پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دین فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوون بۆ خۆى ده‌رده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كێشه‌ى عه‌ممار جبوورى پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دین به‌رده‌وامه‌، دواجار به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت خۆى فه‌رمانێكى ده‌ستبه‌كاربوونى بۆ خۆى ده‌ركردووه‌، شوێنگره‌وه‌كه‌ى خۆى دوورخستووه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31ى ئایارى 2022 له‌ میدیاكانى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، عه‌ممار جبوورى كه‌ 19ى ئه‌م مانگه‌ به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران و له‌سه‌ر راسپارده‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ پۆستى پارێزگاریى سه‌ڵاحه‌دین دوور خرایه‌وه‌، بڕیارى ده‌ركردووه‌ شوێنگره‌وه‌كه‌ى دوور بخرێته‌وه‌ و خۆى ده‌ست به‌كار بێت.

له‌ به‌ڵگه‌كه‌ هاتووه‌ته‌، "دوا به‌دواى فه‌رمانى كارگێڕى ژماره‌ 21ى ساڵى 2022 و به‌گوێرەى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى پێماندراوه‌ وه‌ك سه‌رۆكى ده‌زگایه‌ك كه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌، بڕیارى ئه‌مه‌ ده‌درێت: كۆتایى به‌ راسپاردنى عه‌ممار عه‌بدولحه‌سه‌ن دێت وه‌ك پارێزگارى سه‌ڵاحه‌دین به‌ وه‌كاله‌ت، عه‌مار جه‌بر جبوورى وه‌ك پارێزگارى  سه‌ڵاحه‌دین ده‌ستبه‌كار ده‌بێت".

ئه‌وه‌ى له‌م بڕیاره‌ سه‌یر بێت ئه‌وه‌یه‌ خودى عه‌ممار جبوورى بڕیاره‌كه‌ى داوه‌ و واژۆى له‌سه‌ر كردووه‌. رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو جبوورى ویستى له‌ نووسینگه‌كه‌ى خۆى ده‌وام بكات، به‌ڵام پۆلیسى به‌رپرسیار له‌ باڵه‌خانه‌ى پارێزگا رێگه‌یان نه‌دا بچێته‌ ژووره‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین