نیاز ساڵح: نامەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کێشەى هەولێر ـ بەغداى بە نێودەوڵەتى کرد میدیا

نوچەنێت:

سەبارەت بەودوو نامەیەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاراستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى لەرێگەى یونامى ڕۆڵى زیاتر ببینن دەربارەى کێشەکانى نێوان هەولێر – بەغدا و پرسى ى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، نیاز ساڵح ،، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەک دا لە رووداو لە (26/ئایار/2022) دەڵێت، توانیومانە چەند بڕگەیەک بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش زیاد بکەین لە نوێکردنەوەی ئەرکی یونامی، ئەوانەی لە سیستەمی ئەنجوومەنی ئاسایش و پرۆسەی دەرکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش شارەزان دەزانن کە ئەمە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی زۆر زۆر سەخت و دژوارە و ئەو ئیشەی کە لەڕێگەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کراوە، کارێکە کە پێویستی بەوە هەیە نێردەیەکی هەمیشەییت هەبێت لە نیویۆرک کە مانگ بە ساڵ لۆبی بۆ ئەوە بکات کە داواکارییەکانت لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەبەرچاوبگرن، چونکە هەر 15 ئەندامەکە دەنگیان پێدرابوو.

 

 دەقی دیمانەى سەرباز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:

 ــ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە بەغدا و هەولێر دەکات دانوستاندنێکی جیدی و بەردەوام بکەن. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر لە سلێمانی رایگەیاند کە بە نامەیەک داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، وابکەن دانوستاندنێکی بەوشێوەیە ببێت و ئەوانیش سەرپەرشتی بکەن. نێوەڕۆکی ئەم نامەیە چییە و کەی نێردراوە و پەیوەندییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان چۆن بوون لەوبارەوە؟

 نیاز ساڵح: ئەو نووسراوە لەسەرەتای مانگی پێنج بەدیاریکراوی 11ـی 5ـی ئەم مانگە ئەو نووسراوەمان لە لایەن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، نێوەڕۆکی نووسراوەکەش زیاتر دوو بابەتی سەرەکی لەخۆدەگرت کە یەکەمیان ئەوەبوو جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کە رۆڵێکی گەورەتر بدات بە یونامی لە عێراق بۆ ئەوەی لە چارەسەرکردنی کێشەکان هەولێر و بەغدا،  بەپێی دەستووری عێراق زیاتر هاوکار بێت، داواکاری دووەمی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا ئەوەبوو کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان واتە مەرج نییە تەنیا لەو هەڵبژاردنەی کە بڕیارە لە 1ـی ئۆکتۆبەر بکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان هاوکاری هەرێمی کوردستان بکرێت لەڕووی پیشکێشکردنی هاوکاری تەکنیکی لە هەڵبژاردنەکان.

ــ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری کردووە بۆ ئەم دانوستاندنانە؟

نیاز ساڵح: ئەم دانوستاندانە، بڕیارەکە دوێنی دەرچووە، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش تەنیا دوێنێ تەواو بووە، بۆیە هێشتا قسەوباسی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئەگەر دەرفەت هەبێت پێمخۆشە وەکو بەرچاوڕوونییەک هەندێک باس لەوە بکەم کە چۆن توانیمان یەک دوو بڕگەیەک بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش زیاد بکەین لە نوێکردنەوەی ئەرکی یونامی، چونکە بەڕاستی ئەوانەی کە لە سیستەمی ئەنجوومەنی ئاسایش شارەزان، وە لە پرۆسەی دەرکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش شارەزان دەزانن کە ئەمە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی زۆر زۆر سەخت و دژوارە و ئەو ئیشەی کە لەڕێگەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کراوە، کارێکە کە پێویستی بەوە هەیە نێردەیەکی هەمیشەییت هەبێت لە نیویۆرک کە مانگ بە ساڵ لۆبی بۆ ئەوە بکات کە داواکارییەکانت لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەبەرچاوبگرن، چونکە هەر 15 ئەندامەکە دەنگیان پێدرابوو، بۆیە شێوازی ئەنجامدانەکەی بۆ ئێمە ئاسان نەبوو، چونکە نوێنەرایەتیمان لەوێ نییە، بەڵام بەحوکمی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانیمان هەنگاوێکی زۆر باش بنێین، بەتایبەتی لە رۆژانی دوایی لە پێش دەنگدانەکە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی لەسەر هێڵ بوو لەگەڵ بەغدا، واشنتن و لەگەڵ نیویۆرک، بۆ ئەوەی هەم بەرچاوڕوونی بداتە هەموو لایەک لەسەر ئەو داواکارییانەی کە جەنابیان کردوویەتی هەروەها بەرچاوڕوونییان بداتێ لەسەر ئەوەی کە داواکارییەکانیان جەنابیان بۆ هەموو خاکی عێراق، بۆ هەموو گەلی عێراق داواکاری رەوانە، هەروەها سوودی بۆ هەموو عێراق هەیە، چونکە ئەگەر بێینە سەر داواکارییەکان و سەیری داواکاری یەکەم بکەین، ئەگەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بێت، بێگومان بەدڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە هۆی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو عێراق، بۆ هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە، وە ئەگەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن یونامی هاوکاربێت، هاوکاری تەکنیکی پیشکێش بکات، ئەمە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.

ــ ئایا هەنگاوی داهاتووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی چ دەبێت بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە، کە بەهۆی نامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دانوستاندن لەنێوان هەولێر و بەغدا بووەتە داواکارییەکی نێودەوڵەتی؟

 نیاز ساڵح: هەنگاوەکانی داهاتوو، پرسیارێکی قورسە، چونکە دەبێت سەیری دۆخی خۆمان بکەین ئێستا، بەداخەوە هەتا هەموو تاکێک وە هەموو پارتێک لە هەرێمی کوردستان بڕوایەکی تەواوی بۆ دروست نەبێت کە کار بۆ یەکڕیزی کار بۆ گوتارێکی سیاسی هاوئاهەنگ نەکرێت، نە لەسەر ئاستی دەرەوە نە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناتوانین دەستکەوتمان هەبێت، ئەگەر ئەو لێکترازانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە وە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکانیدا لە زاخۆ و لە قەڵاچواڵان ئاماژەی پێکرد، ئەگەر ئەم لێکترازانە بەردەوام بێت، نەک تەنیا ناتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنین، بەڵکو مەترسی ئەوەشمان لەسەرە کە ئەوەی هەشمانە لەوانەیە لەدەستی بدەین، بۆیە یەکڕیزی نێوماڵی کورد، یەکڕیزی گوتاری سیاسیی کورد زۆر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش جێ خۆی بگرێت و سەرکەوتووبێت.

ــ بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە بەشداریی نەتەوەیەکگرتووەکان سەربکەوێت، دەبێ یەکگرتوویی ناوخۆیی هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە دەبینن زەوینەی رێککەوتنی ناوخۆیی حیزبەکانی کوردستان هەیە و رێککەوتن دەبێت؟

نیاز ساڵح: ئەم پرسیارە بەڕاستی مەلەفی من نییە، مەلەفی من پەیوەندییەکانی دەرەوە و دیپلۆماسییە، بەڵام جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکانیدا هەمیشە ئاماژەی بەوە کردووە و هەوڵیشی داوە بەردەوامیش بووە لە هەوڵەکانی کە کار بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد بکات، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە جەنابیان بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس نەکرد، جەنابیان درکی بەوە کردبوو کە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دەبێت بەجیدیی و بە زووترینکات کاری لەسەر بکرێت و ئەو هەوڵانەشی کە داویەتی لە سەردانی بۆ سلێمانی و میوانداریکردنی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەشێکە لەو هەنگاوانە و بەردەوامیش دەبن.

ــ ئەمە جاری یەکەمە دانوستاندنی نێوان هەرێمی کوردستان دەبێتە داواکارییەکی نێودەوڵەتی بە تایبەتی لەگەڵ بەغدا، دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێتەوە داواکارییەکی نێودەوڵەتی وە پرۆژە بڕیار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای کردووە، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە؟

نیاز ساڵح: بەدڵنیاییەوە زۆر زۆر گرنگە، ئێمە دۆخێکمان هەیە، لەبەر ئەوەی کێشەی نێوخۆیی زۆرە، هەم  لە هەرێمی کوردستان و هەم لەگەڵ بەغدا، بۆیە دۆخێکمان هەیە کە رێککەوتنێک هەبێت یان ئەگەر بڕیارێک هەبێت مەرج نییە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، بەڵام ئەگەر وەکو کەسێکی ئەکادیمی یان وەکو شارەزایەکی ئەنجوومەنی ئاسایش سەیری ئەم بڕیارە بکەین، نامەوێ ئاستی چاوەڕوانی خەڵک بەرز بکەمەوە، بەڵام ئەگەر سەیرێکی ئەو بڕیارە بکەین، بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەوە بەنێودەوڵەتیکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، چونکە ئەوە یەکەمجارە ئەنجوومەنی ئاسایش بەوشێوەیە بێتە سەرهێڵ وە بەڕوونی و بە ئاشکرایی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بەشێوەیەکی چالاکانە پشتگیری دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بکات، بۆیە بەدڵنیاییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی خۆی گرتووە، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەوپێشەوە بردووە.

ــ یونامی خۆی دڵخۆشە بەم داوایەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە ئەوەندەی ئێوە ئاگادار بن بێن بەشداربن لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا؟

نیاز ساڵح: بەخۆی ئەرکی سەرەکی یونامی لە عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئەوەیە کە هاوکاری عێراق بکات کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەدڵنیاییەوە ئەوان پێشوازی لێ دەکەن، ئەگەر یوئێنیش ئەو تێڕوانینەی نەدابا ئەو بڕیارە بەوشێوەیە دەرنەدەچوو.

ــ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو هەوڵەی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا کردووە؟

نیاز ساڵح: بەدڵنیاییەوە دەبوو لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکردبا، زۆر سوپاس.. ئەو نووسراوانەی کە ناردوومانن، لە 1ـی 3ـش جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی نارد بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، هەم ئەو نووسراوەی 1ـی 3 و هەم ئەو نووسراوەی 11ـی 5، هەردووکی لەڕێگەی حکومەتی عێراقەوە نێردراونەتە نیویۆرک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش.

ــ سەبارەت بە هەڵبژاردن، لەوێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەکەیدا بە تەواوەتی داوای چی کردووە بۆئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکات؟

نیاز ساڵح: بەشێوەیەکی گشتی داوای هاوکاریمان کردووە لە یونامی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی کە بۆ عێراق کراوە، لەڕووی هاوکاری تەکنیکی و چاودێریکردنی هەڵبژاردن و هەموو ئەو بابەتانە، بەڵام نامەکان زیاتر گشتگیر بوونە لەڕووی داواکاری بۆ هەلبژاردن، بەڵام وەکو پرەنسیپ رەزامەندی لەسەر دراوە، ئینجا دواتر دەمێنێتەوە ئەو وردەکارییانەی لێرە لەڕێگەی نێردەی یونامی دەخرێتە بەردەستمان کە دەتوانن تا چ ئاستێک هاوکاربن لە پشتگیریکردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە