بۆچى موقته‌دا سه‌در هێرشى كرده‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

چاودێرانى سیاسى دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و هێرشه‌ى دوێنێ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كردییه‌ سه‌ر د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، لێكه‌وته‌ى خراپى بۆ كاندیدبوونى به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت، وا ده‌كات په‌رله‌مانتارانى شیعه‌ له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێداچوونه‌وه‌ بۆ بابه‌تى پاڵپشتیكردنى به‌رهه‌م ساڵح بكه‌ن.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كه‌ ئێستا ره‌وته‌كه‌ى له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و په‌رله‌مان كشاوه‌ته‌وه‌، به‌ تویتێك هێرشى كرده‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق. موقته‌دا سه‌در له‌ تویته‌كه‌ى بێ نازناو و ناوى باوك، ناوى "به‌رهه‌م" ده‌بات و ده‌شڵێ، "ئه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆك كۆمار ناوده‌برێت" 

سه‌در له‌ تویته‌كه‌ى هۆكارى تووڕه‌یى خۆى روون ده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌رهه‌م ساڵح واژۆى له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ نه‌كردووه‌، كه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ به‌ تاوانناساندنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌رچووه‌. سه‌در ده‌ڵێ، "زۆر زۆر مایه‌ى شه‌رمه‌زارییه‌، (به‌رهه‌م) ئه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆك كۆمار ناوده‌برێت واژۆكردنى یاساى به‌ تاوانناسادنى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ره‌ت ده‌كاته‌وه‌" جیا له‌مه‌یش به‌رهه‌م ساڵح به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ گوایه‌ "نیشتیمانى نییه‌" و "سه‌ربه‌ رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته‌". جیا له‌وه‌یش به‌رهه‌م ساڵح به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات "گوایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سانى ئاساییكه‌ره‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل".

سه‌در وا له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كات
به‌ كاندیدبوونى به‌رهه‌م ساڵح بچێته‌وه‌
 

چه‌ند كاتژمێرێك دواتر سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ راگه‌یێندراوێكدا وه‌ڵامى سه‌درى دایه‌وه‌، راگه‌یێندراوه‌كه‌ دوور بوو له‌ هێرشكردن و ته‌نیا دوو خاڵى روونكردبووه‌وه‌، یه‌كه‌میان: به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق رێگریى له‌ یاساى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌كردووه‌، به‌ڵكو رێنمایى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ یاساكه‌ وه‌ك خۆى كه‌ چۆن له‌ په‌رله‌مان هاتووه‌، له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائیعى عێراقى بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌مه‌یش یاساكه‌ له‌ 20ى حوزه‌یران "ئه‌م مانگه‌" خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.  

له‌ خاڵێكى ترى راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، كه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى پاڵپشتى دۆزى فه‌ڵه‌ستین و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ده‌كات و له‌گه‌ڵ رزگاركردنى ئه‌و وڵاته‌یه‌ له ‌ده‌ستى ئیسرائیلییه‌كان.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در خۆى به‌ خاوه‌ن بیرۆكه‌ى یاساكه‌ ده‌زانێت، چونكه‌ ئه‌و بوو یه‌كه‌م جار داواى له‌ په‌رله‌مامانتارانى ره‌وته‌كه‌ى كرد كه‌ پڕۆژه‌ یاسایه‌كى له‌م جۆره‌ ئاماده‌ بكه‌ن و دواجاریش له‌كۆتایى مانگى رابردوو بوو له‌ په‌رله‌مان به‌ كۆى ده‌نگ په‌سه‌ند كرا. بۆیه‌ ئێستایش خۆى به‌ "پارێزه‌ر"ى یاساكه‌ ده‌زانێت.

به‌ڵام چاودێرانى سیاسى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29 حوزه‌یرانى 2022 به‌ شێوه‌یه‌كى تر لێكدانه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ى سه‌در كردووه‌. باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌در ویستویه‌تى به‌م هه‌ڵوێسته‌ى كاندیدبوونى به‌رهه‌م ساڵح بخاته‌ ژێر گومانه‌وه‌ و كه‌لێن بخاته‌ په‌یوه‌ندى نێوان یه‌كێتى نیشیتمانى كوردستان و به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى، به‌ تایبه‌تى له‌ مه‌سه‌له‌ى كاندیدبووونى به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار. خۆیشى له‌ تویته‌كه‌ى به‌ راشكاوى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كاتێك گوتوویه‌تى، "به‌ داخم له‌وه‌ى كه‌ له‌ رابردوو و له‌ داهاتوو بۆ پۆستى سه‌رۆ كۆمار كاندید كراوه‌".

بۆیه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت و عه‌ره‌ب و ماڵپه‌ڕى ئیلاف و چه‌ندان كه‌ناڵى تر له‌ راپۆرته‌كانیان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هێرشه‌كه‌ى سه‌در بۆ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح لێكه‌وته‌ى سیاسى بۆ دووه‌میان ده‌بێت له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌رله‌مان، كه‌ ده‌شزانرێت به‌رهه‌م ساڵح كاندیدێكى سه‌ره‌كى پۆسته‌كه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د خدر چاودێرى سیاسى له‌ لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى وه‌ن تیڤى باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵوێستى سه‌در نییه‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌رهه‌م ساڵح، به‌ڵكو چه‌ندان جاری تریش ره‌خنه‌ى له‌ به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌ و له‌ كۆى هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌در ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ كارنوێنى "ئه‌دا" سیاسى به‌رهه‌م ساڵح رازى نییه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و په‌یامه‌ى سه‌در لێكه‌وته‌ى بۆ كاندیدبوونى به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێت و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "چاودێرانى سیاسى له‌ كاروبارى سیاسى عێراق بۆچوونى جیاوازیيان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌يه‌ دوایین تویتى سه‌در وه‌ك دوا فیشه‌ك بێت له‌ هه‌لى كاندیدكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، یانیش ئامانج له‌و تویته‌ ئاڵۆزكردنى شانۆى سیاسى بێت له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌ تایبه‌ت بۆ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى".

سه‌در شانۆى سیاسى له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ئاڵۆز ده‌كات

رۆژنامه‌كه‌ ده‌شڵێ، "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى زه‌حمه‌تى له‌ پاڵپشتیكردنى به‌رهه‌م ساڵح ده‌بینى، هه‌ندێكى تریش پێیانوایه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بكه‌وێته‌ ئه‌و حاڵه‌تى په‌رله‌مانتارانى سه‌رپشك بكات له‌ ده‌نگدان به‌ به‌رهه‌م ساڵح".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بیش هه‌مان بۆچوونى هه‌یه‌ و پێیوایه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى سه‌در وا ده‌كات چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ هه‌ڵوێستى پاڵپشتیكردنى كاندیدى هاوپه‌یمانه‌كه‌ى "یه‌كێتى" دابچێته‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب باس له‌وه‌یش ده‌كات ئه‌گه‌رچى سه‌در و ره‌وته‌كه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسیین، به‌ڵام هێشتا كاریگه‌ریی و قووڕسایى سیاسییان زۆره‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین