چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێنج ناو بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت پێشنیار ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فه‌هد جبوورى سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتى حیكمه‌ ئاشكراى ده‌كات، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى زیاتر له‌ پێنج ناوى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى عێراق پێشنیاركردووه‌، كه‌ ته‌نیا یه‌كێكیان دووباره‌یه‌ و پێشتر سه‌رۆكى حكومه‌ت بووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16/ته‌مووزى 2022 فه‌هد جبوورى له‌ لێدوانێكى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، له‌ لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى زیاتر له‌ پێنج ناو ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان وه‌ك كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت هه‌ڵبژێردرێت.

جبوورى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، بنه‌ماكه‌ى مه‌رجه‌عیه‌ت و موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌سه‌ر دووباره‌نه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ پۆست تاقیكراوه‌ته‌وه‌، ره‌چاوكراوه‌، بۆیه‌ ته‌نیا یه‌كێك له‌ ناوه‌كان پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى هه‌بووه‌، ده‌شڵێ، "كه‌ كاتى خۆى هات ناوه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى ره‌وتى حیكمه‌ پشتڕاستى ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، تا ئێستا چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نه‌كردووه‌، هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن و هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تحیش تووشى نه‌خۆشى كۆرۆنا بووه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، ئه‌مڕۆ یان سبه‌ى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكات.

دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مانى عێراق داده‌نرێت، كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ له‌خۆده‌گرێت، بۆیه‌ ئه‌وان هه‌وڵى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌ده‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین