دڵشاد شەهاب: لایەنەکان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەکو چەتری کۆکەرەوەی هەمووان تەماشا دەکەن کوردستانی

نوچەنێت

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەوڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەشڵێت، "لایەنەکان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەکو چەتری کۆکەرەوەی هەمووان تەماشا دەکەن."

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەوڵەکان بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی باڵا لەنێوان لایەنەکان بەردەوامن و لایەنەکانیش بەدەمەوەهاتنیان هەبووە؛ هەوڵیش هەیە بۆ کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنەکان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەکو "چەتری کۆکەرەوەی هەمووان" تەماشا دەکەن گوتیشی، "پەرتەوازەیی گورزی زۆری لێداوین."

دڵشاد شەهاب هۆکاری نەبوونی دەرفەت بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ "بارودۆخی سیاسی" دەگێڕێتەوە و باس لەوەش دەکات کە "دەکرێت لە چوارچێوەی ئامانجێکی نیشتمانیدا یەکبگرینەوە."

بە گوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "یەکێتی و پارتی وەڵامی دەستپێشخەریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان داوەتەوە"، دەشڵێت، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆڵنادات و دەیەوێت یەکڕیزی بێتە ئاراوە."

هاوکات، دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیمارات دەکات، ئەوەش بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی خەلیفە بن زاید، سەرۆکی کۆچکردووی ئیمارات و پیرۆزبایی لە محەممەد بن زاید بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین