ئايا پارتى سەعادەت هاوپەيمانى سێيەم لەگەڵ باباجان و داود ئۆغلۆ پێكدەهێنێت؟ شیکاری

نوچەنێت:

هەرچەندە شەش پارتەكە بڕياريان داوە پێكەوە رووبەڕووى ئەردۆغان ببنەوە، بەڵام لەدواى دەرچوونى ياساى نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان، ناكۆكى لەنێوانيان سەرى هەڵداوە، كارامولا ئۆغلۆ، سەرۆكى پارتى سعادە هەوڵدەدات بۆ هەڵبژاردنەكانى ساڵى داهاتوو، هاوپەيمانى سێيەم دروست بكات.

هەر لەسەرەتاوە هاوپەيمانى ئەو شەش پارتە تووشى چەند كێشەيەك بووە، ديارترينيان رێكنەكەوتنە لەسەر كاندێك بۆ سەرۆكايەتى و بەركەوتەى هەڵبژاردنەكان بەگوێرەى ئەو ياسا نوێيەى پەرلەمانى توركيا.

لەچەند رۆژى رابردوو سەرۆكى پارتى سەعادەت رايگەياند، "ئێستا ياساى هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە، ئەو مێزە شەش كەسييە، كەشێكى ترى گفتوگۆى لەنێوان پارتە ئۆپۆزيسيۆنەكان رەخساندووە، بەڵام هيچ پابەندييەك نييە كە دەبێت هەموو كاتەكان پێكەوە كاربكەين." 

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "ئەگەر هەيە بەهۆى ياساى نوێى هەڵبژاردنەكان هاوپەيمانى سێيەم دروست بێت، پارتە بچوكەكان بير لەوە دەكەنەوە پێكەوە هاوپەيمانييەك دروست بكەن، چونكە ئەوە زۆرباشترە لەوەى بە تەنيا بچنە هەڵبژاردنەوە، لەو حاڵەتە ئەگەرى گەيشتنيان بە پەرلەمان زياتر دەبێت."

دواى گفتوگۆ سياسيەكانى ناو ئۆپۆزيسيۆن، كارامولا ئۆغلۆ سەر لە نوێ روونكردنەوەى دا، كە ئەوەى ئەو مەبەستيەتى هاوپەيمانى لە ناو هاوپەيمانى دروست بكەن، بۆ نموونە پارتى ديموكرات هاوپەيمانى لەگەڵ پارتى چاكە پێكەوە لەناو هاوپەيمانى شەش پارتەكە دروست بكەن، كە دەكرێت لەو چوارچێوەيە هەنگاو بنێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆكردن لەسەر پرسەكانى پەيوەست بە هەڵبژاردنەكان پێش دياريكردنى وادەى هەڵبژاردنەكان بە باش نازانم. 

كەمال كليچدار ئۆغلۆ، سەرۆكى جەهەپە رايگەياند، "كارامولا مەبەستى وازهێنان لە هاوپەيمانى ئومەت نەبووە، بەڵكو بەمەستى پێكهێنانى هاوپەيمانيەكى دياريكراوە لەناو هاوپەيمانى ئومەت، كە ئەوەش لە كۆبوونەوەى (24)ى ئەم مانگە گفتوگۆى لەسەر دەكەين."

عەبدولقادر سەيلەفى ئاماژە بەوە دەكات، "ئەو پێشنيازەى كارامولا دڵەڕاوكێكى لاى كليچدار ئۆغلۆ دروستكردووە، كە دەخوازێت ببێتە كانديدى سەرۆك كۆمار، چونكە كليچدار هاوپەيمانى سێيەم بەكارێكى باش نازانێت، پێيوايە ئەوانەى دەچنە ئەو هاوپەيمانييە لە هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى دەنگى پێنادەن، بۆيە ئەگەر هەيە لە كۆبوونەوەى داهاتوو ئۆغلۆ دوو جێگرەوە بۆ هاوپەيمانى سێيەم بخاتە روو، يەكێكيان پارتەكان پێكەوە بچنە چوارچێوەى جەهەپە و پارتى چاكە، بەڵام ئەگەر هەيە پارتى چاكە ئەو پێشنيازە قبوڵ نەكات.

پێشنيازێكى ترى كليچدار ئەوەيە، سەركردەى پارتە بچووكەكانى وەك كارامولا و ئەحمەد داودئۆغلۆ و عەلى باباجان لەو ناوچانەى  جەهەبە پێگەى جەماوەرى بەهێزە خۆيان كانديد بكەن، ژمارەيەك كانديد بدەن بە پارتەكان لەناو ئەو ليستانە."

ياسا نوێيەكەى هەڵبژاردن، پێگەى كليچدارى بەهێز كردووە، ئەو پارتانەى پێش ئەو ياسايە تواناى دانوستاندنيان لەگەڵ جەهەپە هەبوو، دواى ياساكە ئەو توانايەيان لە دەستداوە، بۆيە ئێستا كارامولا و باباجان و داود ئۆغلۆ دەستبەردارى ئەوە بووينە كە كليچدار ئۆغلۆ ناتوانێت سەركەوێت.

 كوبڕا باڕ، نووسەرى تورك دەڵێت، "سەرۆكى جەهەپە باسى لە هەشت بژاردەى جۆراوجۆر كردووە، كە دەكرێت لە پرسى بەشدارى پارتە بچووكەكان بۆ هاوپەيمانى نێوان جەهەپە و پارتى چاكە بەشداربن، ياخود لەنێوان خۆيان هاوپەيمانى بچووك دروست بكەن، بۆيە پارتى ئايندە كە داود ئۆغلۆ سەرۆكايەتى دەكات بەرەو هاوپەيمانى سێيەمە، چونكە يەكشەممەى رابردوو رايگەياند، ئێمە و پارتى ديموكراسى پێشكەوتن بەرنامەى هاوشێوەمان هەيە، ناتوانين جياوازيي نێوانمان بۆ جەماوەرى خۆمان روون بكەينەوە، يۆيە ئەگەر ئێمە پێكەوە بچينە هەڵبژاردنەوە، ئەوە لە (10%) زياتر بەدەستدەهێنين."

هەرچى پارتى ديموكراسى و پێشكەوتنە دوو بۆچوونى هەيە، يەكەم پێيوايە لە چوارچێوەى ئاكپارتى خاوەنى جەماوەرێكى سەرەكييە دەتوانێت بۆخۆى رايكێشێت، بۆيە پێويست ناكات ئەو جەماوەرە موحافزكارە لەخۆى دووربخاتەوە، سياسەتى ئەو پارتە لەگەڵ پارتى ئاييندە و سعادە لێك نزيكە، بۆيە دەكرێت لە داهاتووێكى نزيك لە هاوپەيمانييەك يەك بخرێن.

بۆچوونى دووەمى، بەتەنيا بەشدارى هەڵبژاردنەكان بكات، چونكە ئەو سايەتەى پێشوو چارەسەرى كێشەكانى توركيا ناكات.

سەبارەت بە پارتى چاكەش، ئەو نووسەر پێى وايە، "پارتى چاكە دەيەوێت دەنگەكان كۆبكاتەوە، بۆيە زۆر بەدەم دروستكردنى هاوپەيمانى سێيەم نييە، كە لە پارتە بچووكەكان دروست بكرێت، بەڵام گومانێك هەيە بەرانبەر ئۆپۆزسيۆن كە چۆن دەتوانێك ئيدارەيەكى جێگير دروست بكات و پارێزگارى لە هەڵبژاردنەكان بكات."

 محەمەد ئاجا نووسەرى تورك ئاماژە بەوە دەكات، "نزيكەى ساڵێكە كارامولا ئۆغلۆ پێى وايە دەبێت هاوپەيمانييەك لە نێوان پارتەكانى ناو شەش پارتەكە لەسەر بنەمايەكى لۆژيكى دروست بكات، بەوەش دەتوانێت بە ئاسانى بگاتە پەرلەمان، بۆنموونە پارتى ئايندە و پارتى ديموكراسى و پێشكەوتن پێكەوە لە چوارچێوەى پارتى سعادە كۆبنەوە."

چونكە كارامولا پێى وايە ئەگەر حزبەكەى بە تەنيا بچێتە هەڵبژاردن ئەوە ناتوانێت سەركەوتوو بێت، ئەگەر لەگەڵ دوو حزبەكەى تر بێت ئەوە دەرفەتى سەركەوتنى زياترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو كارە لە قۆناغى ئێستا ئاسان نييە، چونكە ئەگەر لە داهاتوو باردۆخەكە بەجۆرێكى تر بگۆڕێت.

محەمەد ئاجاد پێى وايە دۆخى ئێستاى ئەو شەش پارتە ئاماژەيە بۆ كێشەيەكى نوێ، پێچەوانەى ئەو نمايشە كە هەندێك لە ناوەندەكانى ئۆپۆزيسيۆن دەيانەوێت پيشانى بدەن، كە بەرپرسانى ئەو شەش پارتە بەسەر هەموو بەربەستەكان زاڵ دەبن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین