سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان: ئه‌ركی پەرلەمانى عێراقە‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان ده‌ربكات کوردستانی

نوچەنێت:

د. ڕێواز فایق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، لە یادى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا دەڵێت، "له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، كار به‌بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان و ماده‌ی (132) له‌ده‌ستووری عێڕاق بكات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌."

دەقى پەیامى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ورامان و شاره‌زوور..


جه‌ماوه‌ری كوردستان..

ئه‌مڕۆ 2021/3/16، سی و سێ ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر كیمیابارانكردن و كۆمه‌ڵكوژیی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی زامدار.


3/16، له‌یادگه‌و ڕۆژژمێری گه‌له‌كه‌ماندا برینێكه‌ هه‌رگیز ساڕێژ نابێت و له‌ویژدانی هه‌موو كوردێكدا ئازارێكی قووڵ و بێكۆتایه‌، كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و شاره‌زوورو دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ریان، لاپه‌ڕه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ له‌مێژووی حوكمڕانێتیی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو، ئه‌م تاوانه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ش به‌ته‌نها به‌رامبه‌ر ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان نه‌كراوه‌، به‌ڵكو تاوانێكه‌ به‌رامبه‌ر ‌مرۆڤایه‌تی، هاوشێوه‌ی هیرۆشیماو ناكازاكی و هۆلۆكۆستە، بۆیه‌ له‌م یاده‌ خه‌مناكه‌دا جارێكی تر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕیسواو مه‌حكوم و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، هاوكات داواكارین له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان، ئه‌م تاوانه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ به‌جینۆساید بناسێنن، بۆئه‌وه‌ی له‌هیچ كونجێكی جیهاندا جارێكی تر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌و گەلی کوردستانیش لەهەر هەڕەشەیەکی لەوجۆرە بپارێزن.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، كار به‌بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان و ماده‌ی 132 له‌ده‌ستووری عێڕاق بكات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌ركی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیشه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌جینۆسایدناساندنی گه‌لی كوردستان ده‌ربكات و تێیدا مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانییان بچه‌سپێنرێت، له‌پێناو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌ مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانیان و ئه‌و زه‌بره‌ ده‌روونییه‌ی كه‌به‌ریان كه‌وتووه‌.
لێره‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئاوڕێكی جدی له‌ كه‌سوكاری قوربانیان بدرێته‌وه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری كه‌سوكاری قوربانیان و چاره‌سه‌ركردنی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاوی و گه‌ڕان به‌دوای ونبووه‌كانی ئه‌م تراژیدیا مرۆییه‌ كه‌موێنه‌یه‌و دابینكردنی بودجه‌و شایسته‌ی دارایی پێویست بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان.

وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین كه‌پاڵپشتیی ته‌واوی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی ده‌وروبه‌ری بین و په‌رله‌مانتاران به‌گشتی و په‌رله‌مانتارانی سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانیش ڕاده‌سپێرین كه‌ به‌رده‌وامبن له‌چاودێریكردنی ڕه‌وشی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌و فێركردن و ڕۆشنبیری، خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، هاوكات به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ كێشه‌و گرفته‌كانیان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا به‌ده‌نگ ویست و داخوازی و جێبه‌جێكردنی داواكانیانه‌وه‌ بچن.

نه‌مری بۆ شه‌هیدانی مه‌رگه‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردو كوردستان.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان 

16/3/2021

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین