به‌ چوار مووشه‌ك هێرشكرایه‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ى توركیا له‌ مووسڵ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ به‌ چوار مووشه‌ك هێرشكرایه‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ى توركیا له‌ مووسڵ، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا داوا له‌ عێراق ده‌كات سه‌لامه‌تى شانده‌ دیپلۆماسییه‌كانى بپارێزێت.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27/ ته‌مووز/2022 به‌ چوار مووشه‌ك هێرشكرایه‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌ى توركیا له‌ مووسڵ. پێشتر چه‌ندان جار هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا له‌ عێراق، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر شانده‌ دیپلۆماسییه‌كانى توركیا له‌ عێراق.

كونسوڵخانه‌كه‌ راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شاندى كونسوڵخانه‌كه‌ سه‌لامه‌تن و هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌. به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسى مووسڵ به‌ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دیدى راگه‌یاندووه‌، هێرشه‌كه‌ به‌ چوار مووشه‌ك كراوه‌ته‌ سه‌ر كونسوڵخانه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى حه‌دبا زیانێكى زۆر به‌ ماڵه‌كانى ده‌وروبه‌رى كونسوڵخانه‌كه‌یش گه‌یشتووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ شوێنى هێرشه‌كه‌یش، سه‌رچاوه‌كه‌ى پۆلیس ده‌ڵێ، "له‌ ناوچه‌ى عویزه‌ ئاراسته‌ كراون، ئه‌و ناوچه‌یه‌یش حه‌شدى شه‌به‌كى لێیه‌". وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، "به‌ تووندترین گوزارشت سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین ئه‌نجامده‌رانى به‌ زووترین كات راده‌ستى دادگا بكرێن، هه‌روه‌ها داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتى عیچراق ده‌كه‌ین پابه‌ند بێت به‌ پاراستنى شانده‌ دیپلۆماسییه‌كان".

رۆژى چوارشه‌ممه‌ رابردوو 20/ته‌مووز/2022 بۆردومانى ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى له‌ زاخۆ كرا، نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 31 كه‌سیش بریندار بوون، كه‌ هه‌موویان گه‌شتیارى عه‌ره‌ب بوون، حكومه‌تى عێراق به‌ فه‌رمى توركیاى تۆمه‌تباركرد، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زاییه‌كى جه‌ماوه‌رى و سیاسى له‌ عێراق له‌به‌رانبه‌ر توركیا دروست كردووه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین