هاووڵاتیانی عێراق داوای بایكۆتی كاڵای توركی دەكەن شیکاری

نوچەنێت:

لەگەڵ گرتنەبەری رێكارە دیپلۆماسییەكانی حكومەتی عێراق بەرانبەر توركیا بۆ سەر گوندی پەرخە، كە نۆ هاووڵاتی كوژران و (23) هاووڵاتی بریندار بوون، هاووڵاتیانی عێراق لە بەغدا و شارەكانی تر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكییان دەست پێكردووە، داوای بایكۆتی كاڵای توركی دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی (حوڕە) رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەروەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كرد و نامەیەكی توندی سەركۆنەكردنی ئەو تاوانەی رادەستی باڵیۆزی ئەو وڵاتە كرد، لە بەشێكی ئەو نامەیەدا هاتووە، "ئەو تاوانە لووتكەی دەستدرێژیە بەردەوامەكانە بۆ سەر سەروەری خاكی عێراق و بەزاندنی سنوورەكانی ئەو وڵاتەیە."

لەسەر ئاستی گشتیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێك دژ بە توركیا دەستی پێكردووە، ئەو هاووڵاتیانیانەی قسەیان بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، پێیانوایە "ئەو جووڵانەوە جەماوەرییە زۆر بەهێزترە لە جووڵە فەرمییەكانی عێراق لە بەغدا، یاخود لە هەرێمی كوردستان."

سوفیان مەشهدانی چالاكوانێكی عێراقە پێیوایە، "وەڵامی فەرمی حكومەت توند نابێت، تەنیا سەركۆنە و ئاڕاستەكردن دەبێت، ئەوەش نابێتە وەستاندنی هێرشەكانی توركیا وڵاتانی تر بۆ سەر عێراق.".

جیهاد جەلیل چالاكوانێكی ترە رایگەیاند، "پێشێلكارییەكانی توركیا گەیشتۆتە تاوانی جەنگ، بەتایبەت ئەنقەرە خوێنی عێراقییەكان دەڕژێنێت، ئەوە جگە لە پێشێلكردنی هاتنە ناوخاكی عێراق بە قووڵایی (30) كیلۆمەتر."

بە بۆچوونی جیهاد هەڵوێستی هێزە سیاسیەكانی عێراق لاوازە، بۆیە لە چەندین بوار عێراق رووبەڕووی پێشێكردن و دەستدرێژییەكانی وڵاتانی دراوسێ دەبێتەوە، بە ئاسانی پشكی ئاو دەبڕن، هێرشی سەربازی دەكەنە سەری.

ئەو چالاكوانە عێراقیە داواشی لە حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران كرد، چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ پابەندبوون بە بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەكان، كە بەجۆرێك بێت سزای توركیا بدرێت.

لەلایەكی ترەوەوە دوێنێ لەچەندین شاری عێراق دژ بەو هێرشانە خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجام درا، هەزاران كەس چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە ئەنقەرە و ئاڵای عێراقیان بەرزكردەوە و سروودی نیشتیمانیان لێدەدا و دروشمی (من عێراقیم، داوای دەركردنی باڵیۆزی توركیا لە عێراق دەكەم.)

لە لایەكی ترەوە باسم خشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تویتەر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ تۆماكردنی سكاڵا بۆ ئەوەی توركیا قەرەبووی قوربانیان بكاتەوە. 

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژە بەوە دەكات، "تیمێكی پارێزەری خاوەن ئەزموونی خۆبەخشم هەیە، ئامادەم هەموو   تێچووێكیش بگرمە ئەستۆ."

لە لایەكی ترەوە یاسر ئەسكەندەر پەرلەمانتاری عێراقی لەلای فەرمی خۆی لە فەیسبووك نووسیوویەتی، "حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرپرسن لە پارێزگاری لە خوێن و شكۆی گەلی عێراق، داواش دەكەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنی لە ناكاو ئەنجام بدات."

پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی سەرەوە كە داوای سزادانی توركیا دەكەن لە رێگەی فشاری ئابووری، ئیبراهیم سمێدەعی، پارێزەری عێراقی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، "پێویستە حكومەت دەرفەت بداتە كەسانی شارەزا بۆ ئەوەی مافی عێراق بە زەبری دیپلۆماسی وەربگرنەوە."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو پارێزەرە دەڵێت، "سوتاندن و هێرشكردنە سەر شوێنە دیپلۆماسیەكان لە عێراق پێویست نییە، نابێت لە دەستپێكردنی جەنگی فەرمی پەلە بكەن، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتێك كاریگەری پشكی ئاوی عێراق هەیە." سەبارەت بۆ گۆڕینی كاڵای توركی بە كاڵای وڵاتێكی تر، سمێدەعی پێیوایە ئەوەش نرخی كاڵاكان زۆر بەرزتر دەكاتەوە.

عێراق توركیا 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین