وه‌زیرى دارایى عێراق: پێویستمان به‌ هاوكارى دارایى هیچ وڵاتێك نییه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى پێویستى به‌ هاوكارى دارایى هیچ وڵاتێكى تر نییه‌، به‌ڵكو خوازیاره‌ وڵاتان له‌ په‌یڕه‌وكردنى پلانى چاكسازى هاوكارى بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى نیسانى 2022 عه‌لى عه‌لاوى له‌ واشنتن له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى و سندووقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى به‌شدار بوو، له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق عه‌لاوى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئێستا وڵاته‌كه‌ى پێویستى به‌ هاوكارى هیچ وڵاتێكى تر نییه‌ و به‌ نیازیش نییه‌ هیچ رێككه‌وتنێكى ئابوورى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بكات.

عه‌لاوى ده‌ڵێ، "له‌ به‌ختى باشمان ئێستا پێویستمان به‌ پاڵپشتى دارایى نییه‌، به‌ڵكو زیاتر پێویستمان به‌ هاوكارى ته‌كنیكى و پاڵپشتى مه‌عنه‌وه‌ى هه‌یه‌ بۆ پرۆگرامى چاكسازیمان".

وه‌زیرى دارایى عێراق باس له‌وه‌یش ده‌كات كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى به‌ ناوى چوارچێوه‌ى ستراتیژى له‌ نێوان ئه‌مریكا و عێراق هه‌یه‌، وا ده‌كات كه‌ عێراق پێویستى به‌ رێككه‌وتنى ترى ئابوورى نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.

عێراق ساڵى رابردوو له‌ قه‌یرانێكى قووڵى دارایى بوو، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت، داهاتى باشتر بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك مانگى رابردوو رایگه‌یاند، ئه‌و داهاته‌ى له‌ فرۆشتنى نه‌وت به‌ ده‌ستى هاتووه‌ له‌ مانگێكدا زياتر لە 11 ملیار دۆلار بووه‌. ئه‌مه‌یش ژماره‌یه‌كه‌ له‌ په‌نجا ساڵى رابردوودا تۆمار نه‌كراوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین