حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ پێشێلكردنى ده‌ستوور بێدەنگن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دووه‌م رۆژه‌ عێراق له‌ بۆشاییه‌كى ده‌ستووریدایه‌، حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش لێى بێده‌نگن، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێ، "پێشێلكاریى ده‌ستوور به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت باشتره‌، نه‌وه‌ك وڵاته‌كه‌ بسووتێت".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ حه‌وتى نیسان، دووه‌م رۆژه‌ كه‌ عێراق كه‌وتووه‌ته‌ بۆشایى ده‌ستووره‌وه‌، ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دوو دانیشتن نه‌یتوانى سه‌رۆك كۆمارى نوێى هه‌ڵبژێرێت. ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بى و عێراقییه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، دووه‌م رۆژه‌ عێراق له‌ بۆشایى ده‌ستووریدایه‌، كه‌چى حكومه‌ت و په‌رله‌مان لێى بێده‌نگن و چاویان له‌ دادگاى باڵاى فیدڕاڵییه‌ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بدات.

محه‌مه‌د عه‌نووز په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى زه‌مانى عێراقى، "پێشێلكاریى ده‌ستوور بۆ چه‌ند رۆژ و هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت باشتره‌ له‌ وه‌ى وڵات بسووتێنرێت". عه‌نووز له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌ى گوتوویه‌تى، "ئێمه‌ له‌وه‌ته‌ى ده‌ستوورمان نووسیوه‌، به‌ چه‌ندان شێوه‌ پێشێلى ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م پێشێلكاریى نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌كان له‌م ناكۆكییه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتنى كۆتایى، ئه‌مه‌یش بابه‌تێك به‌ شانۆى سیاسى عێراق نامۆ نییه‌".

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 30ى ئادار په‌رله‌مان سێیه‌م هه‌وڵى خۆیدا بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ و یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و چه‌ند لایه‌نێكى تر بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌یان كرد. بۆیه‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار به‌ڕێوه‌نه‌چوو، چونكه‌ به‌گوێره‌ى ده‌ستوور ده‌بێت دوو له‌ سێى په‌رله‌مانتاران له‌ پرۆسه‌كه‌ به‌شدار بن. 

رۆژێك دواتر موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كه‌ ره‌وته‌كه‌ى براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌،  دووركه‌وتنه‌وه‌ى ره‌وته‌كه‌ى له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت راگه‌یاند و 40 رۆژ ده‌رفه‌تى به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دا. 

دوێنێ شه‌شى نیسان دوایین ده‌رفه‌ت بوو بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام ئه‌ویش به‌سه‌رچوو، بۆیه‌ عێراق ئێستا له‌ بۆشایى ده‌ستووریدایه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین