هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى زۆرینه‌ى سه‌در خه‌مى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ى ئه‌و زۆرینه‌یه‌ى كه‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كارى بۆ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌یش ئاسان نییه‌ و به‌ره‌كه‌ ناچار ده‌بێت ئامرازى ناسیاسى به‌كاربهێنێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ چوارى نیسانى 2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت، له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌  ده‌ستى به‌ دانوستاندن كردووه‌، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و زۆرینه‌یه‌ى كه‌ سه‌در خوازیاریه‌تى به‌ڵام ئه‌مه‌یش ئاسان نابێت، چونكه‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك سه‌در بۆ ماوه‌ى 40 رۆژ هه‌موو پرۆسه‌یه‌كى سیاسى راگرتووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كورد و سوننه‌، سه‌رچاوه‌كان بۆ شه‌رق ئه‌وسه‌ت باسیان له‌وه‌ كردووه‌، دانوستاندنى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كان درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ چاره‌سه‌رى راسته‌قینه‌وه‌ ته‌وافووقه‌.

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ هاوكارى ئێران
كارتى جۆكه‌ر به‌كارده‌هێنێ

 

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرته‌كه‌ى چه‌ند جارێك دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ركى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ دانوستاندن قووڕسه‌ و هێنده‌یشى به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ تا لایه‌نه‌كان رازى بكات، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ په‌نا بۆ ئامرازى ناسیاسى ببات بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر كورد و سوننه‌. 

شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرته‌كه‌ى ده‌ڵێ، “چوارچێوه‌كه‌ توانى پێشكه‌شكردنى پێشنیار فریوده‌رى نییه‌ له‌ حكومه‌تێكدا كه‌ خۆى بۆ ئه‌وه‌ ده‌جه‌نگێ كه‌ پشكێكى به‌ربكه‌وێت، بۆیه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئه‌وه‌ى كاغه‌زى جۆكه‌ر بیر هاوپه‌یمانانه‌ى سه‌در ”له‌ ناوچه‌كانیان" بخاته‌وه‌، چونكه‌ زانیارى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئێرانییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ دانوستاندنه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى گروپێكى پێكدادانیان داناوه‌ بۆ به‌كارهێنانى میلیشیاكانى شیعه‌، كه‌ ئاراسته‌یه‌كى جیاواز له‌ دانوستاندن ده‌ره‌خسێنن".

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت له‌ بڕگه‌یه‌كى ترى راپۆرته‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت هاتووه‌، كه‌ فشارێكى زۆر بخرێته‌ سه‌ر ناوچه‌ى كوردان و سوننه‌كان. رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "تا ته‌واوبوونى ده‌رفه‌ته‌كه‌ى سه‌در، زۆرێك پێشینه‌وه‌ى ئه‌وه‌ له‌ كورد و سوننه‌ ده‌كات كه‌ ناوچه‌كانیان بكه‌وێت به‌ر فشارێكى زۆر. چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ئه‌مه‌ وه‌ك پێشكه‌شى دانوستاندن به‌كارده‌هێنێ، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئامانجیش ئه‌وه‌ نییه‌ هاوپه‌یمانى سه‌در به‌ ته‌وافووق رازى بكات، به‌ڵكو دەیەوێ شه‌كه‌تیان بكات و تواناكیان لاواز بكات له‌ مانه‌وه‌یان له‌ به‌ره‌ى زۆرینه‌دا.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌ تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، ده‌رفه‌تى دانوستاندنى به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌دا، بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى بێ ره‌وتى سه‌در بێت و داوایشى له‌ فراكسیۆنى ره‌وته‌كه‌ى كرد، به‌ ئه‌رێنى و نه‌رێنى نه‌چنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت زانیارى ئه‌وه‌ى به‌ده‌ست كه‌وتووه‌، كه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ رێگه‌ى چه‌ندان لیژنه‌وه‌ دانوستاندن ده‌كات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى رانه‌گه‌ینراو، هه‌روه‌ها ده‌نگۆى ئه‌وه‌یش هه‌یه‌ ئه‌وان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در بكه‌ن، چونكه‌ پێیانوایه‌ ناتوانرێ بێ ره‌وتى سه‌در حكومه‌ت پێكبهێنرێت. به‌ڵكو ئه‌وانا خوازیارن فراكسیۆنى گه‌وره‌ى شیعه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن و لایه‌نه‌كانى تریش به‌شدار بن.

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى نایه‌وێ كورد و سوننه‌ رازى بكات
به‌ڵكو ده‌یه‌وێ لاوازیان بكات


رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چوارچێوه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى بۆ ره‌وتى سه‌در له‌ده‌ستداوه‌، ده‌ستى به‌وه‌ كردووه‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵ ته‌واوى لایه‌نه‌كانى تر بكات، له‌ نێویاندا هاوپه‌یمانه‌كانى سه‌در كه‌ هێزه‌ سوننى و كوردییه‌كانن. وه‌ك ئاشكرایه‌ تا ئه‌م كاته‌ رازیكردنى ئه‌وان ئاسان نییه‌، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیش ته‌وافووقێكى سیاسى نه‌خستووه‌ته‌ڕوو سه‌در له‌ هاوكێشه‌كه‌ ده‌ربكات، چونكه‌ سه‌ركرده‌ى هاوپه‌یمانه‌ شیعه‌كه‌ له‌ چه‌ندان په‌یام گه‌یشتوون كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شى "هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى" و "پارتى " هه‌بووه‌، گرنگترینان مه‌حاڵبوونى پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێزه‌ بێ سه‌در".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین