له‌سه‌ر دوو خاڵ ناكۆكى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ زیاتر ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ، ناكۆكى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى زیاتر ده‌بێت و ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر پۆسته‌كان و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28 حوزه‌یرانى 2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، رۆژ له‌دواى رۆژ ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى زیاتر ده‌بێت و ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر دوو خاڵه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ دوو پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و پۆستى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان هه‌یه‌.

دووه‌م خاڵیش وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ باسى كردووه‌، په‌یوه‌ندى به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌در هه‌یه‌. له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ن و میلیشیایان هه‌یه‌، سڵ له‌ هه‌نگاوه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵوێستى سه‌در له‌به‌رچاو ده‌گرن.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌وان له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنى سه‌در ده‌ترسن، نایانه‌وێ شه‌ڕى شیعه‌- شیعه‌ دروست بێت، چونكه‌ ده‌زانن سه‌در جه‌ماوه‌رێكى رێكخراو و به‌هێزى هه‌یه‌.

زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ ئه‌مجاره‌ خۆیان له‌ به‌ره‌یه‌كى سیاسى رێكخستووه‌، به‌ ناوى "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" له‌به‌رانبه‌ردا ره‌وتى سه‌در ركابه‌رییانه‌. ئه‌م ره‌وته‌ كه‌ یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق بوو له‌ 12ى ئه‌م مانگه‌ كشایه‌وه‌، به‌مه‌یش زیاتر له‌ 40 كورسى سه‌در به‌ر چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌وت، بۆیه‌ ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن حكومه‌تى نوێى عێراق پێكبهێنن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین