عێراق به‌ ئاشتكردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ سوننه‌كان سه‌رقاڵه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ ناوه‌ندى سیاسى و دادوه‌رى باس له‌ ئاشتكردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ سوننه‌كان ده‌كرێت، بە بەردان و گه‌ڕانه‌وه‌یان، تارق هاشمیش جێگرى سه‌رۆك كۆمارى پێشووتر باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى خۆى بۆ عێراق ده‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى نیسانى2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت، له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ ناوه‌ندى سیاسى و دادوه‌رى و جه‌ماوه‌رى باس له‌ ئاشتكردنه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ سیاسى و عه‌شائیرییه‌كانى سوننه‌ ده‌كرێت. كه‌ زۆربه‌یان تاوانى تیرۆر و گه‌نده‌ڵى سزا دراون.

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر رافع عیساوى وه‌زیرى پێشووترى دارایى عێراق له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ بڕیارى ئازادبوونى درا، دواتر عه‌لى حاتەم سلێمان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شێخه‌كانى هۆزى دلێم ئه‌ویش له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق گه‌ڕایه‌وه‌. چه‌ند رۆژێكیشه‌ باس له‌ ئازادكردنى ئه‌حمه‌د عه‌لوانى ده‌كرێت كه‌ په‌رله‌مانتار بوو به‌ تۆمه‌تى تیرۆر گیراوه‌.

دوێنیش تارق هاشمى له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئاماده‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دادگایى بكرێت. هاشمى جێگرى جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمار بوو. هاشمى و ئه‌وانى تریش له‌ ساڵانى 2011 تا 2014 له‌ سه‌رده‌مێك تۆمه‌تبار كراون، كه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو.

جووڵاندنى ئه‌و دۆسیانه‌ له‌ یه‌ك كاتدا گومانى دروست كردووه‌، چه‌ندان لێكدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ ده‌كرێت، یه‌كێك له‌ لێكدانه‌وه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ له‌ لایه‌ن شیعه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كراون، بۆ ئه‌وه‌ى سنوورێك بۆ هه‌ژموونى محه‌مه‌د حه‌لبووسى دابنرێت به‌سه‌ر سوننه‌كانه‌وه‌، كه‌ هاوپه‌یمانیشه‌ له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین