وەزارەتى دارایى و ئابوورى ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

لەبارەى دۆسیەى ژمارەیەک بەرپرسى دەروازەى پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، کە دادگاى لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو داوایەکى جوڵاندبوو، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاوکردەوە.

دەقی روونكردنەوەكەى وەزارەتى دارایى و ئابوورى:

دوابەدوای ڕوونکردنەوەمان لە بەرواری (2021/2/11) تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان جووڵاندبووی، بە پێویستی دەزانین کە ڕوونکردنەوە و زانیاری زیاتر بخەینەڕوو.

ئاماژە بە بڕیاری دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری (2021/2/9) تایبەت بە وردینی کردن و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی (نقص) ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان، لە کاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەکان لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە.

ئێمە لە کاتێکدا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە پابەندبوونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە هەمان کاتدا داوا لە دادگاکان و دادوەرە بەڕێزەکان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەرپرس و کارمەندانمان و ماندووبوون و دڵسۆزیان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت.

راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین