هه‌ڵمه‌تێكى پڕوپاگه‌نده‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستیپێكردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌ڵمه‌تێكى پڕوپاگه‌نده‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ گێڕانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق ده‌ستیپێكردووه‌، رۆژنامه‌یه‌كیش ده‌ڵێ، "لایه‌نه‌كانى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌پشت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌وه‌ن".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نۆى ئادارى 2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ ورده‌كاریى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كات كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ هاشتاگى "گێڕانه‌وى عادل عه‌بدولمه‌هدى" ده‌ستپێكردووه‌. رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ باس له‌ تواناى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كات له‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ هۆى گاڵته‌پێكردنى زۆرێك.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه‌ به‌"عادل عه‌ده‌س" ناسراوه‌، كه‌ عه‌ده‌س به‌ ماناى نیسك دێت، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ڵێنى زیادكردنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى دا، كه‌چى دواتر كه‌مێك نیسك زیادكرا.

ئه‌وانه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن ده‌ڵێن سه‌رده‌مى ئه‌و باشتر بوو، یه‌كێك له‌وان نووسیویه‌تى، "له‌سه‌رده‌مى گه‌نده‌ڵى (مه‌به‌ستى سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى عه‌بدولمه‌هدییه‌) نیسك به‌ هه‌زار و 500 دینار بوو، كه‌چى له‌ سه‌رده‌مى چاكسازى به‌ چوار هه‌زار دیناره‌، بمانگێڕنه‌وه‌ سه‌رده‌مى گه‌نده‌ڵێ". یه‌كێكى تر نووسیویه‌تى، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى نیسكى دابه‌شكرد ناوتان نا ئه‌بوعه‌ده‌س، ئێستایش ئێوه‌ به‌ حه‌سره‌تى نیسكن".

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات  له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كرێت، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ پێشنیارى گێڕانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌. 

عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ تشرینى یه‌كه‌مى 2018 وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌ست به‌كار بوو، دواتر له‌ كۆتایى ساڵى 2019 له‌ژێر فشارى خۆپیشانده‌رانى تشرین ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌. له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ داواى دادگاییكردنى ده‌كرا به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى و كوشتنى خۆپیشانده‌ران.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین