سەردار عەبدوڵڵا: دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ کەس ناتوانێت بڵێت پۆستی سەرۆککۆمار تەشریفاتییە
بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت
نوچەنێت: دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزە، دوای نزیک شەش مانگ لە ئەنجامی هەڵبژاردن حکومەت پێکنەهێنراوە. ئایا پێشبینی هیچ رێککەوتنێک دەکرێت بە بێ فشاری دەرەکی؟
سەردار عەبدوڵڵا: رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەستراوەتەوە بە ئیرادەی دەرەوە، ئەگەر دەرەوە بگاتە رێککەوتن رێککەوتن دەبێت، بە پێچەوانەوە.
نوچەنێت: رایەک هەیە کە دەڵێن، لەم دۆخەدا لەسەر ئاستی دنیای دەرەوە بە تایبەتیش ئەمریکا کەس بایەخ بە عێراق نادات بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە لە ئێستادا شتی گرنگتر لە ئارادایە بۆ ئەوان، رات لەسەر ئەم بۆچوونە چییە؟
سەردار عەبدوڵڵا: ناوچەکەی ئێمە تەنیا ئەمریکا و روسیای لێنییە. ئێران، تورکیا، وڵاتانی کەنداو، بەریتانیا و چین کەواتە تەنیا روسیاو ئەمریکا نین روسیا کەمتر رۆڵی هەیە لە هاوکێشەکانی عێراقدا، بە بوچوونی من ئەوە خوێندنەوەیەکی ورد نییە، ئەوکاتە کە ئەمریکا لە ئەفغانستانیش کشایەوە رای زۆرهەبوو کە دەیانگوت، لە عێراقیش دەکشێتەوە من پێموابوو ناکشێتەوە چونکە هۆکارەکانی کشانەوە لە ئەفغانستان لە هۆکارەکانی کشانەوە لە عێراق جیاوازن.
عێراق و کوردستانیش بە تایبەت بایەخێکی گرنگ و جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی هەیە، واتە لە ئاستی ستراتیژیدا بایەخی هەیە.
شایانی باسە ئێران بە بەردەوامی رۆڵی هەبووە، وڵاتانی کەنداو رۆڵی زیاتریان پەیداکردووە. ئەگەر لیکتێگەیشتنێکی نێودەوڵەتی نەبێت عێراق بایەخێکی زۆری هەیە بۆیان، بەتایبەت لەو دۆخەی کە هەیە بازاڕی نەوت دۆخێکی دروستکردووە. ئەمریکییەکان نەیانتوانیوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعودیە و ئیمارات بگەنە لێکتێگەیشتنێک کە پاڵپشتی سیاسەتی ئەوان بکات لە شەڕی ئۆکرانیا، کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وادەکەن عێراق بایەخی زۆری هەبێت، هەروەها بۆ ئێران پرسی عێراق پرسی مان و نەمانە، سەبارەت بە ئەمریکاش بایەخی ستراتیژی گەورەی ماوە و بۆ بەریتانیا و وڵاتانی تریش هەیەتی.
مەرجەعیەت هێزی جارانی لە سەر شیعەکان نەماوە
نوچەنێت: موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت لەمەودوا پرۆسەی سیاسی لە عێراق بە رێککەوتن بێت، جەنابیشت دەزانی ئەو کێشانە هەبووە حکومەتیش هەر بە رێککەوتن پێکهاتووە و زۆر کێشەش روویداوە، پرسیار ئەوەیە کە یەکەم، ئایا عێراق گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە بە پێی زۆرینە و کەمینە حکومەت پێکبهێنێ؟ دووەم، لەلایەکی ترەوە حکومەتی تەوافقی هەبووە و پشێوی سیاسیش هەر هەبووە؟
سەردار عەبدوڵڵا: خاڵی یەکەم لە عێراق حکومەتی تەوافوقی نەبووە، حکومەتی خولی یەکەمی پەرلەمان لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2010،ی لێدەربچێت حکومەتی تەوافوقی تێدا نەبووە، ئەویش تەوافوقێکە پەیوەندی بە حکومەتەوە نەبووە و پەیوەندی بە دەستورە هەبووە. دەستور هەندێک میکانیزمی تەوافوقی هەبووە و یەک خول کاری پێکراوە و ئەو خولە تەواو بووە میکانیزمەکان وەستاون ئەگینا عێراق تائێستا حکومەتی تەوافوقی بە خۆیەوە نەبینیوە، بێجگە لەو قۆناغە.
خاڵی دووەم، کە زۆر گرنگە میدیا و سیاسییەکانی ئەم وڵاتە فێر بوون لە خۆیانەوە قسە فڕێ دەدەن وەک بە قیتار دەڵێن پلایس و بە پلایس دەڵێن قەمەر سناعی، جارێ ئەمانە دەزانن تەوافوق یانی چی، تەوافوق و مەحاسسە، کە دوو- وشەی عەرەبین، تێکەڵ کراون. دابەش کردنی پشکەکان لە بەینی کۆمەڵێک حزب، مانای تەوافوق نییە، تەوافوق پرسێکە کە تەواو دوور و نزیک پەیوەندی تێگەیشتنی تەبەقەی سیاسی و میدیایی نییە.
هەروەها لە سیستەمی تەوافقی مەرج نییە هەموو لایەک بەشداری تێدا بکات، بە پێچەوانەوە دەکرێ لە سایەی تەوافقدا حکومەتی زۆرینە و کەمینەش هەبێ، بەڵام ئەمجۆرە زۆرینە و کەمینە بۆ ئەوەی زۆرینەکە لە پەرلەمان و دامەزراوەکان، لە حکومەت بە دیموکراسی و دەنگدان زوڵم لە کەمینەکان نەکات و ئەوەی دەتوانێت کەمینەکان بپارێزێت لەناو حکومەتی زۆرینە، پرەنسیپەکانی تەوافوقە. لەبەر ئەوە ئەمە هەڵە تێگەیشتنە، لە لایەن چینی سیاسی، میدیاکار و رۆشنبیری عێراقییەوە.
تا ئێستا لە عێڕاق حکومەتی تەوافوقی نەبووە
نوچەنێت: کەواتە پێتوایە ئەوەی تا ئێستا لە عێراق هەبووە پۆست دابەش کردن بووە نە تەوافقی سیاسی!
سەردار عەبدوڵڵا: حکومەت بە عەقڵیەت و مکانیزمەکانی زۆرینە و کەمینە کاری کردووە. بە هۆی ئەوەی هەموو جارێک لە پەرلەماندا بە زۆرینە و کەمینە یاساکانیان تێپەڕاندووە و یاسای بودجەیان تێپەڕاندووە و زوڵمی گەورەیان لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە. ئەمە سستمی زۆرینە و کەمینەیە. هەموان بەشدار بوون لە حکومەت و دیسان بە زۆرینە و کەمینە لە گەڵ کورددا مامەڵەیان کردووە.
نوچەنێت: پێتوایە حکومەتی تەوافقی لە عێراق چۆن دروست دەبێت؟
سەردار عەبدوڵڵا: بۆ حکومەتی تەوافقی دەبێ میکانیزمەکانی تەوافق بچەسپێنین، پێش هەموویانەوە لەم خولەی پەرلەمان ئەرکی کورد ئەوەیە بەر لەوەی متمانە بە حکومەت ببەخشێ، دەبێ بتوانێت دوو یاسای زۆر گرنگ هەیە تێیانبپەڕێنێت، یاسای تر زۆرن، بەڵام یاسایەک هەیە کە دەتوانێت ببێتە گەرەنتی رێککەوتن، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵییە کە لە ماددەی 65 ی دەستوردا هاتووە دابمەرزێت کە دانەمەزراوە و یاساکەی دەرنەچووە. یاساکەی پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە کە بە- بەڵێ دەنگی بۆ بدەن و ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت و ئەنجومەنەکە دابمەرزێت. ئەو کاتە کە لە پەرلەمان یاسایەک دەر دەچێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، ئەو کاتە یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەتوانێت ئەو یاسایە رەت بکاتەوە. ئەوکاتە کە ئەو یاسا رەت بکاتەوە پەرلەمان نایەت بە زۆرینە و کەمینە یاسا دەر بکات و دێت داوای رێککەوتن دەکات، کە ئەمەیە تەوافق.
یەکێتی و پارتی دەتوانن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان رێکبکەون
نوچەنێت: ئەگەر پلانە سیاسییەکانی ئێران لە عێراق سەری نەگرت، بۆ نمونە ئەو جارەیان ئەو کوتلە و گروپانەی کە دەگوترێت لە ئێرانەوە نزیکن دەنگ کەم بێنن، گرژییەکان لە نێوان کورد و ئێران یان ئەو لایەنە شیعانەی کە لەگەڵ ئێران رێکناکەون چۆن دەبێ؟ پێتوایە شەڕ یان گرژییەکانی ناوماڵی شیعە زیاتر بێت و بگاتە ئاستی شەڕ؟
سەردار عەبدوڵڵا: من پێموایە شەڕ دوو شتی پێویستە، ئەوەیە کە هۆکارێک هەبێ بۆ شەڕ و کەرەستەی شەڕیش هەبێ تاکو شەڕی پێ بکرێ، ساڵانێکە دەگوترێ شیعە هەموو پێداویستی شەڕی هەیە و رێگر هەبووە تا ئێستا بەڵام لە ئێستادا ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەگەری شەڕ زۆر زیاترە لەم دوو رۆژەی لەسەر لێدوانەکانی سرخی دروست بووە ئاماژەن بۆ کە دەستێک هەیە لەدەرەوەش پێی خراپ نییە ئەو شەڕە هەڵبگیرسێت، جاران مەرجەعیەت دەیتوانی رێگری لێ بکات ئێستا مەرجەعیەت ئەو هێزەی نەماوە بۆ رێگری کردن لەو شەڕە. هیوادارم وانەبێت و مەرجەعیەت لاواز نەبووبێت، لاوازبوونی مەرجەعیەت بۆ کوردیش باش نییە، بەڵام پێموایە مەرجەعیەت ئەو کاریگەرییەی جارانی نەماوە. مەرجەعیەت سەنگی دەمێنێت بەڵام کاریگەری جارانی لەسەر شیعە لاواز بووە. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئێران دەوڵەتێکە کە ئەدەواتی زۆرە لە ناوچەکە و یاری دەکات، بووەتە دراوسێ ئیسرائیل و دەیەوێ بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست، لەو لایەکی تریشەوە دەیەوێت "باب المندب" لە رێگەی حوسییەکانەوە کۆنترۆڵ بکات. هەژمونی لە یەمەن، کەنداو، عێراق، سوریا و لە لوبنانیش ئەوە دووجارە ئەو حکومەت پێکدەهێنێت. ئەگەر حکومەتێک بێت سازانی ئێرانی- شیعی- شیعی بێت ئەوە بە سروشتی حاڵ سازانێکی کوردی -کوردیش دەبێت، ئەگەر چی کورد دەیتوانی هەر دوولا پێکەوە (یەکێتی و پارتی) رێککەوتبان لەسەر ئەجێندایەکی هاوبەش لەگەڵ ئێران بگەیشتبانە سازانێک. جۆرێ لە سازانیان لە ناو شیعە دروستکردایە لە گەڵ ئێران، کە پێموایە ئەمە هەڵبژاردنێکی باشە بۆ ئێستا بۆ کورد، کورد دەبێ خۆی لە گرژییەکان و هەڵچوون و داچوونەکانی ناوچەکە بپارێزێ لە ئێستادا.
نوچەنێت: کورد چۆن دەتوانێت خۆی بپارێزێت؟
سەردار عەبدوڵڵا: ئەوەیە کە گرژی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک دروست نەکات و هاوسەنگی رابگرێت و لەو نێوانەدا یاری بکات و کات بکوژێت لە ئاستی پابەندییەکان لەگەڵ دەرەوەدا و لە ناخۆشیدا رێکبکەوێ و هەوڵبدات حکومەتەکە تێبپەڕێت و، رێککەوتنێکان هەبێ بە هەردووکیانەوە سازانێک لەگەڵ ئێراندا بکەن و بابەتی سەرۆککۆمار زۆر ئاسان دەبێت.
نوچەنێت: جەوهەری ململانێی یەکێتی و پارتی، دیارە ناڕاستەوخۆ دابەشبوونی هەرێمییە، یەکێتی پارتی بە ئاراستەیەدا دابەش بوون یان ناکۆکییەکان بەو ئاراستەیەدا هەڵچوون و داچوون دەکات؟ پۆستی سەرۆککۆمار هەموو لایەک دەڵێت پۆستێکی تەشریفاتییە ئەگەر ناکۆکی پارتی و یەکيتی لەسەر ئەو پۆستەیە و ئەویش تەشریفاتییە، کەواتە بۆچی ئەو ناکۆکییە قوڵەی لەسەرە؟
سەردار عەبدوڵڵا: یەکەم ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە بنەڕەتدا لە سەر دەسەڵاتە، کاتێک ئەم ململانێیە دروست بووە دەیان ساڵ لەمەوبەر دەستی دەرەکی نەبووە و کوردیش ئەو کاریگەرییەی لە هاوکێشەکاندا نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو شەڕ و کێشەیە لەسەر دەسەڵاتە. بۆ ماوەیەک خوا هیدایەتی دابوون خەریک بوون رێکدەکەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و ئێستا خوا غەزەبی لێگرتوون و نازانن رێککەون. دووەم لە ئێستا دەستی دەرەکی هەیە و کوردستانیش بایەخی ستراتیژی بۆ جیهان و زلهێزەکان و ناوچەکەش هەیە. سێیەم ناماقوڵییەکی گەورەیە کە دەڵێن پۆستی سەرۆکۆمار پۆستێکی تەشریفاتییە، ئەوە تێنەگەیشتنە، خۆ ئەگەر عەرەبی نازانن دەستور دەقی کوردی هەیە بیریان چۆتەوە کوردی زمانی فەرمییە و ئەوانە دەستوریان نەخوێندۆتەوەزمانی سیاسی نازانن و لە خۆیانەوە قسە فڕێ دەدەن. پۆستی سەرۆککۆمار پۆستێکی یەکجار گرنگە و پڕ دەسەڵاتە و دەسەڵاتێکی زۆر- زۆری هەیە و ئەمە قسەی من نییە و تا پێش ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەریکرد بە دوورخستنەوەی هوشیار زێباری، ئەو قسانە بکرایەت دەمگوت کێشە نییە و تێگەیشتنێکی هەڵەیە، بەڵام ئێستا ئەوەی وا بڵێت دەڵێم ئەوە کەلەرەقی دەکات و بڕیاری داوە بڵێت نا، ئەو بڕیارە بڕیارێکی درێژە، هوشیار زێباری بۆ دوورخستەوە لە مافی خۆپاڵاوتن؟ ناڵێت ئێستا بۆی نییە خۆی بپاڵويت بەڵکو دەڵێت لە داهاتووش بۆی نییە خۆی بپاڵێوێتەوە! هیچ بڕیارێکی دادگای لەسەرە؟ ئەی سکاڵای لەسەرکراوە؟ بەڵێ، ئەی ئەنجام؟ دادگا بێتاوانی کرد، ئەی بەڕێزت لەسەر چ بنەمایەک هاتیت ئەم کەسەت دوورخستەوە؟ ئەڵێ دەستور "حسن السمعە"ی داناوە، ئەو کەسەی خۆی هەڵدەبژێریت دەبێت سومعەی باش بێت و خاوەنی ناوبانگێکی باش بێت، دەڵێت ئەم کەسە پەرلەمان متمانەی لێوەرگرتۆتەوە، ئەی کەی ناوبانگ ئەوەندە گرنگە؟ ئەمەیە خاڵی جەوهەری کێشەکە! ئەڵێ لەبەر ئەوەی سەرۆککۆمار پارێزەری دەستورە، لەبەر ئەوەی سەرۆکۆمار رەمزی پارێزەری سیادە و پارێزەی دەوڵەتە، هەروەها سەرۆککۆمار دەسەڵاتێکی فراوان و بێ ئەندازە گەورەی هەیە، هاوبەشی دەسەڵاتی جێبەجێکارییە لە هەردوو بەشە جێبەجێکاری و یاسادانان دەسەڵاتی جێبەجێکاری لە عێراقدا دووجۆر دەسەڵاتی هەیە، دەسەڵاتێکی جێبەجێکارییە، ئەوەیە کە حکوم لە وڵات دەکات و دەسەڵاتێکی تری تەشریعییە، ئەوەیە کە پرۆژەیاسا دەنێرێ بۆ پەرلەمان حکومەت بە تەنیا دەسەڵاتی ناردنی پرۆژەیاسای هەیە و سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی پرۆژەیاسای هەیە، دەسەڵاتی جیبەجێکاری پێکدێت لە سەرۆککۆمار و ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆککۆمار لەلایەک و ئەنجومەنی وەزیران لەلایەک، ئەگەر خەڵکی بەرژەوەندخواز و لاواز بوونەتە سەرۆککۆمار، ئەوە خەتای دەستور نییە، دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی کەس بۆی نییە بڵێ وانییە، قسەکانی دادگای فیدڕاڵی فەتوان و یەکلاکەرەوەن و کەسیش بۆی نییە بڵێ سەرۆککۆمار دەسەڵاتی نییە و پۆستێکی تەشریفاتییە. خاڵی دووەم لە بنەڕەتدا ململانێکان لەسەر خودی سەرۆککۆمار نییە و سەرۆککۆمار پۆستێکی پڕ دەسەڵاتە لەبەر ئەوەی پڕ دەسەڵاتە دەکرێ ببێتە بابەتی ململانێ.
مەسەلەکە پەیوەندی بە دەرئەنجامی ساڵانێکی هەڵەی سیاسەتی ململانێی پارتی و یەکێتییەوە و هەندێک لایەنی تریشن کە دەکەوێتە سەرخەت، خەتی ئەو ململانێیە ئەم چەند ساڵەی دوایی. هەڵەی سیاسەتی ئەوان هەڵەی پێکەوە کارکردن هەڵەی تێنەگەیشتن لە بەرژەوەندی باڵا، هەڵەی تێنەگەیشتن لە ئەولەویاتی نیشتمانی لە سیاسەتدا گەیاندونی بەو دەرئەنجامی ناتوانن لە سەر هیچ شتێک رێکبکەون. ئەم پرسەیان لە بیر نەچێ کە پۆستی سەرۆککۆمار ئەو پۆستە گرنگ و پڕ دەسەڵاتەیە، لایەنی هەرێمی و بیانیش رۆڵی سەرەکی هەیە لە یەکلاکردنەوەی، واتا هەر ناوخۆیی نییە، ئەو ململانێیەی ئێستا لە عێراق هەیەو رێکناکەون، لەسەر خودی سەرۆککۆمار نییە و ئەوە درۆیەکی گەورەیە.
ساڵی 2010 هەموو کورد یەک بەربژێری هەبوو لە هەموو عێراق بەربژێری تری تێدا نەبوو لە کاتژمێری کۆتایی کەسێک هاتە ژوورەوەو گوتی من بەربژێرم، هەشت مانگ و نیویش حکومەت پێکنەهات، ئەوە تازە عێراق حەوت مانگە حکومەتی پێکنەهێناوە، ئەی ئەو کاتە سەر چی بوو؟ ئەو کاتە شیعە دوو لیستی گەورە بوون، لیستەکەی مالیکی دەوڵەتی قانون و ئیئتلافی وەتەنی، ئەو کاتەش کێشەی سەرۆکۆمارمان نەبوو، ورد نەبوون لە خوێندنەوە وردنەبوونەوە و گوتنەوەی قسەباوەکان، ئەو قسانەی خەڵک تێی نەگەیشتووە و فڕێی دەدات و خەڵکی تریش وەری دەگرێت و فڕێی دەداتەوە، بەدحاڵیبوونێکی گەورەی لە ناوخەڵکدا دروست کردووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگی ستراتیژیان بۆ دنیای دەرەوە هەیە
نوچەنێت: دەڵێن ئێستا ئێرانیش کێشەکەی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نییە و کێشەی لەسەر ئەوەیە کە حکومەتەکەش بەوجۆرە بێت کە خواستی ئەو نەبێت، بۆیە رێگری لە پێکهاتنی حکومەت لە عێراق دەکات رای جەنابت لەوبارەیەوە چییە؟
سەردار عەبدوڵڵا: ئێران لەم قۆناغەدا هێزی ماوە بەڵام هێزی جارانی لەسەر ئەرز و ناو پەرلەمان هاوکێشە سیاسییەکە نەماوە بەو جۆرەی حکومەتەکە بە دڵی ئەو بێت، بەڵام ئێران دەیهەوێ پشکێکی گەورەی هەبێ لەوەی ئەم حکومەتەکە مەترسی بۆ بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەی ئێران دروست نەکات.
لە سایەی ئەوە هەوڵدەدات لە عێراق رۆڵی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. ئەمە خاڵی یەکەم، خاڵی دووەم پۆستی سەرۆککۆمار بۆ ئێرانیش بایەخی هەیە، لەبەر ئەوە ئێران ئەوە نییە بێت و بڵێ ئەوە بکەن بە سەرۆککۆمار، بەڵام ئێران ئەگەر بزانێ لەوانەیە کەسێک ببێت بە سەرۆککۆمار زیان بە بەرژەوەندییەکانی بگەیەنێت لاری نییە لەسەر ئەوە پرۆسەکە رابگرێت. وەک گوتم ئێران دەوڵەتە و خويندەواری هەیە وەک لای خۆمان نییە و قسە فڕێ بدەن و بڵێن پۆستی سەرۆکۆمار دەسەڵاتی نییە. سەرۆکۆمار گرنگە و ئێرانییەکان دەزانن بایەخ و گرنگییەکەی چییە. بۆیە دەڵێم کود دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە بکات و لایەنە کوردییەکان لەناو خۆیدا رێکبکەوێت. جۆرێک لە یەکتێگەیشتن لەگەڵ ئێرانیش دروست بکەن، هەروەها لەگەڵ تورکیا و- وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە پێویستە و پێوێستە هاوسەنگییەک رابگیرێت چونکە کورد بەرگەی ئەوە ناگرێت لە کێشەی وادا خۆی بکات بە لایەن لە ئێستادا و دەبێ کورد یاری بکات.
نوچەنێت: ئایا کاریگەری دەرەوە زۆرترە لەسەر دەسەڵاتی کوردی هەم یەکێتی و هەم پارتی، پێتوایە ئەگەر گرژییە هەرێمییەکە هەر لەو ئاستە بێت. یەکێتی پارتی دەتوانن لە یەک نزیک ببنەوە یان رێککەوتن بکەن؟ واتە ئەگەر ئێران نەیهەوێ یەکێتی و پارتی دەتوانن ئەو رێککەوتن و لێک نزیک بوونەوەیەی کە لە بەرژەوەندی کوردە بیکەن؟
سەردار عەبدوڵڵا: ئەگەر یەکێتی و پارتی ئیرادەی سیاسییان و هوشیاری سیاسی و نیشتیمانییان بەو ئاستەبێت دەتوانن یاری لەگەڵ دۆخەکە بکەن و رێکیش بکەون، بەڵام ئەمەیان نییە.
لەسەر هەندێک بابەتی دیکە دەتوانن رێکبکەون مەرج نییە ئێستا کێشەی سەرۆککۆمار هەیە، دەتوانن لەسەرشتی تر رێکبکەون. بیرمان نەچێ بابەتی گرنگی وەک هەڵبژاردن بەستراون بەیەکەوە، مەلەفەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە سیاسەتی جیهاندا بەستراون بەیەکەوەو بەراوردی پێدەکرێت، دەتوانن لەسەر هەندێ بابەت رێکبکەون، واتە سروشتی ململانێی سیاسی و رێککەوتنی سازانی سیاسی خۆی وایە، بەڵام پێشتر لە تویتێدا نوسیبوم بەو هاوکێشەیەی ئێستا ئەگەر سەرۆککۆمار و هەموو وەزیرەکان پارتی تەنازولی لێبکات بۆ یەکێتی سەدریش تەنازولی سەرۆکوەزیران بکات بۆ عامری، ئینجا نە بەدر و نە یەکێتی ناچنە ناو ئەو هاوکێشەیە و حکومەتەکە پێکناهێنن.
نوچەنێت: ئەی سیناریۆکان چین لەو حاڵەتە؟
سەردار عەبدوڵڵا: سیناریۆکان زۆرن، سیناریۆیەکیان رێککەوتنە بۆ ئەوەی گرژییەکانی جیهان و ناوچەکە، وا لە لایەنەکان بکات دۆخی عێراق نەیگەیەننە تەقینەوە، بۆ نمونە بیبەستینەوە بە دانوستانەکانی ڤییەنا بۆ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، لەلایەکی دیکەوە دۆخی لوبنان گۆڕانکارییەکی گرنگ تیایدا رویداوە، ئەگەرچی دوو بۆ سێ ساڵە چاوەڕوانکراو بوو ئێران دەتوانێ حکومەت پێکبهێنێت لە لوبنان، بەڵام لایەنی ناکۆک لەگەڵ ئێران لە لوبنان، ناهێڵێت ئەو حکومەتە سەربکەوێت، لیرەی لوبنانی دادەڕوخێنێت، سیستەمی بانکی لوبنان تووشی داڕوخان دەکات، وەک بینرا سەرۆکوەزیرانی لوبنان چوو بۆ سعودیە. ئەگەر دۆخی یەمەن هەڵچون و داچونی سەیر تێدا روودەدا ئێستا ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتییان لە یەمەن دروست کردووە و ئەوەش پێشهاتێکی نوێیە. ئەگەر دەورووبەری ناوچەکە ئەوانەی دەرگیرن لە عێراق خۆیان بگەنە بڕوایەک کە پێویستە لێکتێگەیشتنێک بکرێت بۆ عێراق کە توشی گرژی زیاتر نەکرێت، رێککەوتن ئەگەرێکی بەهێزە.
لایەنێکی دیکەش ئەوەیە لایەنانەی کە دژی بەرەی ئێرانن نەیانتوانی سەرۆککۆمار هەڵبژێرن کارەکە تێپەڕێنن، ئەگەر پێکیشی بهێنن ئێران ناهێڵێت بەردەوام بێت وەک چۆن نەیارەکانی ئێران نەیانهێشت حکومەتەکەی سەر بە ئێران لە لوبنان بەردەوام بێت، ئەوانیش ناهێڵن لە عێراق سەرکەوتوو بێت و یەکێک لە ئەگەرەکان هەڵگیرساندنی شەڕی شیعە - شیعەیە، سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە نەگەنە هیچ لەمانە و گرژییەکان لە شتی تردا بتەقێتەوە. هۆکاری گرژی ئەوەندە زۆرە، ئێستا لەسەر ئەو لێدوانانەی سرخی یەک کێشەی هەڵچون و داچون و چەلەحانەیەکی زۆر لەسەر مەسەلەی تایفی و مەزهەبی دروست بێت و بیگەیەننە تەقینەوە.
ئەوانە دەبەنە چوارچێوەی باوەڕە پیرۆزەکانەوە، هەموو ئەو سیناریۆیانە لە ئارادایە و کورد دەبێ بۆ هەموو ئەوانە ئامادە بێت و بزانێت بۆ هەر سیناریۆیەک چۆن مامەڵە بکات، ئەمەش پێشمەرجی هەیە کە کورد لە ناوخۆیدا لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی هەبێ دەست بەوەوە بگرێ لە حکومەتی هەرێم، پێکەوە حکومەت بکەنە دروست بوونی بنەمایەک بۆ لێکتێگەیشتنی تر لەسەر کەیسەکانی تریش.
ئەگەری رودانی شەڕی شیعی-شیعی بەهێزە
نوچەنێت: کاریگەری ئەو ئاڵۆزی و گرژیەی لە عێراق هەیە وەک ئەوەی بەڕێزتان دەڵێن، یەک لە سیناریۆکان یان ئەگەرەکان بۆی هەیە شەڕ دروست بێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت کە ئێمە لە زۆر رووەوە بە عێراقەوە بەستراوینەتەوە؟
سەردار عەبدوڵڵا: کاریگەرییەکەی بەو جۆرە دەکەوێتەوە کە خۆمان مامەڵەی لە گەڵ دەکەین، ئەگەر خۆمان بەسەر بەرەکاندا-دابەش بین خۆشمان شەڕ دەکەین، ئەگەر خوا هیدایەتمان بدات و پێشتر بزانین ئەولەویات و بەرژەوەندی باڵای ئاسایشی نەتەوایەتی لە کوێدایە و خەتی سور بۆ خۆمان دابنێین، پێکەوە دابنیشین و لە سەر ئەوە ئەجێندامان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سیناریۆیەکدا، ئەو کاتە دەتوانین لە ناو ئاگرەکەدا تێپەڕین و لەوسەرەوە بە کەمترین زەرەر و زۆرترین قازانجەوە لێ دەربچین، خەتی سور رونە، خەتی سور بەرژەوەندی باڵای ئەم وڵاتەیە، ئاسایشی نەتەوەیی، گوزەران و بەرژەوەندی خەڵکەکەیەتی، یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنە لەسەر بابەتە هاوبەشەکان. لەسەر ئەو شتانەی پێویستە لێکتێگەیشتنی هاوبەش دروست بێت، هەموو ئەوانەش بەستراونەتەوە بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی خەڵکەوە.
نوچەنێت: پێتوایە ئێستا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەو ئاستەیە بتوانێت ئەو هێڵە سورە دابنێت؟
سەردار عەبدوڵڵا: خوا هیدایەتیان بدات، تەنیا باسی دەسەڵاتی سیاسی دەکرێ، میدیا رۆڵی خراپتر دەگێڕێ لە سیاسییەکان، بیست و پێنج ساڵە باسی رۆڵی خراپی میدیا دەکەم. لە میدیا هەر کەناڵێک و ئاراستەکاری خۆی هەیە، ئاراستە هەیە کە لەدەرەوەی ئەم حزبانەوەیە.
نوچەنێت: پێتوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، هەرێم دەبەسترێتەوە بەو گرژییەی دەوێ یان دەتوانن لەوێ ناکۆکی هەبێ و لێرە رێککەوتنێک هەبێ و هەڵبژاردن بەڕێوەبچێ؟ یان لێرەش هەموو شتێک بەهەمان شێوە پەک دەخرێت؟ ئایا دۆخی هەرێم تەحەمولی ئەوەدەکات؟
سەردار عەبدوڵڵا: دەتوانن لێرە رێکبکەون، ئەوە بەستراوەتەوە بە ئیرادە و بە تێگەیشتن لە بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی لە رێکخستنەوەی ئەولەویات، سیاسییەکان بەم شێوەیە بیر بکەنەوە، دەکرێ کەیسەکان لە یەک جیابکەنەوە، با بەتەواوی دابڕاو نەبن لەیەکتر بەڵام دەتوانن و چارەسەری لەمە ئاسانتر هەیە. من چەند مانگێکە بە هەردوو لایانم وتووە، کە پێکەوە دابنیشن و تێگەیشتنێکی نوێ وەکو کورد نەک وەک یەکێتی و پارتی لەگەڵ دەوروبەر بکەن، لەگەڵ ئێران، تورکیا و کەندا لێکتێگەیشتنێکی تر بکەن، یەعنی لەسەر ئەوەی کە دەتوانن لەسەری رێکبکەون، من ناڵێم لەسەر هەموو شتێک، ئەو کاتە ئەو دەوڵەتانە بە تەبیعەتی حاڵ رێکبکەون خۆ ئەو دەوڵەتانە نایەن تێکت بدەن، چونکە سازانی تۆ لە بەرژەوەندی ئەوانە.
بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەیە لە نێوان کورد و ئەوان، نەک لایەنێکی کوردی و لایەنێکی گەورەی هەرێمی. کەی گرژی دروست دەبێ کاتێک بەرژەوەندی ناکۆک دەبێ و کەی پێکەو کارکردن هەیە ئەو کاتەی بەرژەوەندی هاوبەش هەبێ. ئەگەر وەکو کورد بەرژەوەندی هاوبەش بمانبەستێتەوە بەو وڵاتانەوە، ئەو وڵاتانە هەوڵ نادەن گرژی دروست بکەن. بۆ کێشەمان هەیە لەناخۆدا؟ چونکە کورد وەک حزبی جیا جیا بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ دەورووبەر هەیە و ئەمە هۆکاری ناکۆکییەکانە و هۆکاری دەستێوەردان و کارەساتباری دەرەوەیە لە ناوخۆی کوردستان. چارەسەر ئەوەیە کورد بتوانن لەسەر ئەوەی لەسەر شتێک رێکبکەون کە مومکینە، بۆ قۆناغێک، من لەگەڵ رێککەوتنی سەد ساڵە نیم بۆ ئەم قۆناغە چی بکەین، جا ئەم قۆناغە ساڵێک یان چوارساڵە، بۆئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنین و رێکبکەون لەسەری و بەرژەوەندی کوردی تێدا گەرەنتی بکەن و بزانن چی دەتوانێ ئەمە گەرەنتی بکات لەگەڵ تەواوی وڵاتان.
ئەگەر توانیمان ئەوانە دروست بکەین رێککەوتنە ناوخۆییەکە ئاسان تێدەپەڕێت، ئەگەر ئەمە بکەن کێشەی سەرۆککۆمار بە کاتژمێرێک چارەسەر دەبێت لە کاتژمێری دووەم لەسەر هەڵبژاردن رێکدەکەون.
نوچەنێت: ئەوەی لە راگەیاندن دەیبیستین یان لێدوانی بەرپرسە سیاسییەکان گوایە ئێستا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسی هەڵبژاردن ناکۆکن؟ پێتانوایە ناکۆکیەکە لەسەر ئەو یاسایەیە یان ئەویش لایەنی دیکەی هەیە؟
سەردار عەبدوڵڵا: ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی ناکۆکی و دەمێکە هەیە، یاسای هەڵبژاردنەکان بابەتێکی چارەنوسسازە بۆ لایەنە سیاسییەکان.
میدیا رۆڵی خراپی لە دروستکردنی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە
نوچەنێت: ئەگەر هەر بەو جۆرەی کە یەکێکیان بڵێ درەنگە هەموار ناکرێتەوە و ئەوەی تریان بڵێ، دەبێ هەموار بکرێتەوە لەوێ کێشەکە بەکوێ دەگات؟
سەردار عەبدوڵڵا: لەو حاڵەتەدا هەڵبژاردن ناکرێت.
نوچەنێت: ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت سیناریۆکان چی دەبن؟
سەردار عەبدوڵڵا: ئەوکاتە دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی ئەمانە دەیانەوێ بە چ مەبەست و نیەتێک هەڵبژاردن نەکەن. ئەگەر نییەتیان باش بێت پێکەوە رێککەوتن دەکەن و پێشتریش تەمەنی پەرلەمان و ماوەی سەرۆک درێژ کراوەتەوە دەکرێ ماوەی کۆمسیۆنیش درێژ بکرێتەوە، ئاساییە. ئیرادەی سیاسی فەتوای پێیە بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بەو بڕیارەی دەیەوێت بیدات.
جا ئەگەر ئیرادە سیاسییەکە پێکەوە کارکردن و لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بێت، کە هەندێک ئاماژە بەو ئاراستەیە دەبینم، ئەو کاتە ئەویش تێدەپەڕێت.
نوچەنێت: ئەو ئیرادە سیاسییە هەیە لە کوردستان؟
سەردار عەبدوڵڵا: هەر ئیرادەیەکی سیاسی ناکۆک و چەق بەستوی ناوچەیی هەیە حزبییە، ئەم ئیرادەیە سەنگەر گرتووە، ئەگەر بگۆڕێت بە ئیرادەیەکی رێککەوتن، رێککەوتن باسی ئەوە ناکەم کچ و کوڕێکن شەڕیان بووە و دوایی عاشقی یەک دەبن، رێککەوتن لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش، ئەم حزبانە شەڕی ناوخۆی قورسیان کردووە و دونیایەک دەستی دەرەکی هاتۆتە ناو شەڕەکەوە دواتریش رێککەوتون و ئەجێندای هاوبەشیان هەبووە، حکومەتی پێکەوەییان هەبووە و پشتگیری یەکتریان کردووە، ئیرادەی سیاسی پەیوەندی بە تێگەیشتنی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسییەوە هەیە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment