مەسرور بارزانى: خەڵکی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری ماف و داخوازییە نەتەوەییەکانى نابێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى لە ساڵیادى راپەڕێنى (1991)ى خەڵکى کوردستان بڵاودەکاتەوە و تێیدا ڕایدەگەیێنێت، "راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو."

ئەمڕۆ شەممە (5/ئادار/2022)، مەسرور بارزانى، سەرۆکە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامەکێکدا ڕایگەیاند، "ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەك داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین."

 

ده‌قی ناوەڕۆکى په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

لە ساڵیادی راپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانیەوە، توانرا دەستکەوتی مەزن بەدەست بهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.

یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی راپەڕینی 1991 ئەوەبوو، کە هەرگیز خەڵکی کوردستان دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.

ئەمڕۆش پێویستە هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕوتینی کاتی راپەڕین، بەرگری لە دەستکەوت و مافە رەواکانیان بکەن، کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون. 

ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەك داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .

 مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین