وەزيرى دەرەوەى ئێران: لە توركيا قبوڵى ناكەين بەنداو دروست بكات ئێران

نوچەنێت:

حوسێن ئەمير عەبدوليهيان، وەزيرى دەرەوەى ئێران رايگەياند، "دروستكردنى بەنداو لەلايەن توركياوە مايەى قبووڵ كردن نييە."

ئەمڕۆ سێشەممە (10/ى ئايارى 2022) ماڵپەڕى (تەسنيم) بڵاويكردەوە وەزيرى دەرەوەى ئێران لە كۆبوونەوەى ئەنجومەنى شوراى ئيسلامى وڵاتەكەى رايگەياند، "زيادكردنى بەنداوەكانى توركيا بەبێ پێوەر لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوييانەى دەرێژتە خاكى ئێران لاى ئێمە مايەى قبوڵكردن نييە، چونكە ئەوە كاريگەرى لەسەر گەلەكەمان و ناوچەكە دەبێت و ئاستى ئاو لەناوخۆى وڵاتەكەمان كەم دەكاتەوە."

سەبارەت بە هەوڵەكانيشى گوتى، "تا ئێستا سێ جار لە ديدارەكانمان لە نيۆرك و تاران ئەو پرسەم لەگەڵ وەزيرى دەرەوەى توركيا باسكردووە، ئێران سوورە لەسەر بايەخدان بە پرسى دراوسێيەتى و دروستكردنى ئەو بەنداوانە لەسەر سەرچاوەكانى ئاو."

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "هيچ رێككەوتنێكى دوولايەنە لەنێوان تاران و ئەنقەرە لەسەر دروستكردنى بەنداوەكان نييە."

سەبارەت بە وەڵامى توركيا عەبدوليهيان گوتى، "وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياندووە، دروستكردنى بەنداوەكان لەناوچە شاخاوييەكان بۆ بەرهەمێنانى كارەبايە، ئێمە پێويستمان بەم ئاوانە نييە، لە زستان كۆيدەكەينەوە لە هاوين بەریدەدەينەوە."

دەربارەى هەوڵەكانيش ئاشكرايكرد، "بۆ يەكەمجار لە مێژووى پەيوەندييەكانى ئاوى هەردوو وڵات ليژنەيەكى هاوبەش لەشارەزايانى وەزارەتى دەرەوە و وەزارەتى وزەى ئێرانى سەردانى توركيايان كرد، بڕياريشە لەو نزيكانە شاندێكى توركيا سەردانى تاران بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە."

وەزيرى دەرەوەى ئێران ئەوەشى روونكردەوە، "هەموو رێكارە سياسى و ياساييەكان لە نێوان توركيا و ئێران بۆ ئەو مەبەستە گيراوەتەبەر، ئەو گفتوگۆيانەش دەچێتە چوارچێوەى گفتوگۆكان لەگەڵ عێراق و توركيا سەبارەت بە دروستكردنى بەنداوەكان، ئێمە رێگە نادەين هەندێك وڵات نەبوونى ميكانزمى نێودەوڵەتى لەچوارچێوەى گۆڕانكارى كەشوهەوا بقۆزنەوە، چ لە ئێران يا لە عێراق بێت، لەگەڵ حكومەتى عێراقيش بەردەوام لەسەر هێڵين، چونكە پرسى دروستكردنى بەنداوەكانى توركيا زيان بە عێراق و ئێران دەگەينێت."

دەربارەى بەرزنەكردنەوەى سكاڵاى ياسايى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، وەزيرى دەرەوەى ئێران گوتى، "توركيا ئەندام نييە لە پەيماننامەى نيۆرك لە (1997) بۆيە ناتوانين لەو دۆسيە هەنگاو بنێنين، بەڵام رێگەى تر لەبەردەستە لەچوارچێوەى ليژنەى هاوبەش و پەيوەندى ديپلۆماسى چاودێرى ئەو دۆسيە دەكەين."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین