ئه‌مریكا بایه‌خ به‌ ته‌نگژه‌ى ئه‌مڕۆى عێراق نادات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مریكا بایه‌خێكى ئه‌وتۆى بۆ ته‌نگژه‌كه‌ى ئێستاى عێراق نییه‌، هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ په‌یوه‌ندى عێراق و ئه‌مریكا پاشەكشه‌ى كردووه‌، یانیش ئه‌مریكا به‌ بابه‌تى تره‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ و پێشیوایه‌ بارودۆخه‌كه‌ هێشتا هێنده‌ تراژیدى نییه‌، تا بێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سێى/ ئاب /2022 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ده‌یه‌وێ تێڕوانینى ئه‌مریكا بۆ ته‌نگژه‌ى ئێستاى عێراق بخاته‌ڕوو، كه‌ له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ مه‌ترسى ئه‌منى و پێكدادانى لایه‌نه‌ شیعه‌كان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌یش پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردووه‌وه‌ ئه‌مریكا په‌رۆشى بۆ عێراق نه‌ماوه‌
 

ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ بۆ زانینى تێڕوانینى ئه‌مریكا، گفتوگۆى له‌گه‌ڵ چه‌ند توێژه‌رێك كردووه‌، له‌وانه‌ بیلال وه‌هاب له‌ په‌یمانگه‌ى واشنتن، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ناوه‌ڕاستى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپەوە په‌یوه‌ندى ئه‌مریكا و عێراق پاشكشه‌ى كردووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت "كه‌ رۆژێك دێ كۆتایى بێت".

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، دواى 2003 ئه‌مریكا بایه‌خێكى زۆرى به‌ عێراق داوه‌، به‌ڵام ئێستا تێبینى ئه‌و بایه‌خه‌ ناكرێت، بیلال وه‌هاب ده‌ڵێ، "واشنتن ئێستا به‌ دواى په‌یوه‌ندییه‌كى ئاسایى و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌گه‌ڕێت، نه‌وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ كارلێكردنى تێدا بێت، كه‌ له‌ رابردوو هه‌بوو، ئه‌مه‌یش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان كه‌ عێراقى كرد بووه‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕى به‌ وه‌كاله‌تى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێران".

بیلال وه‌هاب نموونه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو، ده‌ڵێ، "واشنتن وه‌ك پێویست كاردانه‌وه‌ى بۆ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ى زامنى ئه‌وه‌ بكات یه‌كێك له‌ دۆسته‌كانى یان به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ یه‌كێك له‌ هاوكاره‌كانى ببێ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌م لاوازییه‌یش له‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانى واشتنن له‌گه‌ڵ به‌غدا دابه‌زیوه‌". 

ئه‌و توێژه‌ره‌ پێیوایه‌ ئه‌مریكا به‌دواى په‌یوه‌ندییه‌كى جێگیر له‌گه‌ڵ عێراق ده‌گه‌ڕێ، كێشه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌  "جێگیربوونى په‌یوه‌ندى" له‌ ئامرازه‌وه‌ بووه‌ته‌ خودى ئامانج، كه‌ ده‌بووایه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ بێت به‌و په‌یوه‌ندییه‌ هاوكارى عێراقییه‌كان بكرێت تا كێشه‌كانیان تێپه‌ڕێنن.

به‌ بڕواى بیلال وه‌هاب كێشه‌ى سه‌ره‌كى له‌وه‌ دایه‌، ئه‌مریكا ئێستا په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در نییه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌یش تێگه‌یشتنى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى نییه‌.

دۆگ باندو له‌ په‌یمانگه‌ى كاتو كه‌ ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ له‌ ئه‌مریكایه‌، له‌ لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى حوڕه‌ ده‌ڵێ، "هێشتا دۆخى عێراق به‌ لای ئه‌مریكاوه‌ هێنده‌ تراژیدى نییه‌ تا بێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌". ئه‌و توێژه‌ره‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، جیا له‌مه‌یش ئه‌مریكا به‌ بابه‌تى تره‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ وه‌ك شه‌ڕى ئۆكرانیا، ململانێ له‌گه‌ڵ چین، كێشه‌ى ئابوورى خودى ئه‌مریكا. بۆیه‌ به‌ بڕواى  ئه‌و بایه‌خى ئه‌مریكا ته‌نیا بۆ عێراق نا، به‌ڵكو بۆ دۆسیه‌كانى ترى وه‌ك سووریا و لبنانیش كه‌مى كردووه‌.

دۆگ باندو دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئێستا بایه‌خى ئیداره‌ى جۆ بایدن، بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ته‌نیا بۆ دۆسیه‌ى نه‌وت و په‌یوه‌ندى وڵاتانى كه‌نداوه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. كه‌چى عێراق له‌ریزى ئه‌و بایه‌خه‌ نییه‌. 

ریچارد وایتس توێژه‌رى سیاسى و سه‌ربازى له‌ په‌یمانگه‌ى هیدسۆن، پێیوایه‌ ئه‌مریكا بە بابه‌تى تره‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ و ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ دوژمناییه‌تیه‌ك له‌نێوان واشنتن و به‌غدا هه‌بێت، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ دۆسیه‌ى ئێران و رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى به‌ لای ئه‌مریكاوه‌ له‌ هه‌ر شتێكى ترى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست گرنگتره‌. 

ئه‌مریكا پێیوایه‌ هێشتا بارودۆخى عێراق
هێنده‌ تراژیدى نییه‌ تا بێته‌ ده‌نگ

جیا له‌مه‌یش وایتس ده‌ڵێ، "ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ى له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێ له‌ ئاژاوه‌ نزیك ده‌بێتەوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا ناكات". ئه‌و توێژه‌ره‌ له‌كۆتایى قسه‌كانى پێیوایه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكى گرنگه‌ بۆ عێراقییه‌كان، چونكه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ لاوازبوونى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌مریكا، كاریگه‌رییه‌كانى ئێرانیش به‌سه‌ر عێراقه‌وه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات عێراقێییه‌كان سه‌رۆك وه‌زیرانێك هه‌ڵبژاردن دوور بێت له‌ كاریگه‌رى واشنتن و تاران.

له‌ 27/ ته‌مووز لایه‌نگرانى سه‌در وه‌ك ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى له‌به‌رانبه‌ر كاندیدى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، كه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى بوو، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مانى عێراق، بۆ چه‌ند كاتژمێرێك مانه‌وه‌. رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو 30/ته‌مووز بۆ جارى دووه‌م چوونه‌ په‌رله‌مان مانگرتنیان راگه‌یاند. دوو رۆژ دواتر چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى لایه‌نگرانى خۆى له‌ دژى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ رژانده‌ سه‌ر شه‌قام. له‌و هه‌موو رووداوانه‌ ئه‌مریكا هه‌ڵوێستێكى ئه‌وتۆى نه‌بوو، ته‌نیا چه‌ند راگه‌یێندراوێك له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ به‌غدا بڵاوكرایه‌وه‌ و داوا له‌ عێراقییه‌كان كرد به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین