هیچ پاداشتێکی دارایی بە پەرلەمانتارانی سەدر نادرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

لە میدیاکانی عێراق بەڵگەیەک بڵاوبۆتەوە کە دەریدەخات پاداشت بە پەرلەمانتارانی دەستلەکار کێشاوەی سەدر دراوە، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ نوچەنێت رەتیدەکاتەوە هیچ پاداشتێکی دارایی بەو پەرلەمانتارانە درابێت.

ئەمڕۆ سێشەممە(28/حوزەیران/2022)  بەڵگەیەک لە میدیاکانی عێراق بڵاو کراوەتەوە بەپێی بەڵگەکە داوادەکرێت بڕی (50) ملیۆن دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێکی سەدر تەرخان بکرێت وەک پاداشتی کۆتایی راژە ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پەرلەمانتارانە کەمتر لە شەش مانگ لەپەرلەمان بوون، نوچەنێت بەدواداچوونی بۆ ئەم نوسراوە کردووە دەرکەوتووە ساختەیە، ئیخلاس دلێمی پەرلەمانتاری پارتی ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی بۆ نوچەنیت گوتی، "بەهیچ شێوەیەک پارە بۆ ئەم پەرلەمانتارانە تەرخان نەکراوە"

 سەلیم شوشکەیی پەرلەمانتاری پێشوو ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەڕووی یاساییەوە، بۆ نوچەنێت روونیکردەوە کە ئەو پەرلەمانتارانە هیچ مافێکی داراییان وەکو پاداشت و خزمەت نییە".

سەلیم شوشکەیی گوتی، "لە یاسای خزمەت و خانەنشین و لە یاسای گشتیدا هەیە، بۆ هەر فەرمانبەرێک بەتایبەت بۆ پەرلەمان لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەیە، کە دەبێت پەرلەمانتار ساڵێک بەسەر تەمەنیدا بڕوا ئەوکات دەتوانرێت مووچەیەکی بۆ ببڕدرێتەوە، بۆیە پەرلەمانتارەکانی کوتلەی سەدر، لە هەموو حەق و مافێک بێبەش دەبن، لەڕووی یاساییەوە هیچ مافێک و ئیمتیازاتێکیان نییە".

لە (12)ـى ئەم مانگەدا (73) پەرلەمانتاری رەوتی سەدر لەسەر داوای موقتەداسەدر رێبەری رەوتەکە، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، ئەمەش وەک ناڕەزاییەک لەسەر بنبەستی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق. محمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیش دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵکرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین