داعش شێوازێكى نوێ له‌ هێرشكردن په‌یڕه‌و ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى عێراق ئاشكراى كردووه‌، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا تیرۆریستانى داعش له‌گه‌ڵ به‌ربانگ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر خاڵه‌ ئه‌منییه‌كان.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى عێراقى له‌ دیاله‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى نیسانى 2022  له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ئاشكراى كردووه‌ له‌ مانگى ره‌مه‌زان تیرۆریستانى داعش شێوازى هێرشه‌كانیان گۆڕیوه‌ . سه‌رچاوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات داعش هه‌میشه‌ شێوازى هێرشكردنه‌كانى ده‌گۆڕێت، بۆئه‌وه‌ى له‌ كتوپڕ تاوانه‌كه‌ى بكات و كه‌مترین زیان بدات.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، داعش له‌گه‌ڵ به‌ربانگ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێ، "ته‌نانه‌ت دوێنێ له‌ ناوچه‌ى عوزێم له‌گه‌ڵ به‌ربانگ هێرشیان كردووه‌، خراپى كه‌شوهه‌واشیان به‌ هه‌ل زانیوه‌ و جلى سه‌ربازییان له‌به‌ركردووه‌". سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ده‌شڵێ، "تۆپى به‌ربانگ بۆ ئه‌وان بووه‌ته‌ كاتژمێرى سفڕ". 

حكومه‌تى عێراق له‌كۆتایى ساڵى 2017 سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر رێكخراوى تیرۆریستى داعش راگه‌یاندووه‌، كه‌چى تا ئێستا پاشماوه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌، له‌ شاره‌كانى "دیاله‌، مووسڵ، سه‌لاحه‌دین، ئه‌نبار، كه‌ركووك" ده‌توانن كرده‌ى تیرۆریستى بكه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین