فازڵ نەبی: 200 ملیارەکە چووەتە قوڕگی شێرەوە
لاڤین عومەر: نوچەنێت
نوچەنێت: لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت لەبەرزبوونەوەدایە کەچی شرۆڤە ئابورییەکان پێشبینی بارودۆخی دارایی عێراق ناکەن هۆکار چییە؟
د. فازڵ نەبی: بابەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کێشەیەکە. لەڕاستیدا لە عێراق و کوردستانیشدا وایە سیاسییەکان رێگە نادەن ئابوریناس و پسپۆڕەکان ئیش و کاری خۆیان بکەن. هەمیشە دەبینی پەرلەمان رێگە نادات وەزارەتی دارایی ئیش و کارەکانی خۆی بە ڕێکو پێکی بەڕێوە ببات، یاخود سیاسییەکان ناهێڵن هەمووکات پێشیان لێگرتوون ناهێڵن بەشێکی بەرهەمهێنان کە لە بودجە زۆ گرنگە پارەی تەوای بۆ دابنرێت. ئەو رێژەیەی کە بۆی دیاری کراوە بۆ شتێکیان نووسیوە کە خۆیان خێری لێببینن نەک وڵات، بۆیە ئەو گرفتە دروست بووە لە عێراق، ئەگەر وازبهێنن خەڵکی پسپۆڕ لە بوارەکەی خۆی کاربکات وانابێت، پێشتر من ئەو کێشەم هەبوو لە لەگەڵ پەرلەمانی عێراق کە وازیان نەهێناوە ئێمە ئیش و کارەکانی خۆمان بەڕێکو پێکی ئەنجام بدەین، بەتایبەتی بودجە پێویستە بچێتە پەرلەمان لەوێ مسادقە بکرێت، کە دەچێتە پەرلەمان ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا دێت وای لێدێت وەزارەتی دارایی بودجەکەی خۆی نەناسێتەوە، هەموو ئەو شتانە وای کردووە بەراستی لە عێراق نەتوانرێت ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکرێت، بودجە پلانە ئەگەر پلانەکەیان لێتێکدای، کەواتە تۆ ناتوانیت ئامانجەکەت بپێکی.
نوچەنێت: بۆچونت لەسەر دادگای فیدڕاڵی چییە؟ کە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نادەستوری دەزانن؟
د. فازڵ نەبی: بەڕاستی ئەوە بابەتێکی زۆر ناخۆشە من یەکەم رۆژ کە بڕیارەکە دەرچوو، چاو پێکەوتنم لەگەڵ چەند کەناڵێک هەبوو، بە رادیۆی دەنگی ئەمەریکام گوت، بەڕاستی ئەو کارەساتانەی لە دەرەوە بۆمان دێن دەبێت بتوانین رەچاوی بکەین، نەک ئیستفزاز بین، چونکە وات لێ دەکات بڕیاری هەڵە بدەی، بەڵام من وەکو خۆم من دەزانم دوارۆژی ئەو بڕیارە چییە، جیاوازییەکە لێرەدایە من دوور دەبینم دەزانم ئەنجامەکەی زۆر ناخۆشە بۆیە گوتم رۆژێکی رەش و خەمناک بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام نەم مگوت بڕیارەکە نا دەستوورییە،بۆچی؟ چونکە دادگایەکی دەستوری بڕیاری دەرکردووە، ئێمە لە کوردستان نابێت یەکسەر بڵێین ئەو دادگایە نادەستورییە، چونکە نابێ بەرامبەرەکەت زیاتر تووڕە بکەیت، لەجیاتی ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن قوڵتر دەبنەوە، دواتر پێم باش نییە هەرێمی کوردستان بەو شێوە یەکسەر وەڵام بداتەوە، بڵێت ئێمە ئەو بڕیارە جێبەجێناکەین، پێویست بوو بڵێین، ئەوە بڕیارێکی ناخۆش بوو بۆ هەرێمی کوردستا دژ بە خواستەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ بەغدا دەکەوینە دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە چارەسەری کێشەکان بەوە ناکرێت من لەگەڵ حکومەتی عێراقی تێکی بدەم، ئەگەر تێکی بدەم ئەو بڕیارە شتی ناخۆشتری بەدواوە دەبێت، دەبێت ئەو راستییانە بزانین، من هەمووکات لە چاوپێکەوتنەکانمدا ئاگاداری هەرێمی کوردستانم کردووەتەوە، گڵۆپی سورم بۆ داگیرساندون بۆ ئەوەی ئاگاداربن شتێکی وا بەڕێوەیە، بەڵام بەداخەوە بە هەند وەرنەگیراوە توشی کێشە بووین، ئەگەر بەدوایدا نەچین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان شتی زۆر خراپی بەدوادا دێت،پێویست بەوە دەکات هەرێمی کوردستان بە هێمنی رەچاوی بارودۆخەکە بکات ئینجا پلانی بۆ دابنێیت، ئەویش لەڕێگای کەسانی عاقڵ و شارەزا، پلان بۆ دابنێیت بۆ ئەوەی بزانێت چۆن رووبەڕووی ئەو بڕیارە دەبێتەوە لە شۆکی ئەو بڕیارە کەم بکەیتەوە لەسەر هەرێمی کوردستان، پێویستە ئێمە لەگەڵ بەغدا بکەوینە گفتوگۆ چونکە هەموو عەرەبەکان بە سوننەو شیعەوە، بە هەموو هاوپەیمانەکان ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی هەیەو ئەوەشی هاوپەیمانیشی لەگەڵ یەکێتی هەیە هەموویان ئەو بڕیارەیان پێباشە، وەکو عێراق و داوا دەکەن ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ جێبەجێ بکرێت لە پێش هەموویانەوە لایەنگرانی رەوتی سەدر، کەواتە ئەوانەی کە بەڕوکەش دۆستمانن پێیان باشە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، باشە ئەی ئەوانەی کە نەیاری کوردستانن؟ ئەوە بووەتە چەکێکی ئەتۆمی بەدەستی ئەوانەوە هەرکاتێک بیانەوێت بەو چەکە لێمان دەدەن، بۆیە دەبێت ئێستا ئێمە خۆمان رێکبخەین، رێکخستن بە عەقڵ و مەنتق، بە یەکگرتوویی، رێکخستن بەوەی نەک لەسەر پۆستێک کۆمەڵێک بەزم بە یەکتری دەکەین، یەکتر ناشرین کردن، شکاندن ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە ئێمە وەکو کورد دەیکەین، بە بیروبۆچوونی من ئەوە یەکێکە لەو هۆکارانە میللەتێکی50ملیۆن کەسی بە درێژایی مێژوو نەیتوانیوە دەوڵەتێکی هەبێت، کەواتە دەبێت دەرس لەو شتانە وەربگرین. بە یەکگرتووی دەتوانین بەرامبەر ئەو کێشانە بوەستینەوە ئێمە دۆستمان هەیە لە بەغدا بەڵام نەیارمان زۆرترە لە دۆستەکانمان، کەواتە کورد بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە دوو حزبی دەسەڵاتدارن هەموو حزبەکانی تریش دەبێت یەکبگرینەوەو یەک دەنگ بین بەرامبەر ئەو شۆکە گەورانەی کە لە لایەن بەغداوە بۆمان دێت و ئەگەر ئاگادار نەبین شۆکی گەورەتریشمان توش دەبێت، من دووبارە ئاگادارییەکی تر دەدەمە حکومەت، هەرچەندە پێشووتریش ئاگادارم کردنەوە کە 200 ملیارەکەی کوردستان تەگەرەی تێکەوتووە لە دەستەی نەزاهە سکاڵا تۆمارکراوە ئاگاتان لێبێت و بڕۆن پێش بەوە بگرن، کێشەی ئێمە ئەوەیە بەدواداچوون ناکەین بۆ کێشەکان یاخود هەموو کات کێشەکان وەلا دەنێین گرنگی پێنادەین، زوو چارەسەری بنچینەیی بۆ ناکەین ئەگەر چارەسەریشی بکەین، وەکو ئەوەیە تەنیا بەنجێکی لێبدەین، بە بەنج نەخۆش چارەسەر نابێت تۆ دەبێت دەرمانی بۆ بدۆزیتەوە بە شێوەیەکی ریشەیی کێشەکانت لە بەغدا چارەسەر بکەیت ئەوکاتە ئێمە دەتوانین لە بارودۆخێکی گەرەنتیکراودا بژین، ئێستا لە کوردستان لە بچوکترین مرۆڤەوە تا گەورەترین مەبەستم لە دەسەڵات، زانست، دەوڵەمەند، رۆشنبیر، کاسبکار، هەموویان لە دڵەڕاوکێدا دەژین بۆ؟ چونکە نەمانزانیوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانە بکەین کە دیێنە بەردەمان.
تا 20ساڵی دیکەش دەبێ عیراق بە تەوافق بەڕێوەبچێت
نوچەنێت: لە کێشمە کێشمی ئابوری هەمیشە بەغدا بە ناهەق و هەڵە دەزانرێت ئایا لە رووی ئابورییەوە قسەی لەسەر بکەین هەڵەکانی هەرێم چییە؟
د. فازڵ نەبی: زۆر ناخۆشە راستەوخۆ وەڵامی ئەوەت بدەمەوە، پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت من دەزانم کوێم دێشێت، بەڵام ناتوانم ئازارەکەم پیشان بدەم لە بەردەم سۆشیال میدیا، بێگومان نابێت بەردەوام بەرامبەرەکەمان بە هەڵە بزانین، نابێت هەمووکات بەتۆ بڵێم تۆ هەڵەی، ئێمە زۆر هەڵەمان هەبووە لە بەدرێژایی ئەوکاتانە هەمووی بەڵام دەبێت مرۆڤ بەهەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە، هەڵەکانیش زۆربەی هەرە زۆری ئاشکرایە بۆ هەموو میللەت، بۆ دەبێت من هەڵەکانی خۆم بخەمە سەر شانی تۆ؟ ئەگەر دان بەهەڵەکانتدا نەنێیت هەڵەکانت گەورەدەبن بەشێوەیەک تۆ ئیتر ناتوانی چارەسەریان بکەیت.
نوچەنێت: ئایا پێشبینی دەکەن بەغدا هەنگاوی تربنێ بۆ رێگرتن لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان؟
د. فازڵ نەبی: ئەگەر نەگەینە خۆمان و چارەسەری کێشەکە نەکەین، نەیارەکانی کورد چەکیان بەدەستە ئێمە دەبێت کاریگەری ئەو چەکە کەمکەینەوە هەتا ئەو چەکە نەتەقێتەوە بۆیە پێویستە بکەوینە دانوستاندن لەسەر ئاستی زۆر بەرز لەسەر ئاستی هونەری لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لەو بڕیارە دەربچین، ئەگەر ئەوە نەکەین بەڵێ کێشەی زۆر گەورەتری بەدوادادێت.
نوچەنیت: هەمیشە ململانێ سیاسییەکان دەتوانن کێشەی ئابوری قوڵ دروست بکەن؟
د. فازڵ نەبی: بەڵێ بێگومان، چونکە هەمووکات ململانێی سیاسی دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشەی ئابوری یان قوڵکردنەوەی کێشە ئابورییەکان، ئەگەر تۆ پەیوەندی سیاسیشت باشبێت لەگەڵ بەغدا دەمانتوانی پێش لەو بڕیارە بگرین و نەهێڵین جارێ دەربچێت، ئەو سکاڵایەی لە سەر هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە هی ساڵی 2012یە من بیرم دێت کە کێشەیەک روویدا، من خۆم لەناو گرفتەکەدا بووم هەوڵیشمدا کە ئەو گرفتە چارەسەربکەم چونکە چارەسەرکردنی زۆر ئاسان بوو، بەڵام هەندێک لە هاوڕێیان نەیان ویست کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەغدا سکاڵای لە هەرێمی کوردستان کرد لە ساڵی 2012وە، بەڵام ئەو کات دادگای فیدڕاڵی لەبەر ئەوەی حاکمەکانی ئەوکات راستە حاکم بوون بەڵام باگراوندی سیاسیشیان هەبوو زۆربەیان، سکاڵاکەیان تەجمید کرد نەیان ویست جارێ گەورەی بکەن، چونکە دەیانزانی بڕیاردان لەوە چی بەدوواوە دەبێت، بەڵام ئێستا دادگای فیدڕاڵی نوێ حاکمەکانی حاکمی سیاسی نین باگراوندی سیاسیان نییە بۆیە بۆ هەر کێشەیەک سیاسییەکان دەیبەنە بەردەمیان، چونکە سیاسی سکاڵا لە سیاسی دەکات، بەڵام ئەو لە رێگەی کارەکەیەوە کە یاسایە سەیری دەکات سەیری باگراوندی سیاسییەکە ناکات، کەواتە ئەگەر کێشەی سیاسی نەبێت لە بەغدا سیاسییەکان ئەو مەلەفەیان نەدەجوڵاند لە دادگای فیدڕاڵی، چونکە مەلەفەکە تۆزی لەسەر کەوتبوو من بەچاوی خۆم بینیم کە حاکمێک پیشدانیدام لەسەر رەفێک لە ژوورێکی دادگای فیدڕاڵی، بۆیە ئەگەر کێشەی سیاسیت چارەسەر کرد دەتوانی کێشە ئابورییەکان چارەسەر بکەیت ئەگەر زۆر چارەسەری زۆر بنەڕەتیش نەکرێت بەڵام دەکرێت هەر چارەسەر بکرێن، ئەگەر کێشەی سیاسی نەبوایە لەنێوان هەرێم و بەغدا بێگومان ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ وازوو دەرنەدەچوو، خەڵکی بەغدا خۆیان وا تیژ نەدەکردەوە بڵێن دەبێت بڕیاری دادگای فیدڕاڵ جێبەجێ بکرێت، لە پێش هەمووشیانەوە لایەنگرانی رەوتی سەدر کە هاوپەیمانە لەگەڵ ئێمە، 200 ملیارەکەش رانەدەوەستا، راستە سولفە بوو لە رێگەی یاساوە پەیوەستە بە بڕیاری ساڵی 2021 موستەحەقاتی هەرێمی کوردستان نەبوو چونکە ئەگەر موستەحەقاتی هەرێمی کوردستان بوایە لەساڵی 2022بەردەوام دەبوو،بەڵام سولفە بوو رایانگرت بەڵام دەکرا جارێ ئیشی پێبکرێت کەواتە لایەنی سیاسی زۆر گرنگە بتوانیت پەیوەندییە سیاسییەکانت بخەیتە خزمەتی کێشە ئابورییەکان. خۆشمان بەهەمان شێوە ئەگەر میللەتی کورد یەک بوایە، ئەگەر هەموو حزبە کوردییەکان کە ئێستا کورسیان لە بەغدا هەیە پێنج حزبمان هەیە کە کورسییان لە بەغدا هەیە (کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوی ئیسلامی، نەوەی نوێ، یەکێتی، پارتی) ئەگەر ئەوانە هەمووی یەک دەنگ بوونایە ئەوانیش نەیان دەتوانی ئەو قونبەلەیە بتەقێنەوە. کەواتە ئێمە پیویست بەوە دەکات کێشە ناوخۆییەکانمان چارەسەر بکەین ئینجا بچین کێشەی خۆت و خێزانەکانی تر چارەسەر بکەیت، بەرای من دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی عەقڵ و مەنتق، هەموومان بەوشێوە بیر بکەینەوە و دووربین بین، چونکە هەر کێشەیەک بەرامبەر هەرێمی کوردستان رووبدات هەموومان تێیدا زەرەرمەند دەبین کەس تێیدا دەرناچێت و خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە تێیدا بەفیڕۆ دەروات لەوکاتە، جا با ئێمە پێش لەو کێشانە بگرین یەکبین و بشزانین چۆن کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەکەین.
پێویستە حکومەتی هەرێم دانوستان لە گەڵ حکومەتی عیراق بکات
نوچەنێت: دوای تێپەڕبوونی 19 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی بەعس و دامەزراندنی عێراقی نوێ، بۆ چی تا ئێستا کەرتی ئابورییان لە سیاسەت دوورنەخراوەتەوە؟
د. فازڵ نەبی: عێراق دوای روخانی سەدام لە کێشەیەکی سیاسیدا ژیا ئەو کێشە سیاسییەی کە دروست بوو بووە هۆکاری ئەوەی کە کێشەیەکی ئابوریش دروست ببێت، چونکە هەرکەسەو بۆخۆی هەوڵدەدات، هەرکەسەو بیر لەخۆی دەکاتەوە، ئێستا لە عێراق وای لێهاتووە هەرکەسەو بیر لە حزبی خۆی دەکاتەوە لەناو حزبەکەش هەرکەسەو بیر لە گیرفانی خۆی دەکاتەوە ئەوە کێشەکەیە. بۆیە تۆ ناتوانی لە بەغدا چارەسەری کێشەکان بکەی پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە کە ئەو خەڵكە بگەڕێتەوە بۆ سەر رێگا راستەکە، دەبێت کوتلە سیاسییەکانیش بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن بگەڕێنەوە سەر رێگا راستەکە، عێراق تا20 ساڵی تریش دەبێت بە تەوافوق بەڕێوە بڕوات حکومەتی زۆرینەو کەمینە ناخوات، چونکە لە کاتێکی زۆری دەوێت.
نەوەیەکی زۆر لە سەردەمی دیکتاتۆرییەت گەورەبوون بیری دیکتاتۆرییەت لە مێشکیاندایە،ئەوانەی لە ئێمەش گەورەترن، کەواتە زۆر سەختە هەتا لەو فکرە دیکتاتۆرییەتە دەردەچین و دەبین بە دیموکراتی، ئەگەر بێت و کەسێک قسەیەکی ناخۆشت بەرامبەر بکات ئەگەر ساروخێکت پێبێت رەنگە بەو ساروخە لێیبدەی،لە جیاتی بە دووقسەی خۆش تێی بگەیەنین کە ئەو هەڵەیە وانییە، من یەکسەر دەمەوێت بۆکسێکی لێدەم ئەوە کێشەکەمانەوئاسان نییە، من کە لە بەغداش بووم پێم دەگوتن ئێمە دەبێت هەمیشە وابکەین تاکی عێراقی بەخۆیدا بچێتەوە، بەعەرەب و کوردستانیشەوە، ئەگەر وانەکەین مرۆڤ بەخۆیدا بچێتەوە ناتوانین ئابوری وڵات بەرەوو پێش ببەین و نە دەتوانین سیاسەت بکەین، ئەوەی دەیکەین هەمووی درۆو دووروویی و ئاژاوەیە، کەواتە دەبێت لە ئێستاوە بیر لەوەبکەینەوە چۆن دووبارە سەر لەنوێ دەست پێدەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین لە داهاتوو چونکە ئەگەر ئێستا سەیر بکەین کەس لە کەس رازی نییە، ئەو رۆژەی کە بڕیارەکە دەرچوو رادیۆی دەنگی ئەمەریکا یەکسەر پێیان گوتم، دکتۆر تۆ ئەو بڕیارەت زۆر پێ ناخۆشە و زۆریش دڵتەنگی، بەڵام خەڵکی کوردستان زۆریان پێخۆشە ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگە، پێویستە سیاسییەکانمان ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، بۆچی خەڵکی کوردستان ئەو زەربە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت پێیان خۆشە؟ من کوردم چۆن دەبێت پێم خۆشبێت زەربە بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت؟ چونکە رۆحی هاوڵاتیبوون لای خەڵک نەماوە کێ ئەو رۆحییەتەی نەهێشتووە؟ بێگومان سیاسییەکان. ئەوەیە کێشەکە کەواتە متمانەی هاوڵاتی بە حکومەت نەماوە هاوڵاتیان هەست دەکەن لە ژێر زوڵم دەژین موچەی نادرێتی، خزمەتگوزاری نییە، دەرمانی نەخۆشخانە نییە، پارەی خوێندنی زانکۆی ئەهلی نییە کە لە حکومی وەرناگیرێت، نەخۆشخانەی حکومی نییە هەموو ئەوانە وات لێدەکات کینەیەکت بۆ دروست بێت دژی حکومەتەکەی خۆت، ئەوە کارەساتە بۆیە ئەرکی هەردوو حکومەتە هەرێم و بەغدا، کە بەخۆیاندا بچنەوە متمانە دروست بکەنەوە لەنێوان خۆیان و هاوڵاتی، بۆ ئەوەی جارێکی تر هاوڵاتیان متمانەیان پێبکەن و بزانن چۆن وڵات بەرەو پێشەوە دەبەن، هەتا لەو کێشە سیاسیانەدا بژین، رۆژ بەرۆژ توشی گرفتی گەورەتر دەبین.
نوچەنێت: وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان گوتی، هیچ هیوایەکتان بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار نەبێت، ئایا لەم قسەیەدا چەند لەسەر حەقە؟ پێت وایە گۆڕینی نرخی دۆلار یان یاسایەک کێشە لە پەرلەمان دروست بکات؟
د. فازڵ نەبی: زۆربەی خەڵکی بەداخەوە ئەوکات کە خۆیان بە ئابوری ناس و شتیوا دەزانی لەگەڵ ئەوەدا بوون بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار نزمببێتەوە، جارێ بڕیارەکە دەرنەچووبوو من لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا بووم گوتم، ئەوە نەک هەڵەیە بەڵکو کارەساتە بۆ هاوڵاتیانی عێراق، چونکە ناکرێت کێشەیەکی خۆت وەکو حکومەت چارەسەر بکەی لەسەر حسابی خەڵکی هەژار، ئەوە نەزانینە و زوڵمە بەرامبەر بە خەڵک بەڵام بەداخەوە ئەو کات هەموو حزبە سیاسییەکان کە موزایەدە دەکەن دەڵێن دەبێت دینار بەرزکرێتەوە، هەموویان بەشداربوون تێیدا ئەوە دووڕوویی سیاسییە، کەواتە وەزارەتی دارایی ئیشی ئەوە نییە یاری بە نرخی دراو بکات، ئیشی بانکی مەرکەزی عێراقییە من سەدەها جار گوتوومە بانکی مەرکەزی عێراق بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام بەشێک نییە لە حکومەتی عێراق، حکومەتی عێراقی هیچ دەسەڵاتی بەسەر بانکی مەرکەزی عێراقییەوە نییە، دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و ئەنجومەنێکە دەبێت ئەوان بڕیار بدەن بەڵام بەداخەوە لە عێراق سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی گوشاریان لەسەر پارێزگای بانکی مەرکەزی کرد، و لەبەر ئەوەی پارێزگای بانکی مەرکەزی ئەوان دایان نابوو ناچار بوو بچێتە ژێر باری ئەوان و ئەو بڕیارە هەڵەیەندا، ئێستا بەتەمای ئەوەن دووبارە موزایەدەی سیاسی بکەن، بەڵام بە قوتی خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە، ئایا بەرزکردنەوەی نرخی دینار باشە؟ من دەڵێم باشە بەڵام توشی کێشەیەکی تر دەبین کێشەکەی تر چییە؟ ئەگەر تۆ هەموو ساڵێک یاری بە بەهای دینار بکەی خەڵکی متمانەی بە بانکی مەرکەزی و دراو نامێنێت، ئەو دراوە متمانەی خۆی لەدەست دەدات، خاڵی دووەم ئەوەیە ئەگەر تۆ بێت و نرخی دراو بەرز بکەیتەوە زۆربەی بازرگانەکان نرخ وەکو خۆی لێبکەنەوە بەداخەوە خەڵکی عێراق زۆربەی زۆری ئیستغلالی کردووە21٪ لە بەهای دینار هاتە خوارەوە بازرگانەکان 50٪یان بەرزکردەوە لە کاڵاکانیان لەهەندێ کاڵا 100٪ کەواتە هاوسەنگییەک نەبووە لەو نێوەندەدا بۆیە هاوڵاتی دوو زەربەی بەیەکجار بەرکەوتووە، من لەگەڵ ئەوەم بەشێوەیەکی پلە بە پلە بەرزبکرێیتەوە.
نوچەنێت: بە بۆ چوونی تۆ ناردنی 200 ملیار دینارەکە بەیەکجاری وەستاوە یاخود بەغدا بەردەوام دەبێت لە ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە؟
د. فازڵ نەبی: ئەوەی من دەزانم ناتوانم بەزمانم وەسفی بکەم، چونکە مرۆڤ دەبێت هەمووکات لەسەرخۆ بیت، مادام ئێمە باوەڕمان بەخودا هەیە کەواتە دەبێت هەمووکات بە ئومێدەوە بژین، بەڵام 200 ملیارە کەوتووەتە قوڕگی شێر.
وەزارەتی دارایی لە 2021 رازی نەبوو بەوە چونکە بە نایاسایی دەزانی، چونکە سولفە مانگێک و دوومانگە دەبێت تەسفیە بکرێت، خاڵی دووەم کاتێک ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەرچوو ئەو 200 ملیارەی زیاتر سڕکرد، خاڵی سێیەم، حکومەت ئاگای لێنەبوو من ئاگاداربووم بەڵام حکومەتم ئاگادار کردبووە لە رێگەی تەلەفزیۆنی نەیارانی کورد لە بەغدا دژی حکومەتی هەرێم سکاڵایان لە دەستەی نەزاهە کرد. لەوێ نوسراو رۆشتووە بۆ وەزارەتی دارایی و کێشەی بەدوادا هاتووە، پەندێک هەیە دەڵێت کچی خۆم بەقوربانی کوڕی خەڵکی ناکەم کەواتە ئەوانیش ناتوانن خۆیان بە قوربانی ئێمە بکەن. ئەوەش مانای ئەوە نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێت چارەسەری بکات. دەتوانێت لەرێگەی دانوستان و رێگای تر هەن بۆ چارەسەر.
نوچەنێت: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بەرزترین دەسەڵاتە ئایا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دادگایە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت چی بکات؟ ئەمەریکاو ئەوروپا لەبەر ئەوەی چەند کۆمپانیایەکیان هەن لە کوردستان دەتوانن ئەو گوشارە دروست بکەن بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێنەکرێت؟
د. فازڵ نەبی: هاوڕێیەکم دەڵێت ئێمە حەوت دەرسمان وەرگرت لە شەڕی ئۆکرانیا و روسیا، یەکێک لەو دەرسانە وەڵامی پرسیاری تۆیە، دەڵێت پشت بەخۆت ببەستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانت نەکەی پشت بە کەسانی تر ببەستی ئەگینا وەکو ئۆکرانیات لێدێت، پشت بەخۆت ببەستە پشت بە چواردەورت مەبەستە، چونکە کە بەرژەوەندی دروست بوو تۆش بە جێدێڵێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی دەچێتە پاڵ ئەو، بۆیە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پێویست بەوە ناکات کە ئێمە بە توندی بەرەنگاری ببینەوە بەڵکو پێویستە بە عەقڵ و مەنتق کاری لەسەربکەین، هەوڵی ئەوە بدەین چۆن لە کاریگەرییەکانی کەمکەینەوە، ئەوان دەتوانن زۆر شتی تریش بکەن، بەبڕوای منیش ئەوەندە دوژمنمان لە بەغدا زۆرە کە ئەو بڕیارە دەتوانن بەکار بهێنن بۆ ئەوەی شتی تری پێبکەن، بۆیە لە ئێستاوە با زوو خەمی خۆمان بخۆین و چیتر گەورەتر نەبێت بچین چارەسەری کێشەکان بکەن.
بڕیارەکەی بە غدا زۆر مەترسیدارە
نوچەنێت:خەڵکی دەیەوێت تێبگات، لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبۆتەوەو داهات زیادی کردووە بەڵام، بۆچی حکومەت ناتوانێت موچە دابین بکات بە باشی، پێت وایە کێشە جەوهەرییەکە لە کوێ دایە؟
د. فازڵ نەبی: زۆر غەریبە من رێژەیەکم هەیە رێژەکە جێگیرە، بەڵام ژمارە دەگۆڕێت بە بەرزبوونەوەی نرخ و نزم بوونەوەی، بۆنمونە نەوت 48٪ بۆ هەرێمی کوردستان دێت ٤٨٪ ئەگەر بە 30 دۆلار بیفرۆشم دیارە چەند دەکات؟ ئەگەر48٪ بە 60 دۆلار بفرۆشم دەکاتە دووبەرامبەر، 48٪ ئەگەر بە 90 دۆلار بیفرۆشم دەکاتە سێ بەرامبەر، بەڵام منیش خەریکە سەرم لە حسابات تێکدەچێت کە خۆم دکتۆرای بیرکاریم، چۆن ئەو رێژەیە جێگیرە نازانم، زۆر سەیرە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو بارودۆخە بداتەوە و بێنە سەر خەت، کێشەیەکی زۆر هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو داهاتەکانی خۆیدا نییە ئەوە راستییەکە پێویستە خۆیان دانی پێدابنێن خۆیان دەیڵێن بەڵام بەراشکاوی نا، من راشکاوم هەمووکات حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر ئیراداتی نەوتی و نا نەوتیدا نییە، ئەگەر دەسەڵاتی بەسەر هەموو داهاتی خۆیدا هەبێت، زۆر بە ئاسانی لەم کێشەی ئەمڕۆدایە دەربچێت دەتوانێت موچەی خەڵک لە کاتی خۆیدا بدات، دەتوانێت کەرتی پەروەردەی حکومی بەهێز بکات نەخۆشخانە حکومییەکان بەهێز بکات زانکۆکان بەهێز بکات دەرمان بۆ خەڵک بکڕێت. هەموو ئەوانە دەتوانێت بکات.
خاڵێکی تر دەبێت ئەوکەسانەی کە دایان دەنێن لە هەر شوێنێکی ئیدارە دەبێت پسپۆر بیت لەو بوارە، لەوەتەی حکومەتی عێراق دروست بووە تا ئیستا بەڕێوەبەری زەڕیبە لە عێراق کەسێکی دارایی بووە چونکە دەبێت دارایی بێت نەک یاسایی، ئەو بیر لە هێنانە خوارەوە و بەرزبوونەوەی زەریبە دەکاتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە زەریبەمان زۆر لەسەر خەڵک داناوە بەڵام ئیراداتی زەریبە کەم بۆتەوە ئەوان دەڵێن زۆرمان نەکردووە بەکارمان خستووە، بەڵام بۆچی ئیراداتی گشتی زەریبە کەمبۆتەوە، کەواتە من کێشەیەکم هەیە ئەوەندە گوشارم لەخەڵکی کردووە تا خەڵکی بچێت دژی زەریبە بێت، کەواتە پێویستە لە کاتی بڕیاردەرکردنی هەر بڕیارێکمان پێویستە خەڵکی پسپۆر لەو جێگایە بێت ئیش بکات، داراییەک چۆن دەتوانێت بچێتە لەجێگای حاکمێک؟
نوچەنێت: ئێستا هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی بڕیارەکە جێبەجێ نەکرێت، ئایا مەترسیدار نییە؟ چونکە بەغدا هەرکاتێک بییەوێت وەکو کارتێک بەکاری دەهێنێت دژی هەرێم؟
د. فازڵ نەبی: زۆر مەترسیدارە من ناڵێم بڕۆن جێبەجێی بکەن، دەڵێم بڕۆن لەگەڵ عێراق بکەونە دانوستان، مەڵێ بڕیارێکی نادەستوورییە بڵێ بڕیارێکی زاڵمانەیە بۆ هەرێم، بڵێ بڕیارێکی ناخۆش و غەمگینە، مەشڵێ جێبەجێی ناکەم بڵێ ئێمە لەگەڵ بەغدا دەکەوینە دانوستان بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ ئەوەی کەس تێیدا زەرەمەند نەبێت، بۆیە ئەگەر چارەسەر نەکرێت کێشەی گەورەتری بەدواوە دەبێت، ئێمە ئەوەندە کێشەمان زۆرە پێویست ناکات کێشەی تر بۆ خۆمان زیاد بکەین.
نوچەنێت: بەبڕوای تۆ خێراترین چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە چییە؟
د. فازڵ نەبی: هەر دەوڵەتێک کە دەستپێکیان شەڕە لە کۆتاییدا دەبێت دانوستان بکەن، بۆ ئەوەی کێشەکانیان کۆتایی پێ بێت، هەموو کێشەو گرفتێک کۆتاییەکەی دانوستانە بۆیە دەبێت ئێمە بەدوای چارەسەری کێشەکانەوە بین نەک بەدوای قوڵبوونەوەی کێشەکان، لە زانستی بیرکاریدا پەندێک هەیە دەڵێت (فایەر فایتینگ)کە کێشەیەکت بۆ دروست دەبێت وەکو ئاگر کوژێنەوە دەچیت هەندێک ئاگری پێدادەکەیت بۆ ئەوەی جارێ بکوژێتەوە. کێشەیەکی تر دروست دەبێت دەچیت هەندێک ئاوی تری پێدادەکەیت بۆ ئەوەی بکوژێتەوە هەوڵ نادەی بەیەکجاری ئاگرەکە بنبڕ بکەیت ئەم کێشەش هەروایە لەسەرەتاوە کێشەکان چارەسەر نەکراوە هەر ئاوی کەمی پێداکراوە ئاوێکی یەکجارەکی پێدانەکراوە بۆ ئەوەی بنبڕ بێت، بۆیە کۆتا چارەسەر بەبڕوای من دانوستانە و هیچی تر بۆ ئەوەی هەرچی کێشە هەیە بنبڕبێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment