ئه‌مریكا بۆ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى مامه‌ڵه‌ به‌ عێراقه‌وه‌ ده‌كات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

چاودێرانى سیاسى مه‌ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، ئه‌مریكا ئه‌زموونى 2003 دووباره‌ بكاته‌وه‌ و عێراق بكاته‌ دیاريى ئێران، ئه‌و چاودێرانه‌ به‌ دوورى نازانن ئه‌مریكا سزاش به‌ عێراق بكات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى بگات.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/ ئاب/2022 له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ بێده‌نگبوونى ئه‌مریكا له‌ به‌رانبه‌ر ته‌نگژه‌ى سیاسى عێراق ده‌كات و بێده‌نگییه‌كه‌ى به‌ گوماناوى وه‌سف ده‌كات. له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "ئیداره‌ى بایدن به‌ بێده‌نگییه‌كى گوماناوى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌نگژه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق ده‌كات، فه‌رامۆشكردنى و مامه‌ڵه‌كردنى به‌ ئاڵۆزى مایه‌ى پرسیاركردنن. واشنتن كه‌ عێراق به‌ هاوپه‌یمانێكى ستراتیژى ده‌زانێت، به‌ بێلایه‌نى له‌ به‌رانبه‌ر ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كه‌ى عێراق وه‌ستاوه‌ و ئه‌و وڵاته‌ى بۆ هاوكیشه‌ ناخۆیى و هه‌رێمایه‌تیه‌كه‌ جێهێشتووه‌".

ئه‌مریكا هه‌ڵه‌ى 2003 له‌ عێراق دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ وێراى ترسناكى بارودۆخه‌كه‌، كه‌چى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ى رابردوودا ته‌نیا دوو به‌یاننامه‌ى ده‌ركردووه‌، یه‌كێكیان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ى دهۆك بوو له‌ 20/ته‌مووزى رابردوو. ئه‌ویتریان له‌ شه‌شى حوزه‌یرانى رابردوو بوو كه‌ تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مریكا پاڵپشتى عێراقێكى سه‌قامگیر و یه‌كگرتوو ده‌كات.

ئه‌مریكا داوا ده‌كات، حكومه‌تێكى سه‌روه‌ریى له‌ عێراق پێكبهێنرێت، كه‌ پێداویستى عێراق و گه‌له‌كه‌ى دابین بكات. كه‌چى راپۆرته‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ى ئه‌مریكا ده‌ڵێ، " ئه‌مریكا درك به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م داوایه‌ى شیاوى جێبه‌جێكردن نییه‌، له‌ ژێرى سایه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌ى له‌ عێراق هه‌یه‌".

دواى ئه‌مه‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ چاوپۆشینى ئه‌مریكا له‌ بارودۆخى عێراق، په‌یوه‌ندى به‌ دانوستاندنه‌كانى ڤییه‌ناوه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ واشنتن ئاماده‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنێكى فراوانتر كه‌ ئیداره‌ى بایدن هه‌وڵى بۆ ده‌دات، مامەڵە له‌گه‌ڵ پێدراوه‌كانى عێراق بكات، مه‌به‌ستیش له‌مه‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێرانه‌، كه‌ به‌ بۆچوونى ژماره‌یه‌ك له‌ چاودێران به‌ لاى ئیداره‌ى بایدنه‌وه‌ هیچ دۆسیه‌یه‌كى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ دۆسیه‌ى دانوستاندنى ڤییه‌نا گرنگتر نییه‌، هه‌موو دۆسیه‌كانى تر به‌و كاریگه‌ر ده‌بن، به‌ڵام هیچیان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌و نییه‌".

ته‌نانه‌ت راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ سازش به‌و دۆسیه‌كانى تر بكات، له‌به‌رانبه‌ر رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران. بارودۆخى عێراق له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پانتاییانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ تێیدا ره‌چاوى ئێران بكات، یان به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌م گۆڕه‌پانه‌ نه‌كه‌وێته‌ پێكدادانه‌وه‌. ئه‌مه‌یش به‌ بۆچوونى راپۆرتى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌و  وته‌یه‌مان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "له‌ 2003 ئه‌مریكا عێراقى كرده‌ دیارى ئێران".

ئێستایش خه‌ریكه‌ هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ى ببێته‌وه‌، وه‌ك باجێك بۆ تێپه‌ڕاندنى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى. له‌ كاتێكدا چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ ده‌بێت ئه‌مریكا عێراق به‌هێز بكات و بیكات به‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ریى بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئێران له‌م وڵاته‌ نه‌مێنێ، كه‌چى ئیداره‌ى بایدن پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر ئێران  به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى پابه‌ند بكرێت، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى سنووردار ده‌بێت.

له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى 2021 هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، كه‌چى تا ئێستا سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌ و حكومه‌تى نوێ پێكنه‌هاتووه‌، ئه‌مه‌یش عێراقى تووشى قه‌یرانێكى قووڵ كردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین