مونا یوخنا: ناکرێ ناومان دەستەی سەربەخۆبێت و کەس لە ناویدا سەربەخۆ نەبێت دیمانە و راپۆرت

لاڤین عومەر: نوچەنێت

سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان، رەخنە لە دەستەکەیان دەگرێت و دەڵێت: ناکرێ ناوی دەستەی سەربەخۆبێت بەڵام کەس لە ناویدا سەربەخۆ نەبێت، سەبارەت بە رێژەی کوشتنی ئافرەتان و توندوتیژییەکان گوتی: ئێمە (10) نوسینگەمان هەیە لەناو شارەکانی کوردستان هەر ئافرەتێک پێویستی بەیارمەتیدان بوو دەتوانێ سکاڵای خۆى لە یەکێک لەو نوسینگانە تۆمار بکات. ئێمە هاوکارى دەکەین.

نوچەنێت: لەوەتەی دەست بەکار بووی لە راگەیاندنەکانەوە چالاکی ئەو تۆ لەدەستەی مافی مرۆڤ نابینین هۆکارەکەی چییە؟ بۆ نمونە کۆنگرەی رۆژنامەوانی و راپۆڕتی دەورەی سێ مانگ جارێک شەش مانگ جارێک؟

مونا یوخنا: دەبوایە دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ حەقی کارەکەی بدات، بەشێوەیەکی باشتر کارەکانى بکات و سەربەخۆ بێت، ناکرێت بڵێن ئەوەندە پلە بۆ پارتی ئەوەندە بۆ یەکێتی لەگەڵ رێزم بۆ هەموو حزبەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام چۆن دەتوانی چاودێری مافی مرۆڤ بکەیت، لە دەستەیەک کە ناوی سەربەخۆیە لە کاتێکدا ئەو دەستە لەو ئاستەدا نییە کە دەمانەوێت، هەموویان لەرێگای دوو حزبی گەورەوە هاتوون، تەنیا من نەبێت کەوا کەسێکی سەربەخۆم، بەداخەوە زۆر شت هەبووە کردنى ئاسان نەبووە.

بەڕای من هەڵەیە دەستەی مافی مرۆڤ لە کەسانێک دروست بکرێت، کە ئەو کەسانە سەربەخۆ نین و حزبین، من تێدەگەم دەزانم کاری ئەوانیش ئاسان نییە، هەریەک لەوان دەبێت بەدوای بەرژەوەندی حزبەکەی بکەوێت، بەڵام لە کۆتایدا ئایا ئەو دەستەیە دەتوانێ کاری خۆی بەجوانی بەڕێوەببات، بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ یاخود نا؟ زۆربەی کات دەڵێم نەخێر، هۆکارەکەش ئەوەیە بەهۆی هەردوو حزبی گەورە پێش ئەوەی کە دەستبەکاریش بم پلە تایبەتەکانیان دابەش کردووە ئەوەش کارێکی دروست نەبووە کەکراوە، کەسانێکیان هێناوە دەبوایە من کەسانی ناو دەستەکە هەڵبژێرم و رەزامەندبم لەسەریان، چونکە من لە کۆتاییدا کار دەکەم لەگەڵیان نەک حزبەکەی خۆیان.

پێش هاتنم بۆ ناو دەستەکە هەموو پلەکان پڕکراونەتەوە، من رێزم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە کار دەکەم لەگەڵیان، بەڵام ئەوەى دەیڵێم راستییە، دەبوایە من بڕیار بدەم بۆ ئەو کەسەی ئایا ئەو دەگونجێ لەگەڵ ئەو کارە یاخود ناگونجێ، چونکە من و ئەو کەسە لەکۆتاییدا دەبێت تەحەمولی هەموو ئەو کارانە بکەین ئەگەر هاتوو کارەکان بە باشی بەڕێوە نەچوون، بەڵام ئەمڕۆ زۆر کەمتەرخەمی هەبێت، کەسێک بەرپرسیارە لەو هەموو کەمتەرخەمییە نەک هەموو ئەندامانی دەستەکە لە هەمان کاتدا ناتوانین ناو بێنین، چونکە دەستە بەرپرسیارە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی.

هەر ئافرەتێک پێویست بە فریاکەوتن و هاوکاری بوو با پەیوەندی بە نوسینگەکانمانەوە بکات

دەربارەی ستراتیژیەتی کارەکانی من، زۆربەی کات لەگەڵ ئەوەدام کە هاوکاری کەسێک بکەم کە پێویستی بە هاوکارییە، ئەگەر هاتوو لە چاکسازییەک بێت یاخود راگیراو بێت یان کەسێکە کەوا پێشێلکاری بەرامبەر کراوە، پێویستی بەوەیە کەسێک لەگەڵی بوەستێ زۆربەی کات دەمەوێت لەگەڵیان کار بکەم بۆ ئەوەی بەرەو باشتری ببەین.

جارى وا هەبووە زۆر کەسى وا هەبووە گیراوە، مافى چاوپێکەوتنى نەبوو لە زیندان، بەڵام پێویست بووە کەسوکارەکەی ببینێت، هاوکاریم کردووە، تەنیا ویستومە ویژدانی خۆم ئاسودەکەم ، بۆیە زۆر شتم کردووە وەکو سەرۆکی دەستە بەبێ ئەوەی وێنە بگرین یاخود راپۆرت بکەین یان بیکەینە کۆنگرەی رۆژنامەوانی، چونکە مەبەستمان ئەوە نەبووە باس لە شتێک بکەین ببێتە هۆکاری کێشەو دەنگە دەنگ، ئامانجم ئەوە بووە کە بچمە لای ئەو کەسەی کە مافەکەی پێشێلکراوە و گوێی لێبگرم ئەگەر ڕاست بوو وتەکەی دەڕۆمە لای ئەو کەسەی کە مافەکەی پێشێلکردووە یاخود دەیکەمە راپۆرت، چونکە لە یاساکە بۆم هاتووەتەوە کەوا دەبێت راپۆرت بێت، داوام لێکردووە ئەو پێشێلکارییە نەمێنێت و چاودێری ئەو کارەشم کردووەتەوە.

هەر بۆیە من زیاتر گرنگیم داوە بە کارکردن زیاتر لەوەی بە وێنە و کۆنگرەو راپۆرت و شتی تر، هەرچەندە دنیای ئەمرۆ دنیایی میدیایە و ئێمە دەبێت زیاتر چالاک بین، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیشمان هەیە بە ناوی بەڕیوەبەرایەتی گشتی پەیوەندییەکان و راگەیاندن ئیشی ئەوانە، کە زیاتر چالاک بن لەو بوارەدا.

لێرەدا داوا دەکەم لە هەموو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، کەوا یارمەتیمان بدەن ئێمە وەکو دەستەی مافی مرۆڤ هەندێکجار ئەگەر نوسراو بکەین ئەوانیش بە نوسراو وەڵاممان بدەنەوە نەک دوای دوو مانگ وەڵام بدەنەوە، کەواتە هیچمان نەکردووە، بەڕاستی من وەک پڕۆفیسۆرێک لە مافی مرۆڤ و یاسا هەست دەکەم مافی مرۆڤ وەکو نەخۆشخانەیەکی گەورەیە، چۆن دەبێت بەشێکت هەبێت بۆ باری لەناکاو، هەندێک حاڵەت هەیە ناتوانرێت چاوەڕێ بیت پسولە ببڕیت یاخود چاوەڕێی نۆرەگرتن بێت ئینجا دکتۆر ببینێت، هەندێک حاڵەت هەیە بە دەقە و چرکە نەبێت ئەوا ژیانی کەسێک دەکەوێتە مەترسى، دەبێت تەلەفۆنەکان بکەینەوە بۆ ئەو بارە لەناکاوانە کە هەندێکجار بارێکی لەناکاوە دەبێت بچین، بەداخەوە لەبەر دەرگای دادوەرێک چاوەڕێم کردووە، نزیکەی نیو کاتژمێر منی لەبەر دەرگاکەیدا راگرتووە چونکە تەلەفونێکی لەگەڵدا بووە، نازانم ئەو تەلەفۆنە تا چەند گرنگ بووە، بەڵام ئیشی منیش گرنگ بوو، بۆ  ئەوە چووم سەبارەت بە کۆمەڵێک کەیس گفتوگۆى لەگەڵ بکەم، بەهۆى کۆمەڵێک سکاڵا وە بۆ دەستە هاتووە.

داواکارین هەموو دەزگاکان هاوکارمان بن نەک دوای دوومانگ وەڵامی نوسراومان بدەنەوە

نوچەنێت: پڕۆسەی چاکسازی لەدەزگای ئێوە چۆن بەڕێوە دەچێت؟ گرنگترین کەیس لەدەزگای مافی مرۆڤ لە چاکسازی کە دەبێت بکرێت چییە؟

مونا یوخنا: چاکسازی بەشێوەیەکی گشتی من لەگەڵیدام کارێکی زۆر گرنگە کە بکرێت، بێگومان یاسای چاکسازی زۆر شت دەگرێتەوە، من وەکو مافی مرۆڤ ئەوەی پێویستمە دڵنیا ببمەوە لەسەری بابەتی موچەیە، بەڕاستی لە پرەنسیپەکانی یاسا هەر مرۆڤێک ئەرکێکی لەسەر بێت ئەو ئەرکە بکات دەبێت مافی هەبێت، لە هەرێمی کوردستان و هەتا ئەمڕۆ پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی فەرمانبەران دەکرێت، چونکە رۆژێک نییە دیار بێت کە ئێمە بزانین لەو رۆژەدا موچە وەردەگرین، لەوانەیە مامۆستایەکی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی بێت موچەکەی (600) هەزار بێت، پێنج منداڵی هەبێت و خانووەکەی کرێیە بۆ نموونە (12)ی مانگ موچەکەی وەردەگرێت، نازانێت چۆن دابەشی بکات ئایا دابەشی  (30) رۆژی بکات یاخود (45) رۆژ ئەوە پەیوەستە بە سیاسەت ئەوە وایکردووە کە خەڵکی کوردستان سەرقاڵی سیاسەت بن، هەتا تێبگەن ژیانی خۆیان چۆن بەڕێوە ببەن ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، کە ئێمە وەکو کۆمەڵگای کوردستانی توشی بووین، من فەرمانبەرێکم کە پێشوتر مامۆستای زانکۆ بووم گوێ دەگرم لەو هەواڵانەى  باسى پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات، من مەبەستم ئەوە نییە کە زۆر حەزم لە سیاسەتە، بەڵام مەبەستم ئەوەیە ئایا موچەکەم دەدرێت ئەم مانگە یاخود نادرێت، بۆیە وای لێهاتووە کە سیاسەت بچێتە ناو ژیانی خەڵکی کوردستان  بەشێوەیەک وای کردووە کە وا ئێمە زۆربەی کات لە دڵەڕاوکێدابین، وە ئاشکرایە کە کوشتن و توندوتیژی زۆر دەبێت بەداخەوە واتای ئەوەیە ئەو کەموکوڕییانە نەهێڵین و ژیانێکی ئابوری باش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکەین دووربێت لە سیاسەت، سیاسەت با تەنیا بۆ سیاسییەکان بێت، لەوڵاتانی پێشکەوتووی دنیا فەرمانبەرێک رەنگە هەر نەزانێت بۆ هەڵبژاردنەکان و چ حزبێک دەیباتەوە، چونکە خەڵکی هەمووی خەریکی ژیانی خۆیەتی و خەریکی نان خواردن و سەفەر و جل لەبەر کردنە، نەک ئەوەی خەریکی سیاسەت بێت.

هەروەها رەخنەیەکم هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەندە راوێژکارمان هەیە لەوڵاتانی دنیا ئەوەندە راوێژکار نییە یان پلەی تایبەت، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی کێشەی سیاسی، کەوا هەر حزبێک هەر پلەیەک بدات بە کەسێکی حزبەکەی دەبێت بیدات بە حزبەکەی تریش، جگە لە حزبە بچووکەکان هەموویان ئیمتیازاتیان هەیە، ئەوەش بەشێکی زۆر لە میزانییەی هەرێم دەبات، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر هاوڵاتی هەژار و کەم ئەندام و بەتەمەنەکان  کە ناتوانن ئیش بکەن، یاخود ژنی ماڵەوە کە لە ماڵەوەیەو ناتوانێک ئیش بکات، بۆ نمونە نەخوێندەوارە یاخود دەرفەتی خوێندنی نییە یان کاری دەست نەکەوتووە، بۆیە زۆر گرنگە بابەتی موچە چارەسەر بکرێت لە هەموو روویەکەوە لەگەڵ ئەوەشداین چاکسازی بکرێت لە کەمکردنەوەی رۆتین واتا بۆ مامەڵەکان بەئاسانی بڕوات نەک دوو سێ رۆژ چاوەڕێ بکات هەتا خۆی مامەڵەکەی کۆتایی پێبێنێ، بافێر بین بە کەرامەتەوە ژیان بەڕێوەببەین، بۆ نمونە ئەوەی بینیمان لەنۆرەگرتنی موچەی خانەنشینان بینیمان گەشیتە ئاستێک چەندین هاووڵاتی ژیانی لەدەستدا لە چاوەڕێ کردنی موچەکەیدا ئەوە زۆر زەحمەتە، من ناتوانم بەوشەیەک رای خۆم بڵێم لەو بابەتە، هیوادارم ئەوانە دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئێمەش مرۆڤین وەک هاوڵاتیانی ئەمەریکا و ئەوروپا کە مافی خۆی دەگاتە دەستی لەحاڵەتێک کە خزمەتی دەوڵەتی کردبێت. 

ئەو هەموو راوێژکارە ئەرکە بەسەر بودجەی هەرێمی کوردستانەوە

نوچەنێت: ئەو دۆسیانەى مافی مرۆڤ کە ئێستا کاری لەسەر دەکەن کامەیە؟

مونا یوخنا: ئێمە لە هەرێمێکین، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە  کێشەکانی مافی مرۆڤ زۆرە، لە وڵاتەکانی تر ئەگەر بەراوردی بکەین، ئیشی ئێمە زۆرە ناتوانین بڵێین تیشک دەخەینەسەر ئەو بابەتە، ئێمە دەبێت تیشک بخەینە سەر گشت بابەتەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بیرۆکەیەکم هەبوو کاتێک کە هاتمە دەستە، گوتم هەر مانگێک مافێک وەردەگرین لە مافەکانی مرۆڤ یاخود چینێک وەردەگرین، بۆ نمونە ئەم مانگە من لەسەر خاوەن پێداویستی تایبەت کار دەکەم، کاریان بۆ دەکەم و گوێیان لێدەگرم و ڕاپۆرتی خۆم لەسەریان دەنوسم داوا دەکەم لەو شوێنانەی کەوا پێشێلکارییان کردووە لە مافی مرۆڤ نەکرێتەوە، بەڵام ئەو بیرۆکەیە سەری نەگرت لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کات وادەکەین کە بەپێی رۆژەکانی نێو دەوڵەتی بۆ نمونە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵنامەی هەیە، کەوا هەر رۆژێک لەمانگ دیاری کردووە دەڵێت، ئەو رۆژە بۆ ئەو کەسانەیە یاخود بۆ فڵان شتە، بۆ ئێمە کە هەرێمێک چاوی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لەسەرە، زۆر گرنگ بوو بەو ساڵنامەیە کار بکەین، بۆ نمونە (1/6) لە هەموو دنیا باسی مافی منداڵ دەکات دەبێت ئێمەش زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەو بابەتە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، کە بەپێى یاسا نابێت منداڵ ئیش بکات، بەڵام ئێمە دەبینین منداڵ ئیش دەکات یاخود دوچاری دەست درێژی و توندوتیژی دەبێتەوە، بەپێی دەستوری عێراقی دەبێت هەموو منداڵێک بخوێنێت، لەکاتی دەوامی خوێندنی منداڵەکە دەبینین سواڵ دەکەن ئیش دەکەن لە ترافیکەکان ئەوەش مۆدیلێکی نوێیە.

هەروەها لەبەر ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و لە زۆربەی وڵاتەکان رێژەی تەڵاق زۆر بووە، هۆکارەکەش ئەوەیە دایک یا باوک ئامێری ئەلیکترۆنی بەکار دەهێنن و ئەو وەسیلەیە وایکردووە کە خیانەت بڵاو بێتەوە لەناو کۆمەڵگای ئێمە. زۆربەی کات دایک و باوک بڕیاری تەڵاق دەدەن، بەڵام بیر لەو منداڵە ناکەنەوە کە داهاتووی ئەو منداڵە چی بەسەردێت، بۆیە ئەم مانگە باس لەو بابەتە دەکەین لەگەڵ بابەتی ماددەی هۆشبەر، چونکە لەم مانگە رۆژێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بابەتی ماددەی هۆشبەر

نوچەنێت: دەمەوێت بزانم هاوئاهەنگیتان لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤی عێراق چۆنە؟

مونا یوخنا: لەوەتەی دەست بەکار بومە، کە هێشتا نە بۆتە ساڵێک، پەیوەندییان پێوەکردم بێینە هەرێى کوردستان بۆ پیرۆزبایی کردن و یاداشتێکی لێک تێگەیشتن واژۆ بکەین، بۆ پەیوەندی نێوان هەردوولا گرنگە،  بێگومان زۆرم پێخۆشبو کاتێکم دانا بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوان لە رێگای پەیوەندییەکانی خۆیان زانیان ماوەکەیان درێژ ناکرێتەوە و کاتی بەسەرداچووە و ناکرێت ئەو یاداشتە واژۆ بکەین، بۆیە ئێمەش ئەوەمان ڕاگرت، بەڵام نوسینگەیان هەیە لە هەولێر ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵیاندا هەیە، زۆر حاڵەت و کەیسیش هەبووە  کە هاوڵاتییەک لە بەغدا کێشەى هەبووە و من نەمتوانیوە لەو سنوورە کار بکەم، پەیوەندیم کردووە بە نوسینگەکەیان و ئەوانیش بەهەمان شێوە کە کێشەیەکیان دەبێت لە هەولێر ئێمە بۆیان چارەسەر دەکەین.

نوچەنێت: تەنها لەم ساڵدا نزیکەی (28) ئافرەت کوژرا، ئێوە هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

مونا یوخنا: وەک ئافرەتێک بە کێشەیەکی زۆر مەترسیداری دەیبینم، دەبێت زۆر ئیشی لەسەر بکرێت، سەرەتا وەک مامۆستایەکی یاسایی پێش ئەوەی ببمە سەرۆکی دەستە جەخت دەکەمەوە لەسەر ئەوەی کە یاسا بەرقەرار بێت دەبێت هاوڵاتیان متمانەیان بە دادگا هەبێت، کەسێك کەیسێکی هەیە دادگا چارەسەری بکات و ناشبێت هەرکەسێک بڕوات سکاڵا بکات ئەمڕۆ دادگا دوای حەوت مانگ کاتێکی بۆ دانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی ئینجا یا کەموکوڕی مامەڵە یا هەر شتێکی تر کە دووبارە دوادەخرێتەوە بۆ شەش مانگی تر، بەڕاستی چاکسازی لەناو دادگا لە ئێستا زۆر قۆناغ هەبووە چاکسازی دەکرێت زۆرمان پێباشە، پێمان باشە زیاتر ئیش بکرێت و ژمارەی دادوەرەکان زۆرتر بکرێن، چونکە کێشەکان زۆرتر بوون خەڵک زۆرتر بووە بەتایبەت ئەمڕۆ دەبینین خەڵکی بەغدا یا پارێزگاکانی تری بەغدا لێرەن یا خەڵکی سوریا، یا کرێکاری بیانی زۆر لێرەن بۆیە کێشەکان زۆر دەبن ئەوە شتێکی ئاساییە بەڵام لە بەرامبەری ئەوە دەبێت دادگاکان بەخێرایی کێشەکان چارەسەر بکەن هەتا هیچ کەسێک بەڕێگەی عەشایەری نەچێت کێشەکەی خۆی چارەسەر بکات.

هەروەها جەخت لەسەر ئەو یاسایانە دەکەینەوە کە تایبەتن بە چەک لە هەرێمی کوردستان، یا بەکارهێنانی چەک خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنەوەکەی کراوە جەخت د لەسەر گرنگی ئەو هەموار کردنەدەکەینەوە، هەتا یاساکە دەربچێت و هەموو کەسێک چەکی بەدەستەوە نەبێت، ئەو کەسانەش کە بە رووکەشی ئیشەکەی خۆشیان چەکیان بەدەستە پێویستە ئەو چەکە نەبرێتە ماڵەوە، چونکە زۆربەی کەیسەکان کە کوشتنی تێدا بووە بە رێگای چەکەوە بووە بوونی چەک بەدەستی هەموو کەسێکەوە وا دەکات کێشەی گەورە لەناو کۆمەڵگا هەبێت.

بێگومان یاسای توندوتیژی، پڕۆژەیەکی تازەی هەبوو کە پێشنیار کرابوو بۆ یاسایەکی نوێ ئێمە وەکو دەستە بێگومان رۆڵمان هەبووە لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو یاسایە، کۆمەڵێک تێبینمان هەبوو ناردمان بۆ پەرلەمان، بەڵام پێویستە لەسەر ئەو یاسایە بوەستین، چونکە یاسایەکی زۆر گرنگە هەر نەبێت ئەو یاسایە بەشێوەیەک بێت کێشەی کۆمەڵگا چارەسەر بکات، ئێمەش کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت بەتایبەت چاودێری دەکەین، بەڵام هەرکەسێک کێشەیەکی هەبوو، ئێمە (10) نوسینگەمان هەیە لەناو شارەکانی کوردستان ئەگەر پێویستیان بەیارمەتیدان بوو با سکاڵای خۆی لە یەکێک لەو نوسینگانە تۆمار بکەن، بەنیازین لە رێگەی ئۆنڵاین فۆڕمێک دابنێین، دەتوانن پڕی بکەنەوە کێشەی خۆیان بنوسن و ئێمەش ئیشی لەسەر دەکەین لەو حاڵەتە دەتوانین بڵێین ئێمە درێخی ناکەین رەنگە نەگەینە ئەنجامێک بەڵام دڵنیایی دەدەین ئەوەی لە تواناماندایە دەیکەین بۆ ئەوەی ویژدانی خۆمان ئاسودە بکەین. هەروەها زۆر پێم باشە هەڵمەتێکی هوشیار کردنەوەی کۆمەڵگا بەمافی ئافرەت و نەکوشتنی ئافرەت یاخود هەر حاڵەتێکی تر کە لەم کۆمەڵگایە زۆر گرنگە بیکەین، ئێمە وەکو دەستەی مافی مرۆڤ لەماوەیەکی نزیکدا دەیکەین.

دەبێ کارێک بکرێت هاوڵاتییان متمانە بە دادگا بکەن

نوچەنێت: زیندانی نهێنی هەیە لە هەرێمی کوردستان؟

مونا یوخنا: هەتا ئێستا من هیچ زانیارییەکم نییە کە چاکسازی نهێنی هەیە لە کوردستان یاخود نا، بەڵام لەکاتێکدا زانیاری تەواوم بەدەست بگات دڵنیابم لەوەی کە هەیە ئەوا دڵنیاتان دەکەمەوە من هەڵدەستم لەگەڵ دانیشتنی لایەنی پەیوەندیدار و داواکردنی ئەو زیندانییە، بۆ ئەوەی بزانم ئایا ئەو زانیارییە راستە یاخود نا، بەو شێوەیە وەکو دەستە کە ئێمە بۆمان دێت سەردانی زیندانییەکە بکەین، هەموو ئەو حاڵەتانەی لەبەردەمماندا دەکەینە راپۆرت، راپۆرتی خۆمان دەنوسین و دەینێرین بۆ لایەنی پەیوەندیدار، ئەگەر شتی وا  هەبوو ئەوا من هەوڵدەدەم بۆ بینینیان هەتا راستییەکە لە خۆیان وەربگرم بۆ ئەوەی بزانم راستە یاخود نا.

نوچەنێت: رێگریتان لێدەکرێت لە هەر بەدواداچوونێک بۆ هەر کەسێک لە کاتی سەردانی کردنی چاکسازی؟

مونا یوخنا: بەڵێ، من کە هاتمە دەستەی مافی مرۆڤ مەلەفێکی زۆر گەرمی کوردستان، زیندانییەکانی بادینان بوو، هەر لەیەکەم هەفتە کە دەستبەکاربووم، داوام لە ئاسایش کرد کەوا بیان بینم، هەمان رۆژ ئەو برادەرانەم بینی لەگەڵیان دانیشتم ویستم وەکو یاسا ناس تێبگەم، نەک تەنیا ئەو زانیارییەی لە راگەیاندن دەیبیستم، ویستم بزانم ئەوان چی دەڵێن دەربارەی کەیسەکەی خۆیان، بێگومان هەر واش بوو کەس نەی گوت ناکرێت بیان بینی زۆربەی کاتیش کە چوبێتمە هەر چاکسازییەک زۆر بەڕێزەوە پێشوازیمان لێکراوەو گەڕاوین بەناو هەموو ئەو ژوورانەی کە ویستبێتمان بۆی بچین، دووبارەش گەراوینەتەوە بۆ لایان چونکە پێمان ناکرێت هەموو ئەوانەی کە گیراون بەیەک کات بیانبینین، هەمووکات ئەو ژوورانەی کە دەمەوێت بیانبینم زۆربەی جار تەنیا یەک کەس دێت رای هەموو ئەوانەی ژوورەکە دەڵێت هەموو ئەوانە بە ئاسانی رۆشتووە، تەنیا جارێک بووە رێگریم لێکرا، بەڵام دووبارەم کردەوەو گوتم دەگەڕێمەوە، چارەسەرکرا ئیتر وادەی چاوپێکەوتنیان بۆ دانام.

لە کۆتایی قسەکانم دەمەوێت بڵێم ئێمە دەستەیەکین دەبێت هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بین، ئینجا بە هەموو ئاین، نەتەوە وپێکهاتەکانەوە، بەڵێن دەدەین کە بەدواداچوون و رێککەوتن بکەین هاوکاربین بۆ هەندێک کێشە و هەوڵدەدەین کە مافی مرۆڤ بەرقەرار بێت، بەشێوەیەکی باشتر کەوا هەرێمی کوردستان ببێتە نمونەیەک بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، لە کۆمەڵگایەک ناژین کە خەیاڵی بێت هەمووشت  لە (100%) دەستەبەر بێت، بەڵام ئەگەر هاتوو پێشێلکاری مافی مرۆڤ بە دروستی دیاری بکرێت داوای چارەسەریش بکەین و لایەنی پەیوەندیدار بە دڵنیاییەوە چارەسەری دەکات، ئینجا ئێمە دەتوانین ئیشی خۆمان بکەین، بۆیە دەمەوێ جەخت لەسەر ئەوەبکەمەوە کە ئێمە نوسینگەمان هەیە، هەر کەسێک کێشەی هەبێت داوای یارمەتی بکات لە بوارەکانی مافی مرۆڤ ئامادەین خزمەتیان بکەین، من وەکو مونا، کە ژمارەی سکاڵاکان زۆر دەبێت هەست دەکەم کەوا متمانەی خەڵکم بەدەست هێناوە، هیوادارم خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی باش بژین و کەرامەتیان بپارێزن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین