رۆژنامه‌یه‌ك : سه‌در ده‌ریخست ده‌توانێ حكومه‌تى نوێ بڕوخێنێ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ مه‌رجه‌كانى سه‌در ده‌كات كه‌ دوێنێ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ دیاریكردبوو و ده‌ڵێ، "ئه‌و مه‌رجانه‌ شیاوى جێبه‌جێكردن نیین" چاودێرێكى سیاسیش ده‌ڵێ، "سه‌در ده‌ریخست ده‌توانێ حكومه‌تى نوێ بڕوخێنێ".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16/ته‌مووزى 2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌و 11 مه‌رجه‌ ده‌كات، كه‌ دوێنێ له‌ لایه‌ن نوێنه‌رى سه‌در له‌ به‌غدا له‌ نوێژى یه‌كگرتوو خوێندرایه‌وه‌. رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ وه‌ك كۆتوبه‌ندن بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، هه‌ندێكیان شیاوى جێبه‌جێكردن نیین، به‌هۆى هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكى تریان له‌وانه‌ن كه‌ كه‌لێنى نێوان لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌كه‌ زیاتر ده‌كەن، به‌ تایبه‌تى دووپاتكردنه‌وه‌ى سه‌در له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى مالیكى".

غالب ده‌عمى مامۆستاى زانكۆ و چاودێرى سیاسى له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت، باس له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دوێنێ ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و نوێژه‌ په‌یامێكى راشكاوانه‌ى سه‌در بوو، بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ده‌عمى ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌رهاتوو ئه‌و جه‌ماوه‌ر بۆ خۆپیشاندان له‌ دژى حكومه‌ت یان بۆ نوێژێك له‌ ناوچه‌ سه‌وز كۆبكرێته‌وه‌، ئه‌وا دیمه‌نى پێكهێنانى حكومه‌ت چۆن ده‌بێت؟! ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌توانێ حكومه‌ت بڕوخێنێ، ئه‌گه‌رهاتوو داواكارییه‌كانى جێبه‌جێ نه‌كرێت".

دوێنێ هه‌ینى 15/ته‌مووز له‌ به‌غدا له‌ شه‌قامى فه‌لاحى شارى سه‌در، نوێژێكى به‌ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌درى رێیه‌رى ره‌وت به‌ڕێوه‌چوو. مه‌حموود جه‌یاشى وه‌ك نوێنه‌رى سه‌در پێشنوێژى كرد و وتارى سه‌درى خوێنده‌وه‌، كه‌ تێیدا 11 مه‌رجى بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ دیاری كردبوو. له‌وانه‌ نابێت كه‌سێكى تاقیكراوه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌، ده‌بێت گه‌نده‌ڵكاران سزا بدرێن، چه‌كى نایاسایى نه‌مینێت، هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌ربكرێن، میلیشیاكان هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین