سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: داعش له‌ عێراق هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ‏ڕاسته‌قینه‌یه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى (‏SPD‏)ى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا ڕایدەگەیێنێت، "داعش له‌ عێراق و سووریا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ‏ڕاسته‌قینه‌یه‌ و بۆ له‌نابردنى تیرۆر، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستییان به‌ هاریكاریى ‏و پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌."

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/ئەیلوول/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى (‏SPD‏)ى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا به‌ ‏سه‌رۆكاتیى نیڵس شمید كرد.‏

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هێزه‌ ‏ئه‌ڵمانییه‌كان لە چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعشدا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏دۆخى سیاسیى عێراق، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئابوورى و چالاكییه‌كانى كه‌رتى ‏تایبه‌ت، پرسه‌كانى دیموكراسى، مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ ‏كران.‏"

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، جەختى لەوەکردەوە، "كه‌ داعش له‌ عێراق و سووریا هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ‏ڕاسته‌قینه‌یه‌ و بۆ له‌نابردنى تیرۆر، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستییان به‌ هاریكاریى ‏و پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، بۆیه‌ هیواى خواست په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا له‌ ئۆكتۆبه‌رى داهاتوودا ‏بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.‏"

هەروەها سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاریكاریى مرۆیى و سه‌ربازیى ئه‌ڵمانیا بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ "عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ‏بره‌ودان به‌ دامه‌زراوه‌كان و دیموكراسى و به‌ره‌وپێشبردنى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ و ئازادییه‌كان، ‏پێویستیان به‌ یارمه‌تیى ئه‌ورووپییه‌كان هه‌یه و ده‌توانن له‌مباره‌وه‌ هاوكار بن.‏"

ئەوەش لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاندێكى په‌رله‌مانتارانى پارتى (‏SPD‏)ى وێڕاى ده‌ربڕینى پێزانینى وڵاته‌كه‌یان بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌ ‏تێكشكاندنى داعش، شاندى میوان "سه‌رسامیى خۆیان به‌ پێشكه‌وتنه‌كان و ئاوه‌دانیى هه‌رێمى ‏كوردستان نیشان دا و خۆشحاڵیى خۆیان ده‌ربڕى كه‌ دواى تێكشكاندنى تیرۆر، پرۆسه‌ى ‏ئاوه‌دانى و وه‌به‌رهێنان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ دۆستایه‌تى و هاوبه‌شیى ‏ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئارامى و سه‌قامگیریى عێراقیان بۆ ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى به‌ گرنگ زانى.‏"

هه‌ماهه‌نگیى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین