عەلى عەونى: ئەو ناوچەیەى تورکیا بۆردوومانى کردووە پەکەکەى لێ نییە
چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:
عەلى عەونى، بەرپرسى لقى (8)ـى زاخۆ و ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت، بە گرنگییەوە تیشک دەخاتەسەر هەوڵەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ دروستکردنى یەکڕێزى لە نێو ماڵى کورد و دەڵێت، "له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانه سوود له‌و ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن، لەو سیاسەتەى كه بۆ ئاشته‌وایی ناوماڵی كورد و یه‌كگرتنی کورد كاك نێچیرڤان بارزانیی په‌یڕه‌وی ده‌كات."
باس لە کاریگەریى شەڕى سوپاى تورکیا و پەکەکە لەسەر هەرێمى کوردستان گووتیشى، "نزیکەی (400) گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی تورک و پەکەکە وێران و چۆڵن، لە کۆی گشتی ئه‌و گوندانه (140)ی هیچ هێزێکی پەکەکەی لێ نییە، تورکه‌كانیش لێناگەڕێن خەڵک بچنەوه گوندی خۆیان، واتە بە هەردوولا هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان ئاوەدان نەبێت، هەردوولایان هاوڕان."
دەقى دیمانەى عەلى عەونى، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ نوچەنێت:
نوچەنێت: لە (20/ تەمموز) لە گوندی پەرەخ بۆردوومان کرا، ئه‌مه‌یش بوو به هۆكاری گیان له‌ده‌ستدان و برینداربوونی چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سڤیل، به بۆچوونی ئێوه هۆكاری ئه‌و بۆردومانه چیه؟
علی عەونی: وەک ئاگادارن لە رۆژانی رابردوو، لە سەیرانگەیەکی ناوچەی زاخۆ گوندی پەرەخ، تورکەکان گهشتیارانییان بۆردوومان کرد، كه (9) هاووڵاتی شه‌هید و (32)ی دیكه‌ش برینداربوون، بێگومان ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه و پێشتریش به بیانووی هه‌بوونی په‌كه‌كه‌وه توركه‌كان گونده‌كانی ئێمه‌یان بۆردومان كردووه، هاووڵاتی سڤیلیان شه‌هید كردووه، ڕه‌ز و باخ و بێستانی خه‌ڵكی ئێمه‌یان سوتاندووه و خانووه‌كانیان خاپوور كردوون و ئاژه‌ڵه‌كانییان كوشتوون، سه‌ره‌ڕای گله‌یی ئێمه و داواكارییه‌كانمان بۆ كۆتایهێنان به‌و ڕه‌وشه، كه‌چی حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر ئێمه و شه‌هیدكردنی هاووڵاتییانی كورد، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بووه، به‌ڵام چونكه ئه‌مجاره قوربانییه‌كان هه‌موویان عه‌ره‌بن، بابه‌ته‌كه‌یان گه‌وره كرد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه كارێكی دڕندایه و هه‌موومان ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین، به‌ڵام لێره‌دا من باسی دووفاقی و ئیزدیواجییه‌تی حكومه‌تی عێراق و حیزبه سیاسییه‌كانی عێراق و ڕاگه‌یاندنه بێ ئاستەکانى عێراق ده‌كه‌م، ده‌بوایه ئه‌وكاتەی دوو مه‌ڕی كورد ده‌كوژران و دوو بنه‌دار سێ‌و ده‌سووتێنران، ناڕه‌زاییان دهربڕیبایە، هەتا نەگەیشتبایە شه‌هیدكردنی ئه‌و خه‌ڵكه سڤیله‌ی كه بۆ گەشتوگوزار هاتوون.
به داخه‌وه په‌كه‌كه‌ش بیانوویه‌كی حازربه‌ده‌سته و ئه‌و بیانوویەیان هه‌میشه هه‌بووه، به‌ڵام له‌و سنووره‌ی كه توركیا لێیداوه، هیچ په‌كه‌كه‌ی لێنه‌بووه، بۆیه سه‌رمان له‌و دڕه‌نده‌ییه سوڕماوه، كه ده‌رهه‌ق به‌و خه‌ڵكه سڤیله كراوه، به‌ڵام په‌كه‌كه بۆتە هۆكاری ئه‌وه‌ی، كه نزیكه‌ی (400) گوندی سنووری پارێزگای دهۆك ئاوه‌دان نه‌بن، هه‌موو ڕۆژێك شه‌ڕ و ئاژاوه له‌و گوندانه هه‌بێت، خه‌ڵك بێبه‌ش بێت له ژیان و جوتیاریی و كشتوكاڵ و ئازادی، توركیاش ئەو گوندانەى لەژێر دەستى پەکەکە دەریهێناون و ئەو ماوەیە نزیكه‌ی (140) گوندی دیکەى داگیركردووه و كردوونیانە به خاڵی سه‌ربازیی.
کاک نێچیرڤان بارزانى پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى وەکو چەترێک بۆ ڕێكخستنی ناوماڵی كورد بەکارهێناوە
نوچەنێت: به دیاریكراویی تا ئێستا چەند گوند چۆڵکراون، وە ئەو شوێنانەى چۆڵکراون، جموجۆڵى پەکەکەى تێدا هەیە؟
عەلی عەونی: ئەو شوێنانەی کە تورک لە پەکەکەی ستاندوون، هەر بە شەڕ وەرنەگیراون، به‌ڵكو بەشێوەی ڕادەستکردن و دەوروتەسلیم دراون بە توركیا، ئێمە له نێوان په‌كه‌كه و توركیا، هه‌ستمان به هیچ شه‌ڕێك نه‌كردووه، چونكه له شه‌ڕدا كوشتن و بریندار هه‌یه، به‌ڵام ئێمه هه‌ستمان به‌وه نه‌كردووه، نه سه‌ربازیی تورك و نه په‌كه‌كه كوژرابن.
وەک بۆم باس کردی بە شێوەیەکی گشتی، نزیکەی (400) گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی تورک و پەکەکە وێران، چۆڵن و خەڵکەکە ئاوارە و دەربەدەرن، لێنەگەڕاون خەڵک بچێتە سەر موڵک و ماڵی خۆی، لە کۆی گشتی ئه‌و گوندانه (140)ی هیچ هێزێکی پەکەکەی لێ نییە، تورکیاش لێناگەڕێت خەڵک بچنەوه گوندەکانی خۆیان، واتە بە هەردوولا هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان ئاوەدان نەبێت، ئه‌مه‌یش زیانێكی گه‌وره‌ی له کەرتى گه‌شتیاریی ناوچه‌ی بادینان به گشتی و زاخۆ به تایبه‌تی دا، چونكه باژێڕی زاخۆ كه خه‌ریكبوو نه‌فه‌سێكی به‌به‌ردا ده‌هات و دهبوژایه، به‌ڵام ئه‌وان بوونە به هۆكاری ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی دیكه، به هۆكاری ئه‌منی و له ترسان ڕوو نه‌كه‌نه ئێره، ئه‌وه‌ی تورك ده‌یكات به مه‌به‌سته.
نوچەنێت: بەپێی زانیارییەکانی ئێوە دواین لێکۆڵینەوە لەو روداوە چ لەلایەن حکومەتی عێراق و چ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە چی گەیشت؟
عەلی عەونی: دوای ئەوەی کە کارەساتەکە قەوما، شاندێکی پایەبەرز بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی عێراق، بەڕێز فوئاد حوسێن و جێگری بەرپرسی عەمەلیاتی عێراق و فەرماندەی پاسەوانی سنوور لە عێراق، هەموو پێکەوە وەفدێکی گەورە بوو، شاندی سیاسیی و سه‌ربازیی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هاتن، هەر لەوێ به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی ده‌ستییان به لێكۆڵینه‌وه كردووه، ئه‌وه سه‌لێمندراوه كه ئه‌و تۆپانه هی توركن و ده‌ستی توركیایه و هی په‌كه‌كه نییه، ئێمه‌یش خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ین، ده‌زانین ئه‌و شوێنەى تورك بۆردوومانی كردووه په‌كه‌كه‌ی لێ نییه، ته‌نانه‌ت گریمان پهكهكهیشی لێ بێت، خۆ زۆرجار هەیە په‌كه‌كه، خه‌ڵكی سڤیل وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاردێنن و خۆیان ده‌خزێننه ناو ژن و منداڵ و خێزان.
له شه‌ڕدا وڵاتان له ژن و منداڵان ناده‌ن، بەڵام بەڕاستى ئه‌وه‌ی توركیا كردی، خاڵێكی ڕه‌شه به ناوچاوانییانهوه، ئێستا تورك درۆ ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێن ئێمه داوا ده‌كه‌ین لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه دروست بکرێ، (10) لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تریش بێت، باشتروایه تورك قه‌ره‌بووی ئه‌و خه‌ڵكه بكاته‌وه و سه‌ربازی خۆی بكشێنێته‌وه، با ئه‌وان و په‌كه‌كه بکشێنەوە، ئه‌م شه‌ڕه لێره دوور بخەنەوە، چونكه ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕی هه‌رێمی كوردستان و عێراق نییه، ئه‌م شەڕە نیشانه‌ی فه‌شه‌لی ده‌وڵه‌تی توركیایه، له چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد، له لایه‌كی تره‌وه فه‌شه‌لی په‌كه‌كه‌یه له‌وه‌ی نه‌یتوانیوه له باكوورى کوردستان یەک مەتر بچێته پێشه‌وه، هاتۆتە ئێره گێچه‌ڵ به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی خۆیان هێناوه‌ته‌وه ئێره، هه‌رێمی كوردستان مه‌یدانی تەسفیاتى حساباتی تورك و په‌كه‌كه نییه، ئه‌وان با بچنه‌وه باكوور و له‌وێ حساباتی خۆیان ته‌سفیه بكه‌ن.
حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر شه‌هیدكردنی هاووڵاتییانی كورد، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بووه
نوچەنێت: سەبارەت بە کێشەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، کە ماوه‌یه‌كە به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان له هه‌وڵدایه، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتیی، چۆن ئه‌م هەڵوێستانەى کاک نێچیرڤان، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
عەلی عەونی: بێگومان جه‌نابییان پۆستى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى وەکو چەترێک بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و ڕێكخستنی ناوماڵی كورد بەکارهێناوە و به‌كاری ده‌هێنن، ئێمه پێمانوایه ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌م هه‌نگاوه باش و جددییانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بقۆزنه‌وه، بۆ ڕێكخستنی ناوماڵی كوردی، ئێمه پێمانوایه ئه‌و قۆناغانه‌ی كه ناوماڵی كورد یه‌ك بووه و ڕێكبووه، توانیومانه دەستکەوت بەدەست بێنین، توانیومانە ڕەئى خۆمان لەسەر حکوومەت و پەرلەمانى عێراق بچەسپێنین و بەرەوپێشى ببیەن، ئه‌و ماوه‌یه‌ش كه حكومه‌تی عێراقی بڕیار لە دواى بڕیارى سیاسیی له دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كات، نیشانه‌ی په‌رته‌وازه‌یی ئێمه‌یه، بۆیه له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانه سوود له‌و ده‌رفه‌ت وه‌ربگرن، ئەو سیاسەتەى كه ئاشته‌وایی ناوماڵی كورد و یه‌كگرتنی كورد كاك نێچیرڤان بارزانیی په‌یڕه‌وی ده‌كات بە کارى بهێنن.
نزیکەى (140) گوند هیچ هێزێکی پەکەکەی لێ نییە، تورکه‌كانیش لێناگەڕێن خەڵک بچنەوه گوندی خۆیان، واتە بە هەردوولا هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان ئاوەدان نەبێت.
نوچەنێت: ئه‌ی له ناو پارتی ئه‌م ڕۆڵه‌ی كاك نیچیرڤان بارزانى چ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی هه‌یه، پارتی چۆن ده‌ڕوانێته هه‌نگاوه‌كانی؟
عەلی عەونی: ئەگەر ڕاستیتان دەوێت، جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەندامی مه‌کتەبی سیاسی ئێمەیە و سەرۆکی هەرێمی كوردستانیشە، ئێمە متمانەی تەوامان هەیە و هەموو ئەندام و کادیرانی پارتی پشتیوانی هەنگاوەکانی جەنابیان دەکەن، وە بەتایبەت کاتێک كه باسی یەکخستن و ڕێکخستنی ناوماڵی کوردی دەکات، سەرەڕای ئەوەی کە راگەیاندنی هەموو حیزب و لایەنەکان و کادیرانیان هەر بەردەوامن لە پەلاماردانی پارتی و لە بێڕێزیکردن به پارتی، لە خولقاندنی کەشێکی ناشیرین و ناخۆش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمه به ته‌وجیهاتی کاک نێچیرڤان بارزانى ئێمە ڕاگه‌یاندنی خۆمان بێده‌نگ كردووه، بۆ ئەوەى نەبینە هۆکارى کێشە و فیتنە لە هەرێمى کوردستان.
ئێستاش پێمانوایه ئه‌و هه‌نگاوانه و پرۆژە سیاسییەکانى جه‌نابی كاك نێچیرڤان بارزانی، وا ده‌كه‌ن هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئاوه‌دانی و گه‌شه‌سه‌ندن بچێت، وە پرۆسەى سیاسی له‌و بنبه‌ستییه بێنێته‌ده‌ره‌وه و كرانه‌وه‌یه‌ك له هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان بكرێت، ئەگەر سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حیزبانه‌ش وه‌كو ئێمه، تهوجیهاد به ڕێكخستنه‌كانی خۆیان بده‌ن، كه خۆیان له زمانی توندوتیژی و بێڕێزی به حیزبه‌كانی تر به دوور بگرن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment