ئەنجومەنی دادوەری: دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی نییە کوردستانی

نوچەنێت

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڵاویکردەوە، به‌ گوێره‌ی راگەیێندراوێکی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان، دادگای فیدراڵی ناده‌ستورییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستانی نییه‌.

ئەمڕۆ شەممە( 4/حوزەیران/2022) فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە:کرداره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقی ساڵی 2005 گونجاوه‌ و حوکمه‌کانی یاسای نه‌وت و گاز، ژماره‌ 22ی ساڵی 2007 که‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رچووه‌ پێچه‌وانه‌ی حوکمه‌کانی ده‌ستوری عێراق نییه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌، پڕۆسه‌کانی گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و گاز وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌ حه‌سرییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌ وه‌ک له‌ مادده‌ی 110ی ده‌ستووری عێراقدا هاتووه‌، بۆیه‌ ده‌قه‌کانی یاسای نه‌وت و گاز به‌رکار ده‌مێننه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری روونیدەکاتەوە‌، به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 112ی ده‌ستوری عێراق حکوومه‌تی فیدراڵی نه‌وت و گازی ده‌رهێنراو له‌ کێڵگه‌کانی ئێستا له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته‌کانی هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان به‌ڕێوه‌ده‌بات و دابه‌شکردنی داهاته‌که‌شی به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شی سه‌ر دانیشتوان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ دیاریکردنی پشکێک بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ زیانلێکه‌وتووانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن رژێمی پێشوو بێبه‌ش کراون.

هەربەپێی راگەیێندراوەکە، مادده‌ی 112 ته‌نیا کێڵگه‌کانی ئێستا ده‌گرێته‌وه،‌ ئه‌مه‌ش به‌ واتای ئه‌و کێڵگه‌ نه‌وتیانه‌ دێت، که‌ به‌رهه‌مهێنانی بازرگانییان هه‌بووه‌ پێش ریفراندۆمی ده‌ستوری عێراقی له‌ ئابی 2005، واتا له‌ دوای ئه‌م رێکه‌وته‌وه‌ پرۆسه‌ی نه‌وت و گاز ده‌که‌ونه‌ ژێر تایبه‌تمه‌ندییه‌ حه‌سرییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌مشێوه‌یه‌ ده‌قه‌کانی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان – عێراق ژماره‌ 22 ی ساڵی 2007 به‌ پێناسه‌ی (کێڵگه‌ی ئێستا) له‌ مادده‌ی یه‌که‌می ئه‌و یاسایه‌دا له‌گه‌ڵ حوکمه‌کانی ده‌ستووری عێراقدا ده‌گونجێت و پێچه‌وانه‌ نییه‌. به‌پێی مادده‌ی 92/2 له‌ ده‌ستووری عێراق پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاسایه‌ک ده‌ربکات بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای ئیتیحادی، به‌ڵام تاکو ئێستا هیچ یاسایه‌کی له‌و جۆره‌ ده‌رنه‌چووه‌، بۆیه‌ له‌ عێراقدا دادگایه‌کی ئیتیحادی که‌ به‌ پێی ده‌ستور دامه‌زرابێت بوونی نییه‌، ئه‌و دادگایه‌ که‌ بڕیاری 15ی شوباتی 2022ی به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان ژماره‌ 22 ی ساڵی 2007 ده‌رکردووه،‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ستووری نییه‌، بۆیه‌ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان به‌رکار ده‌مێنێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین