆی قووڵ، هەمووان کۆک بوون کە هۆکاری توندوتیژی و جیاکارییەکان ئاڵۆز و فرەڕەهەندن لە کۆمەڵگەیەک کە چەندەها جەنگی بینیوه‌ و لەژێر هەڕەشەی تیرۆر و هێرشی مووشەک و تۆپباراندایه‌، هه‌روه‌ها گرژی و ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان بەردەوامن. ژنانیش وەک هێزە بکەرەکانی دیکە لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن و وەک پێویست هەماهەنگ و لە گفتوگۆدا نین بۆ چارەسەری کێشەکان."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، "پەرەسەندنی بیرى توندڕەوی کە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی شێواندووە، خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا لەگەڵ ناکۆکیی سیاسی، وەک هۆکاری سەرەکیی توندوتیژییە هەنووکەییەکان ئاماژەیان پێدرا."

لە کۆبوونەوەکە جگە لەوەى جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاری و قبووڵکردنی یەکتری سەرەڕای جیاوازییەکان کرایەوە، "بڕیار درا تۆڕی پشتگیریی ژنانی کوردستان چالاک بکرێتەوە كه‌ سیفه‌تێکی فەرمی نییە و کەسیش سەرۆکایەتی ناکات، بەڵکو بە ڕۆتەیت و بەپێی پێویست، به‌ شێوه‌یه‌كى وەرزی جارێک کۆدەبنەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون بیروڕای پێویست."

هەروەها بڕیایشدرا،  "لە کۆبوونەوەی داهاتوودا فۆکەس بخرێتە سەر توندڕەویی ئایینى و چۆنییەتی کارکردن لەپێناو ئاشتی و هاوکاریی زیاتردا بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و توندوتیژییە هەمەجۆرەکان."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین