چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى: سبه‌ى كاندیدى خۆمان دیارى ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕێى كورد ناكه‌ین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بۆ ماڵپه‌ڕى سۆمه‌ریه‌نیوزى ئاشكرا كردووه‌، سبه‌ى دووشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت له‌ دوو ناو یه‌كێكیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندید ده‌كرێن، به‌ره‌كه‌یش بڕیارى داوه‌ چیتر چاوه‌ڕوانى كورد نه‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24/ ته‌مووز/ 2022 سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ ماڵپه‌ڕى سۆمه‌ریه‌نیوزى راگه‌یاندووه‌، سبه‌ى دووشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تێیدا یه‌كێك له‌ دوو ناو سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندید ده‌كرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، یه‌كێكیان قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ئه‌ویتریش محه‌مه‌د شیاع سوودانییه‌ كه‌ په‌رله‌مانتاره‌ و چه‌ندان جار پۆستى وه‌زیریى هه‌بووه‌.

له‌ هه‌مان هه‌واڵ ئاماژه‌ بۆ لێدوانێكى ئه‌حمه‌د مووسه‌وى په‌رله‌مانتارى سادقون كراوه‌، كه‌ ئه‌وه‌شیان لایه‌نێكى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌ كه‌ گوتویه‌تى، "چیتر چاوه‌ڕێى كورد و هه‌فته‌ى داهاتوو دانیشتنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

به‌گوێره‌ى ته‌وافوقى سیاسى دواى 2003 پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بۆ كورده‌ و پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تیش بۆ پێكهاته‌ى شیعه‌یه‌، تا ئێستا ئه‌م دوو پۆسته‌ له‌لایه‌ن ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌وه‌ یه‌كلایى نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین