موسه‌نا ئه‌مین : چاوه‌رێى زۆر شت له‌ دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ناكه‌م کوردستانی

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

موسه‌نا ئه‌مین په‌رله‌مانتارى كورد له‌ عێراق، له‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌ى سبه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هێرشه‌كانى توركیا له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "چاوه‌ڕێى زۆر شت له‌ دانیشتنه‌كه‌ ناكه‌م، چونكه‌ توركیا پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى زۆره‌".

بڕیاره‌ سبه‌ى سێشه‌ممه‌ 26/ته‌مووز/2022 ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى دانیشتنێكى تایبه‌ت به‌ هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بكات، موسه‌نا ئه‌مین په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق و ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان، له‌ لێدوانێكى نوچه‌نێت دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م دانیشتنه‌ زۆر جێى ئومێد نییه‌ و ده‌ڵێ، "من چاوەڕێ زۆرى لێ ناکەم لەبەر ئەوەی تورکیا پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆرە، رەنگە ئەمریکا وەک جارانى تریش ئەمە کراوە ڤیتۆی بەکارهێناوە. لەبەر ئەوە چاوەڕێی زۆری لێ ناکەم بەڵام گرنگە عێراق هەموو هۆکارە دیبلۆماسییەکان بەکار بێنێت بۆ ئەوەی کە ئەم کارەساتانە کۆتاییان پێبێت".

عێراق هەموو گیانی دووفاقییە

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو توركیا تۆپبارانى ناوچه‌یه‌كى گه‌شتیارى له‌ زاخۆ كرد و له‌ ئه‌نجامدا نۆ كه‌س كوژران و 31 كه‌سیش برینداربوون كه‌ هه‌موویان گه‌شتیارى عه‌ره‌ب بوون له‌ عێراقه‌وه‌ هاتبوون. ئه‌وه‌ى تێبینى كرا دوو رۆژ به‌ فشارى په‌رله‌مانتارانى عێراق په‌رله‌مان دانیشتنێكى تایبه‌تى كرد، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ بكرێت به‌ڵام یه‌كه‌م جاره‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تى عێراق به‌و خێراییه‌ هه‌ڵوێستى هه‌بێت، تێبینى ئه‌وه‌یش كرا كه‌ په‌رله‌مانتارانى عه‌ره‌ب زۆر سوور بوون له‌سه‌ر وه‌رگرتنى هه‌ڵوێست.

موسه‌نا ئه‌مین له‌سه‌ر ئه‌م تێبینیانه‌ ده‌ڵێ، "ئەندامانی کوردیش وەکو هەموو پێکهاتەکانی تر، له‌ دانیشتن و نواندنى هه‌ڵوێست بەشدارییان کردووه‌، من پێموانییە کورد سارد بووبێت لەو بابەته‌، بەڵام دەتوانی بڵێی بۆچی لایەنە عەرەبەکان ئه‌و جاره‌ ئەوەندە گەرمتربوون؟ لەبەر ئەوەی قوربانییەكان لە رەگەزی عەرەب بوون، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، ئەمە وایکرد کە حکومەتی عێراق بە جدیتر ئەم بابەتە وەربگرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌رخستنى دووفاقى عێراقه‌ و له‌وه‌یش زیاتر ده‌ڵێ، "عێراق هەموو گیانی دووفاقییە هەر ئەمجارە نییە، بەڵام وەکو پێم گووتی رای گشتی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کاریگەری زیاتری هەیە تاوەکو هەرێمی کوردستان، ئه‌وان هەرێمی کوردستان زۆر بە رای گشتی خۆیان نازانن، ئەوه‌ هۆکارە بووە بۆ ئەوەی کە فراکسیۆنەکان بجوڵێن چونکە ئەو قوربانیانە دەنگدەری ئەوانن، فراکسیۆنەکانیش کە دەجوڵێن کاریگەری لەسەر حکومەت هەیە"

هەندێک لە پەرلەمانتاران باس لە دەرکردنی هێزەکانی تورکیا دەکەن، پێشتریش بۆ نموونە پەرلەمان بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای دا بوو، ئایا پەرلەمان ئەمجارە دەتوانێ بڕیارێک بدات بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا و حکومەتی عێراقیش پابەند بکات؟ موسه‌نا ئه‌مین له‌ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ڵێ، "ئەو بابەتە رەنگە سبەینێ ببێتە بڕیاری پەرلەمان، بەڵام ئەو بابەتە بڕیاری پەرلەمانی ناوێت، سەروەریی عێراق ئەگەر عێراق وڵات بێت و سەروەریی هەبێت، ئەوە ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ جێبەجێکردنی بڕیارێکی پەرلەمان نییە، ئەو بابەتەکە جێبەجێکردنی یەکێکە لە بنەماکانی دەوڵەت ئەسڵەن پێناسەی دەوڵەت لەسەر سەروەریی دروست دەبێت، بەڵام ئایا حکومەتی عێراقی توانای جێبەجێکردنی هەیە و چ رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەو بابەتە ئەوەیان مەسەله‌یه‌کى ترە"

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین