ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌لبووسى ره‌تكرایه‌وه‌ و جێگرى یه‌كه‌میشى هه‌ڵبژێردرا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌ و موحسین مه‌نده‌لاوى كه‌ كاندیدى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بوو، وه‌ك جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان دیارى كرا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28/ ئه‌یلوول/2022 په‌رله‌مانى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان دانیشتنێكى ئه‌نجامدا، كارنامه‌ى دانیشتنه‌كه‌ له‌ دوو بڕگه‌ پێكهاتبوو یه‌كه‌میان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بوو، كه‌ به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه‌.

دواتریش پرۆسه‌ى خۆكاندیدكردن بۆ جێگرى سه‌رۆكى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد، كه‌ سێ كه‌س خۆیان كاندید كرد ئه‌وانیش باسم خه‌شان، یاسر حوسه‌ینى، موحسین مه‌نده‌لاوى بوون.

موحسین مه‌نده‌لاوى كه‌ له‌دایكبووى 1968 شارى دیاله‌، په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆیه‌ و كورده‌ و دانیشتنووى شارى به‌غدایه‌، له‌ لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید كراوه‌ و كورد و سوننه‌یش ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر داوه‌.

له‌ 12ى حوزه‌یرانى رابردوو حاكم زاملى كه‌ سه‌ر به‌ ره‌وتى سه‌در بوو، جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان بوو، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانى ترى ره‌وته‌كه‌ له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌در ده‌ستیان له‌كاركێشایه‌وه‌ و تا ئه‌مڕۆ پۆسته‌ى جێگرى سه‌رۆكى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ به‌تاڵى مابووه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین