مەسرور بارزانى: لە ئایندەیەکی نزیکدا گازی سرووشتی بۆ تورکیا و ئەوروپا هەناردە دەکەین کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کوڕبەندى جیهانیى وزە لە ئیمارات ڕایدەگەیێنێت، هەرێمى کوردستان هەنگاوی گرنگ لە بواری بەرەوپێشبردنی تواناکانی کەرتی وزە ناوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (28/ئادار/2022) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بەشداریکردنى کوردستان لە کوڕبەندى جیهانیى وزە گوتارێکى پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، "ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێک لە مێژووماندا، کە ئامادە و راوەستاوین بۆ بنیاتنان، پاش هەموو قوربانیدانمان. ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئه‌وه‌ی کوردستان بكه‌ینه‌ سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا".

مەسرور بارزانى لە شێکى ترى گوتارەکەیدا گووتى، "دڵنیام هەرێمی کوردستان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە لە جیهان، لە ئایندەیەکی نزیکدا گازی سرووشتی بۆ عێراق، تورکیا و ئەوروپا هەناردە دەکەین، بۆ ئەوەی ئاسایشی وزەیان بۆ دابینبکەین."

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وتارەکەى کۆڕبەندى جیهانى وزە ڕاشیگەیاند، "بۆ من زۆر روونە، کە تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە و بنەمای هاوبەش کۆماندەکاتەوە. ئێمە هاووڵاتیانی خۆمان دەپارێزین و خزمەتیان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پەناگە بە خەڵکانی دیكه‌ پێشکەش دەکەین، ئێمە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتین، کە کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر دەکات."

هەروەک دەشڵێت، "چیرۆکی وزەی ئێمە هیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمانپێکرد، 15 ساڵ لەمەوبەر کاتێک یاسای وەبەرهێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ هەریمێك کە لە رۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و له‌گەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردووکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو."

مەسرور بارزانى لە وتارەکەیەدا باسى لەوەکرد، کە گفتوگۆى لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو کردووە، لەبارەی دامه‌زراندنی شاڕێگه‌یەکی شەمەندەفەری ناوچەیی. وەک خۆى دەڵێت "ئەمە وەرچەرخانێک دەبێت بۆ عێراق و ناوچەکە، کە رێگه‌ی بازرگانی نوێ و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی هەماهەنگی ناوچەكەدا دەکاتەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین