نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و ریاز چ كاریگەرییەکی لەسەر ئابووری توركیا دەبێت؟ شیکاری

نوچەنێت:

دادگای تاوانەكانی ئیستەمبوڵ، كە بەرپرسە لە پێداچوونەوە بە دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووسی سعوودی، كە لە (2018) لە ناو كونسڵخانەی سعوودیە كوژرا، تا ئێستاش تەرمەكەی دیار نییە، لە كۆتایی هەفتەی رابردوو بڕیاری دا بە فەرمی دۆسیەی تۆمەتبارانی كوشتنی خاشقچی، رۆژنامەنووسی دیاری سعوودی رادەستی حكومەتی ریاز بكاتەوە.

گواستنەوەی ئەو دۆسیە بۆ سعوودیە، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان، ئەوەش پرسیاری زۆری لەسەر هۆكارەكانی ئەو گۆڕانكارییەی توركیا دروستكردووە، كە پێشتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتوندی دەستی پێوە گرتبوو. 

جەنگیز تۆمار، چاودێری سیاسی پێی وایە، "لەسەرەتای بەهاری عەرەبییەوە ئەو دوو وڵاتە ناكۆكبوون، بەڵام دۆسیەی كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە لەناو كونسڵخانەی سعوودییە لە (2018) ناكۆكییەكانی گەیاندە لووتكە، ئێستاش لێكنزیكبوونەوەی سعوودیە و توركیا لە ئەنجامی گۆڕانكاری سیاسەتی نێودەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەمانی رۆڵی ئەمەریكایە لەو ناوچەیە، بۆیە پاشەكشەی ئەمەریكا وا دەكات ئیسرائیل و  میسر و سعوودیە لە توركیا نزیك دەینەوە." 

لە بەشێكی تری قسەكانی روونیكردەوە، "نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و ریاز رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پەیوەندی ئابووری هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەبێت، نەك تەنیا لەسەر ئابووری ئەو دوو وڵاتە، چونكە پێشبینی دەكرێت قەبارەی بازرگانی نێوان توركیا لەگەڵ سعوودیە و میسر و ئیمارات و ئیسرائیل لە قۆناغی داهاتوو بەرزبێتەوە."

گەڕانەوەیەكی سست

لەلایەكی ترەوە ئیسماعیل شایا رایگەیاند، "پەیوەندییەكانی توركیا و سعوودیە بە خێرایی ناگەڕیتەوە بۆ قۆناغی پێشوو، بەڵكو زۆر بە سستی بەرەو پێش دەڕەوات، دۆسیەی خاشقچی تەنیا هۆكارێک نەبوو بۆ تێكچوونی پەیوەندیی نێوانیان، بەڵكو یەكێك بوو لە هۆكارەكان، دوای داخستنیشی دەتوانین بڵێین یەكێك هیچ کێشەیەکى ئەوتۆ نەما بۆ تێكچوونی پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و ریاز."

لەبەشێكی تری قسەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "تا ئێستا چەندین هۆكاری تر هەیە بەربەستن لەبەردەم هەردوولا، كە تێپەڕیاندنیان زۆر قورسە، چونكە تا ئێستا ژمارەیەك وڵات توركیا وەك ركابەر و دوژمنێكی ناوچەیی سەیر دەكەن، ئاواتەخوازن ئەو ئەزموونەی ئێستای توركیا شكستبهێنێت."

دەربارەی بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوانیشیان شایا ئاماژەی بەوە كرد، "لەو قۆناغەی ئێستا ئاستی پەیوەندیان هەندێك چۆتەپێشووە، لە پرسە گرنگەکان پەیوەندییەكان ئاسایی دەبێتەوە، دۆخی هەردوو وڵات لێی دەخواستن پێداچوونەوە بە پەیوەندی نێوانیان بكەن، پێشتر توركیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كە تاوانەكە لەسەر خاكی ئەنجام درابوو دژ بە سعوودیە بوو، لەبەرانبەریشدا سعوودیە لە رێگەی بایكۆتی بەرهەمە سعوودیەكان بەشێوەیەكی لەسەرەخۆ سزای توركیای دا، لە  (2019) لە سێ ملیار و (292) ملیۆن دۆلار بوو، لە ساڵێ  (2020) دابەزی بۆ دوو ملیار و (379) ملیۆن دۆلار، لە (2020) بوو بە (186) ملیۆن دۆلار. 

ئەو سزایانە تەنیا لەسەر هەناردەی توركی نەبوو، بەڵكو كەرتی بەڵێندەرایەتیشی گرتەوە، بەگوێرەی داتای سەندیكای بەڵێندەرانی توركیا، كۆمپانیا توركییەكان لە (2018) داهاتیان لە پڕۆژەكانی سێ ملیار و (43) ملیۆن دۆلار بوو، ئەو بڕە لەناكاو لە (2019) دابەزی بۆ (559) لە (2020) دابەزی بۆ (21) ملیۆن دۆلار.

بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردە

لە سەرەتای ئەمساڵ بەگوێرەی داتاكانی ئەنجومەنی هەناردەكارانی توركیا رێژەی هەناردە لە (25%) بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی هەوڵەكانی لێكنزیكبوونەوەیە.

لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ قەبارەی هەناردەی توركیا گەیشتۆتە (70) ملیۆن دۆلار، كە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەم كاتە (55) ملیۆن دۆلار بوو. 

بەشی زۆری ئەو هەناردانەش لە مانگی رابردوو بوو، كە لە (18) ملیۆن (500) هەزارەوە گەیشتە (58) ملیۆن، بەمەش لەسەر بنەمای ساڵانە لە (215%) زیادی كردووە.

عەلائەدین چنكولەر، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت، "ئاساییبوونەوەی پەیوەندی سعوودیە و توركیا بەشێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر ئابوورى دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت كاریگەری لەسەر ئابووری توركیا هەبێت، بازاڕی سعوودیە بایەخێكی گەورەی بۆ هەناردەكارانی توركیا هەیە، چونكە بەرهەمە توركییەكان بەراورد بە بەرهەمی وڵاتانی تر لە سعوودیە خواستی زۆر زیاترى لەسەرە."
سەبارەت بە كاریگەری پەیوەندی سیاسی لەسەر پەیوەندی ئابووری، یەحییا سەید عومەر رایگەیاند، "ئابووری و سیاسەت پێكەوە بەستراینەوە، ناتواندرێت لێك جیابكرێنەوە، زۆربەی كات ئابووری قەیرانە ئاڵۆزە سیاسیەكانی چارەسەر كردووە، ئەوەش لەسەر توركیا و سعوودیە جێبەجێ دەبێت، هەر نزیكبوونەوەیەكی سیاسی نێوانیان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری هەردوو وڵات دەبێت، چونكە سعوودیە بازاڕێكی گەورە و سەرەكی بەرهەمە توركییەكانە، لە لایەكی تریشەوە وەبەرهێنانی سعوودیە لە توركیا لەبەرژەوەندی هەردوو وڵات دایە، بۆیە هەر وەبەرهێنانێكی نوێ بۆ توركیا پاڵپشت دەبێت بۆ ئابووری توركیا و بەهای لیرە، بەهەمان شێوە كاریگەری دەبێت لەسەر سەرمایەی سعوودی بەهۆی وەبەرهێنانی نوێ لە توركیا."

لەسەرەتای تشرینی یەكەمی (2018) تاوانی كوشتنی جەمال خاشقچی لە كونسڵخانەی سعوودییە لە ئیستەنبوڵ دەنگدانەوەیەكی گەورەی جیهانی هەبوو، تائێستاش داوای شوێنی تەرمەكە و ودەكاری كوشتنەكەی دەكرێت.

لە پێنجی كانوونی یەكەمی (2018) دادگای توركیا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ئەحمەد عەسیری، بەرپرسی هەواڵگری سعوودیە و راوێژكاری پێشووی سعوود قەحتانی، شازادەی جێنشینی پێشووی سعوودییە بەتۆمەتی دەستهەبوون لە كوشتنی ئەو رۆژنامە دەركرد.

لە ساڵی (2020) دادگای سعوودیە، سزای زیندانیكردنی بۆ هەشت كەس دەكرد، كە سزاكەیان لە نێوان حەوت بۆ (20) ساڵ بوو.

لەچەند مانگی رابردوو توركیا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پێشتر ناكۆكیان هەبوو، كاریكرد بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، ئەو هەوڵانەی توركیا بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو فشارانەیە كەوتۆتە سەر لیرەی وڵاتەكەی و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین