بۆچى بۆرسه‌ى عێراق لاوازه‌؟ شیکاری ئابوری

نوچه‌نێت

ئابووریناس و پسپۆڕان داواى فراوانكردنى بازاڕى عێراق بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ راكێشانى كۆمپانیاى زیاتر تا پشكى زیاتر له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ران بخه‌نه‌ڕوو، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ى ئابوورى عێراق بگونجێت. به‌ تایبه‌تیش كه‌ ده‌زانرێت ژماره‌ى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى خراونه‌ته‌ ناو بازاڕه‌كه‌، ته‌نیا 100 كۆمپانیان، ئه‌مه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ى ئابوورى عێراق یه‌كناگرێته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دووى حوزه‌یرانى 2022 راپۆرتێكى له‌سه‌ر بازاڕى كاغه‌زه‌ داراییه‌كانى عێراق "بۆرسه‌" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، بازاڕى كاغه‌زه‌ داراییه‌كان له‌ به‌غداى پایته‌خته‌ و له‌ حوزه‌یرانى 2004 دامه‌زراوه‌، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى ده‌سته‌ى كاغه‌زه‌ داراییه‌كانى عێراق كارده‌كات كه‌ ئه‌مه‌یان ده‌سته‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆییه‌، هاوشێوه‌ى ده‌سته‌ى ئه‌مریكى بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان و بۆرسه‌كان دامه‌زراوه‌.

ته‌نیا 100 كۆمپانیا له‌ بۆرسه‌ى عێراق به‌شدارن 
 

شاره‌زایان پێیانوایه‌ ئه‌و بازاڕه‌ كه‌ بۆرسه‌ى عێراقه‌، له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ى ئابوورى عێراق و ته‌رازووى بازرگانى و داهاتى نه‌ته‌وه‌یى ناگونجێ. دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه‌ گرنگه‌ یاساى ده‌سته‌ى كاغه‌زه‌ داراییه‌كان و كۆمپانیاكان هه‌موار بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كارى بازاڕه‌كه‌ فراوان بكرێت.

مسته‌فا حه‌نتوش ئه‌ندامى لیژنه‌ى نووسینه‌وه‌ى یاساى كۆمپانیاكان له‌ لێدوانێكى بۆ مه‌دا ده‌ڵێ، "بازاڕى كاغه‌زه‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ى عێراق و ته‌رازووى بازرگانى و داهاتى نه‌ته‌وه‌یى ناگونجێ. داهاتى نه‌ته‌وه‌یى عێراق ده‌گاته‌ 230 ترلیۆن ته‌نیا خه‌رجى حكومه‌ت 127-130 ترلیۆنه‌. سه‌باره‌ت به‌ ته‌رازووى بازرگانى و هاورده‌كردن به‌ لایه‌نى كه‌مەوه‌ 50 ترلیۆنه‌، هه‌ندێك جار ده‌گات به‌ 60 تا 70 ترلیۆن دینار. كه‌چى له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌ بازاڕى كاغه‌زه‌ داراییه‌كان ته‌نیا 100 كۆمپانیاى تێدایه‌، ئه‌گه‌ر ناچاركردنى بانكى ناوه‌ندى بۆ بانكه‌كان و كۆمپانیاكان و حه‌واڵه‌كردنى دارایى نه‌بێت، ئه‌وا ته‌نیا 20 كۆمپانیا له‌و بازاڕه‌ ده‌بوون".

حه‌نتوش له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "ئه‌م بارودۆخه‌ به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ روویداوه‌، له‌ ساڵى 2019 یاساى كۆمپانیاكان ئاماده‌ كرا، بڕگه‌یه‌كى تێدا بوو، له‌گه‌ڵ یاسادانه‌ران و به‌رپرسانى تۆمارى كۆمپانیاكانى وه‌زاره‌تى بازرگانى به‌رگه‌كه‌ تاوتوێ كرا. له‌ بڕگه‌كه‌ هاتووه‌، ئه‌و كۆمپانیایه‌ى كه‌ به‌ قه‌باره‌ى زیاتر له‌ ملیارێك هاورده‌ ده‌كات ئه‌وا ده‌بێت به‌شدارى بۆرسه‌ بێت، ئه‌وه‌ى زیاتر له‌ 10 ملیار زیاتر هاورده‌ ده‌كات ناوى ده‌خرێته‌ بۆرسه‌وه‌، به‌ڵام كۆمپانیایه‌ى كه‌ سه‌رمایه‌كه‌ى زیاتر له‌ 12 ملیار دیناره‌ ئه‌وا هه‌ر ده‌بێت ناوى له‌ بۆرسه‌ هه‌بێت، جا هاورده‌كار بێت یان نا. به‌م یاسایه‌ بووایه‌ ژماره‌ى كۆمپانیاكان له‌ بۆرسه‌ ده‌گه‌یشته‌ زیاتر له‌ هه‌زار كۆمپانیا، كه‌چى به‌هۆى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌ هۆى گه‌نده‌ڵى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان، ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ یاساكه‌ هه‌ڵگیرا".

مسته‌فا حه‌نتوش له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "ئێستا ده‌بینین كۆمپانیا هه‌یه‌ به‌ به‌ هاى ده‌یان ملیار هاورده‌ ده‌كات، كه‌چى كۆمپانیاى سنوورداره‌، ئه‌مه‌ چ كۆمپانیایه‌كى سنوورداره‌ كه‌ به‌ به‌هاى 10 تا 20 ملیار ساڵانه‌ هاورده‌ ده‌كات؟ بۆیه‌ ئێستا ده‌بینى بازاڕى عێراق خاڵییه‌ و كۆمپانیاى تێدا نییه‌، لاوازى كۆمپانیاكانیش بووه‌ته‌ هۆى لاوازى وه‌به‌رهێنان، كه‌مى كۆمپانیاكان واته‌ كه‌مى وه‌به‌رهێنان و كه‌مى قازانج".له‌ بۆرسه‌ى عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ملیار پشك ده‌كرێت به‌ به‌ هاى جیاجیا، كه‌ هه‌ندێك جار ده‌گات به‌ چوار ملیار دینار.

بۆرسه‌ى عێراق له‌ 2004وه‌ دامه‌زراوه‌
به‌ هۆى گه‌نده‌ڵى گه‌شه‌ى نه‌كردووه‌
 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ موزهیر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ مه‌دا ده‌ڵێ، " بازاڕى كاغه‌زه‌ داراییه‌كانى عێراق كارگێڕییه‌كى ته‌كنیكى به‌ تواناى هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى بازاڕه‌كه‌، له‌گه‌ڵ رێكخستنى مامه‌ڵه‌كان و پاراستنى مافى موڵكدارێتى، جیا له‌مه‌یشه‌ توانى هه‌یه‌ له‌ چوونه‌ ناو سه‌رده‌مى دیجیتاڵى و دروستكردنى چاكترین په‌یوه‌ندى ته‌كنیكى له‌گه‌ڵ بازاڕه‌ داراییه‌كانى جیهان".

دواى ئه‌وه‌ راوێژكاره‌كه‌ى كازمى دێته‌ سه‌ر كێشه‌كه‌ و ده‌ڵێ، "كێشه‌ و كه‌موكوڕى بنه‌ڕه‌تى له‌ پێكهاته‌ى دامه‌زراوه‌یى چالاكییه‌كانى وه‌به‌رهێنانه‌، كه‌ كه‌رتى ناحكومى پشكدار له‌م بازاڕه‌ له‌ ئه‌ستۆى ده‌گرێت، چونكه‌ هێشتا به‌شدارى كۆمپانیاكان ئه‌وانه‌ى مامه‌ڵه‌ به‌ پشكه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌و بازاڕه‌ لاوازه‌ ئه‌گه‌رهاتوو به‌ كۆبه‌رهه‌مى ناوخۆیى عێراق بكرێت،  واته‌ رێژه‌ى به‌شداربوونى چاكى كۆمپانیاكان له‌ كه‌رتى تایبه‌تى عێراق له‌ كۆى گشتى داهاتدا لاوازه‌، چونكه‌ به‌شدارى كه‌رتى تایبه‌ت تا ئێستا له‌ 37%ى داهاتى نه‌ته‌وه‌یى پێكده‌هێنێ".

موزهیر محه‌مه‌د ساڵح له‌كۆتایى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "پێشكه‌وتنى رۆڵى بازاڕى عێراق بۆ كاغه‌زه‌ داراییه‌كان به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پشت به‌ پێشكه‌وتنى چالاكییه‌ راسته‌قینه‌كانى به‌شداربوو له‌ كۆى به‌رهه‌مى ناوخۆیى ده‌به‌ستێت،  لێره‌دا درك به‌ بنه‌ماكانى ستراتیژییه‌تى پێشخستنى كه‌رتى تایبه‌ت ده‌كرێت، كه‌ ده‌بێت له‌ داهاتوودا به‌شداربوونى كه‌رتى ناحكومى له‌ كۆى داهاتى ناوخۆى بگات به‌ 50% ".

به‌ر له‌ ساڵى 2003 به‌و بازاڕه‌ى ئێستاى كاغه‌زه‌ داراییه‌كان ده‌گوترا "بۆرسه‌ى به‌غدا" كه‌ ئه‌و كات له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، كه‌چى ئێسته‌ ده‌سته‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه‌، له‌ ساڵى 2005 وه‌ ئه‌م بازاڕه‌ بووته‌ تاكه‌ بۆڕسه‌ى عێراق. ئه‌و كاته‌ى له‌ 2004 كرایه‌وه‌ ته‌نیا 15 كۆمپانیا له‌ بۆرسه‌كه‌ به‌شداربوون، كه‌چى ئێستا 103 كۆمپانیان له‌ بواره‌كانى، بانكه‌كان، په‌یوه‌ندییه‌كان، پیشه‌سازى، كشتوكاڵ، بیمه‌، وه‌به‌رهێنانى دارایى، گه‌شتیار و هۆتێله‌كان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین