سیاسه‌تمه‌دارێكى ئه‌مریكى: كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پاڵپشتى شنگالى نه‌كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

گۆڤارى نیوزویكى ئه‌مریكى راپۆرتێكى له‌سه‌ر شنگال بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌، دواى چه‌ندان ساڵ له‌ رزگاركردنى شنگال هه‌روه‌ك خۆیه‌تى و هیچى بۆ نه‌كراوه‌. فرانك وۆڵف ئه‌ندامى پێشووى كۆنگرێسى ئه‌مریكایش بۆ گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێ، "ده‌بێت دان به‌وه‌ بنرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ شنگال كه‌مته‌رخه‌م بووه‌"

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/ ته‌مووز/2022 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى، راپۆرتێكى گۆڤارى نیوزویكى ئه‌مریكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات بارودۆخى شنگال وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تازه‌ له‌ ده‌ستى تیرۆریستانى داعش رزگاركرا بوو. له‌ راپۆرته‌كه‌ فرانك وۆڵف ئه‌ندامى پێشووى كۆنگرێسى ئه‌مریكا قسه‌ى كردووه‌، ئه‌و وه‌ك شاهێدحاڵێك باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ 2017 كه‌ شنگال رزگاركرا سه‌ردانى ئه‌و شاره‌ى كردووه‌، دواتریش له‌ 2019 سه‌ردانى هه‌مان شارى كردووه‌ و بۆى ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ شاره‌كه‌ هه‌روه‌ك خۆیه‌تى.

وۆڵف ده‌ڵێ، "ده‌بێت دان به‌وه‌ بنرێت كه‌ جووڵه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كه‌مته‌رخه‌م بووه‌، ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنى شنگال بكرێت و كار بكرێته‌وه‌ ناوچه‌ى شنگال له‌ هه‌موو لایه‌ك چاك بكاته‌وه‌". ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ى ئه‌مریكا باس له‌وه‌یش ده‌كات، كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كاره‌ساتى ئێزیدییه‌كانى وه‌ك جینۆساید ناساندووه‌، ئه‌وا ده‌بێت حكومه‌ته‌كانیش پاڵپشتى ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌ن.

له‌ساڵى 2014 شنگال له‌لایه‌ن تیرۆریستانى داعش داگیركرا، به‌ هه‌زاران ژن و منداڵى ئێزیدى له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ رفێندران، له‌ ساڵى 2017 شنگال رزگاركرا، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى ئاواره‌یه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین