سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنەکان سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، "دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (دە/ئاب/2022) به‌ سه‌رپه‌رشتیى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسى خاتوو پلاسخارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى بانگهێشتى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و هیواى خواست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتنێك بۆ دیاریكردنى كاتى هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كان و جه‌ختى له‌ گرنگیى هه‌ڵبژاردن بۆ  هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و گوتی: دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت."

لە کۆبوونەوەکەدا، جینین بلاسخارت جەختى لە "گه‌یشتنى لایه‌نه‌كان به‌ لێكگه‌یشتنێك له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنى كاتى ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ و هه‌موو پشتگیرییه‌كى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ زووترین كات بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، چونكه‌ زۆر كات له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌."

هاوكات لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پاش ئه‌وه‌ى مسته‌فا سه‌ید قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕاپۆرتى لیژنه‌ى ڕاسپێردراوى سه‌رۆكایه‌تى بۆ پرسى هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش كرد، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ڕا و بۆچوونیان له‌مباره‌یه‌وه‌ خسته‌ ڕوو و سوپاسى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیان كرد بۆ هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامى كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكانیان به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا."

لە کۆبوونەوەکدا، "بڕیار درا سه‌ره‌تاى ئه‌یلوولى داهاتوو دوایین كۆبوونه‌وه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ته‌واوى بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، تا ئه‌وساش سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌ هاوکاریی تیمی پسپۆڕی یوونامی له گفتوگۆ و ئاماده‌كارى به‌رده‌وام ده‌بن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین