هەردى مێد: پەیوەندییە کەسییەکانى نێچیرڤان بارزانى لەسەر ئاستى دیپلۆماسى و نێودەوڵەتى زۆر گرنگە
نوچەنێت:
سەبارەت بە کاریگەریى بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن و کۆبوونەوەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ هەندێ لە سەرکردەى وڵاتانى بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە، هەردى مێد، لێکۆڵەر و مامۆستا لە بەشى زانستە سیاسییەکان لە زانکۆى سۆربۆن لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (19/2/2022) ئاماژە بەوەدەکات، لە کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن هەرێمى کوردستان وەک ئەکتەرێک دەبیندرا، کە ڕۆڵى هەیە لە دابینکردنى ئاسایشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
هەردى مێد دەشڵێت، پێموایە بوونى هەرێمى کوردستان لەم جۆرە لووتکانە و دروستکردنى ئەم جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییان لەسەر پێگەى هەرێمى کوردستان دەبێت لەدابینکردنى ئەمن و ئاسایش، وە هەروەها وەکو ئەکتەرێک دەبیندرێ لەمەودوا لە ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوین و عێراق، بەڵکو پێموایە هەرێمى کوردستان دەتوانێ لەم ڕوەوە زیاتر کار بکات.
دەقى دیمانەى هەردى مێد، لێکۆڵەر و مامۆستا لە بەشى زانستە سیاسییەکان لە زانکۆى سۆربۆن:
رووداو: لە پەراوێزى کۆنفرانسى میونشن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان وە مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى وڵاتان ئەنجامدا، ئەم کۆبوونەوە و دیدارانە کاریگەرى چى لەسەر ئایندەى پەیوەندییەکانى کوردستان و وڵاتانى دیکە؟
هەردى مێد: ئەم لووتکەیەى کە لە شارى میونشن بەستراوە، تەوەرەى سەرەکى ئەم لووتکەیە زیاتر لەسەر پرسى ئەمن و ئاسایشە، گرنگى بە ئاسایشى خۆیان دەدەن، وە هەموو ئەو ئەکتەرانەى وابەستەى ئاسایشى ئەوروپان بانگیان دەکەن، بێگومان لەمەودوا هەرێمى کوردستان بۆتە بەشێک لەو ئەکتەرانە کە بانگ دەکرێت بۆ ئەم لووتکەیە. ئەمە بۆ خۆى کاریگەریەکى گرنگى دەبێت لەسەر پێگەى هەرێمى کوردستان، وەکو ئەکتەرێک کە ڕۆڵى هەیە لەدابینکردنى ئەمن و ئاسایشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چونکە ئەوروپا تێگەیشتن لەوەى کە ئاسایشى ئەوان بەستراوەتەوە بە ڕۆژهەڵاتى ناوین، لەم ڕووەوە گرنگە کە هەرێمى کوردستان وەکو ئەکتەرێک ببیندرێ لە دابینکردنى ئەمن و ئاسایشى ئەوروپا، لەلایەکى ترەوە بێگومان ئەوە گرنگى دەبێ بۆ بەدەستهێنان و هاوکاریکردنى ئەوروپییەکان، هەروەها ئاگاداربوون لەشەڕى داعش و هەموو ئەو ئاڵنگارییانەى کە دێنە پێش هەرێمى کوردستان.
رووداو: باسى ئەوەتکرد کە خاڵێکى گرنگى کۆنفرانسەکە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرە، کە کوردستانیش لەم بوارەدا پێگەیەکى گەورەى هەیە بەتایبەت دژى داعش، ئەمە وا دەکات وڵاتان زیاتر چاوین لە بەهێزى پەیوەندییەکانیان بێ لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
هەردى مێد: بێگومان هەروەک جەختم لێکردەوە، ئەوروپا لەوە گەیشتوون کە ڕۆژهەڵاتى ناوین کاریگەرى لەڕووى ئاسایشەوە لەسەر ئەوروپا دەبێ، وە لەوڕوەوە هیچ گومانێک لەسەر نەماوە و ئەوروپاش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەى کە دەبێ بێن بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوین.
بۆیە پێموایە بوونى هەرێمى کوردستان لەم جۆرە لووتکانە و دروستکردنى ئەم جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییان لەسەر پێگەى هەرێمى کوردستان دەبێت لەدابینکردنى ئەمن و ئاسایش، وە هەروەها وەکو ئەکتەرێک دەبیندرێ لەمەودوا لە ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوین و عێراق، بەڵکو پێموایە هەرێمى کوردستان دەتوانێ لەم ڕوەوە زیاتر کار بکات.
رووداو: هەرێمى کوردستان چۆن سوود لەو پەیوەندییان وەربگرێ و بەرەوپێشیان ببات؟
هەردى مێد: بێگومان یەکێک لەو شتانەى کە زۆر زۆر گرنگە پێشمەرگەیە، ئەوروپى و ئەمەریکییەکان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى، کە لەمەدوا شەڕى سەر زەمینى ناکەن، بەڵکو زیاتر لەڕووى هێزى ئاسمانییەوە بەرەنگارى تیرۆر دەبنەوە، بۆیە لەسەر ئاستى لۆکاڵ ئەوروپا و ئەمەریکا پێویستیان بە هێزى چەکدار دەبێت، بۆیە لەم ڕوەوە کاریگەریى پێشمەرگە زۆر دەبێت، چونکە بەڕاستى ئەوەى پێویستیان پێى دەبێ پێشمەرگەیە، هەم لە کوردستان عێراق هەم لە کوردستانى سووریا. من پێموایە هەرێمى کوردستان لەم ڕوەوە هەرێمى کوردستان دەتوانێ لەڕووى لەشکرێکى سەربازیى پیشەیى ڕێکخراوەوە کاریگەرى خۆى لەم چوارچێوەیەدا پیشان بدات، وە بایەخى ئەوانى تر بەدەست بهێنێت.
رووداو: ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر یاساى نەوت و گاز کێشە کەوتۆتە نێوانیانەوە بەتایبەت بە هۆى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییەوە، یەکێک لەو تەوەرانەى کە لە کۆبوونەوەکاندا باسى لێوەکراوە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى عێراقە، وڵاتان نیگەران بوون، ئەو نیگەرانییە ڕۆڵى چى دەبێت لەسەر بڕیارەکە؟
هەردى مێد: خۆى لەڕاستیدا ئەم بڕیارە نیگەرانى دروست دەکات ئەم بڕیارەى دادگاى باڵاى فیداڵیى عێراق، هەم لە عێراق هەم لەسەر ناوچەکە و ئەوروپاش دروستى دەکات، دەبێتە مایەى دروست بوونى گرژى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق، ئەمەیش لە بەرژەوەندیى وڵاتانى ئەوروپى دا نییە، نیگەرانییان لا دروست دەکات، نەک تەنها نیگەرانى بەڵکو جۆرێک لە مەترسى دروست دەکات لەسەر ئاسایشى عێراق، چونکە بەڕاستى ئەم بڕیارەى دادگاى فیداڵیى عێراق بەشێوەیەک لە شێوەکان دەبێتە مایەى سەرکۆنەکردنى سیستەمى فیدراڵى، وە یەکێک پایەکانى ئەم سیستەمە ئابوورییە، وە دابەشکردنى سەرچاوە ئابوورییەکانە بۆ بەرهەمهێنانى نەوتە، هەموو ئەوانە ئەمڕۆ کەوتوونەتە ژێر پرسیار و سەرۆکۆنەیەکى گەورەوە.
بۆیە ئەوانە کاریگەرى دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانى حکووتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق لە ڕۆژان و ساڵانى دابێ، بۆیە بۆیە ئەمە نیگەرانى دروست دەکات لەلای ئەوروپییەکان، چونکە ئەوروپییەکان لە ئێستادا قازانجیان لەوەدا نییە کە هیچ جۆر گرژیى و کێشانە لە نیوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق دروست بێت، بۆیە من پێموایە ئەوروپییەکان بەتایبەتى فەرەنسا و یەکێتیى ئەوروپا بەگشتى، لەدەرەوەى ئەوروپاش ئەمەریکاش دەتوانن ڕۆڵییان هەبێ بە هێورکردنەوەى ئەم گرژییانەى کە دروست بوونە، چونکە بەڕاستى خاڵێک هەیە زۆرم پێخۆشە ئاماژەى پێ بکەم.
ئەم گرژییانەى ئێستا دروست بوونە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بە ئەمەریکاوە هەیە، ئەمەریکا دەبێ ڕۆڵى هەبێ، چونکە پێموایە هۆکارى ئەم گرفتانە ئەمەریکایە، چونکە لە (2005) کە دەستوور نووسرایەوە، ئەمەریکییەکان، چونکە لەژێر فشارى نێودەوڵەتى و ڕاى گشتى نێوخۆیى نەبوون، زۆر پەلەیان کرد بۆ ئەوەى دەستوور بە خێرای بنووسرێتەوە، ڕێگەیان نەدا کۆمەڵێک پرس و مژارى زۆر گرنگ سەبارەت بە نەوت و کۆمەڵێک بابەتى تر باس بکرێ، گوتیان ئەمە هەموویان دابخەن، تکایە با ئێمە دەستوور بنووسینەوە، ئەوە بەشێک بوو لەو شتەى کە ئەوان ناویان لێنابوو سەربووردى دروستکردنەوەى دەوڵەتى عێراق، بۆیە ئێستا هەموو ئەو گرفتانەى کە دروست دەبێت بەشێکن لەو پەلەکردنەى کە قازانجى حۆیان تێدا بوو، کە لە (2005) دروستیان کرد، بۆیە پێموایە ئەمڕۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت بە ڕاشکاوانە پەنا بۆ ئەمەریکییەکان بەرێت، وە بە ئەمەریکى و ئەوروپییەکان بڵێ کە دێنەپێشەوە بۆ ئەم دۆسیەیە، چونکە ئەم دۆسیەیە دۆسییەکى گرنگە، دەست بردن بۆ ئەم دۆسیەیە دەستبردنە بۆ هەرێمى کوردستان و سیستەمى فیدراڵى لە عێراق.
رووداو: بەشێک لە سەرکردەکان جەختیان لە پەیوەندییە کەسییەکانیش کردۆتەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەم پەیوەندییە کەسیانە ڕۆڵ و کاریگەرییان دەبێ لە بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى ئەو وڵاتانە و هەرێمى کوردستان؟
هەردى مێد: ئەم پەیوەندییە کەسییانە زۆر گرنگن، زۆرجار خەڵک ڕەخنە لەوە دەگرێت کە دەڵێن نابێ پەیوەندییەکان کەسى بن، بەڵکو دەبێ دەزگایی بێت، بەڵێ بێگومان پەیوەندیى دەزگایى و پەیوەندیى کەسى ڕێى لە یەکترى ناگرن بەتایبەتى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، تۆ دەتوانى هەم پەیوەندیى دەزگاییت هەبێ لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپى هەم دەتوانى پەیوەندیى کەسیت هەبێ، بەڵام ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک پەیوەندى کەسى هەن کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى پێدا، گرنگە ئەو پەیوەندییانە، کە لەڕێگەى ئەو پەیوەندییە کەسییانە هەوڵبدرێت کۆمەڵێک گفتوگۆ دروست بکرێ، وە پیشتوانى بۆ هەرێمى کوردستان دروست بکرێ بەتایبەتى لەسەر ئەو گرفتانەى دروست بووە، بۆیە بە بڕواى من دروستکردنى پەیوەندیى کەسى گرنگە، کاریگەرییان دەبێ، چونکە دواجار دەزگا چییە، ئەو دەزگایانەى کە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى کار دەکەن مرۆڤیان تێدایە، دەتوانی لەگەڵ ئەو مرۆڤانە پەیوەندیى یان جۆرێک لە هاوڕییەتى دروست بکەى، کە لەڕێگەى ئەم جۆرە پەیوەندییانەوە بە ئاقارێکى تر ببەى و بەرەو پەیوەندیى دەزگایی بڕۆى، وە پەیوەندیى و پشتوانى بەدەست بهێنیت، بۆیە ئەم پەیوەندییانە گرنگ کە پەیوەندیى کەسیین بەتایبەتى ، وە پێویستە سڵ لەوە نەکرێتەوە و پەرە بە پەیوەندیى کەسى بدرێ.
س: رووداو
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment