ڤانیسا رەشید: لە کۆنفرانسى میونشن پێشوازییەکى زۆر تایبەت لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا میدیا

نوچەنێت:

کاندیدێکى پێشووى پەربەمانى ئەڵمانیا و ئەندامى ئەنجوومەنى شارەوانى ئێستاى میونشن لەسەر ببەشداریکردنى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن لە (18 تاوەکو 20-2-2022) لە ئەڵمانیا لە دیمانەیەکى لەگەڵ ڕووداو لە (19-2-2022) بەشداریکردنى کورد بە شاندێکى باڵاى گەورە کە پێکهاتبوو لە سەرۆکى کوردستان و ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم لە کۆنفرانسى میونشن زۆر گرنگە، ئەمە وا دەکات ئێمەى کورد زیاتر دەربکەوین و ئەوروپا و جیهان لە نزیکەوە ئاگادارى کێشەکانمان بن.

ڤانیسا رەشید، ئەندامى ئەنجوومەنى شارەوانى میونشن ڕاشیگەیاند، کۆنفرانسى ساڵانەى میونشن زۆر گرنگە، چونکە ئەو کێشانەى لە جیهان هەیە، بەبێ ئایدۆلۆژیاى حیزبى و وڵاتان دەتوانرێ کێشەکان چارەسەر بکرێ، واتە میونشن شوێنێکى دیپلۆماسییە بۆ گفتوگۆکردن، هەروەک سەرۆکى کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن گوتى، ئەوەى گفتوگۆ دەکات دەست بۆ چەک نابات.

 

دەقى دیمانەى ڤانیسا رەشید، ئەندامى ئەنجوومەنى شارەوانى میونشن:

رووداو: بەشدارى هەرێمى کوردستان بەمشێوەیە، وە ئەو پێشوازییە گەرمە کە لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا، چ پەیامێکى هەیە؟

ڤانیسا رەشید: پەیامێکى زۆر زۆر گرنگى لە خۆى گرتووە بەتایبەت ئێمەى کورد ئێستا لە جیهاندا دیارین، پێشر ئەو وڵاتانەى کە تێیداین لەژێر چەترى ئەوان بووین خۆمان دیار نەبووین، بەڵام لەوەتەى لە (2014)وە ئێمە توانیمان دژى داعش شەڕ بکەین، هاوپەیمانێکى باشى ئەمەریکا و ئەوروپاین، لەوکاتەوە بە شێوەیەکى تر دەمانبینن، گرنگیشە ئێمە بەشداربین لەو کۆنگرەیەى کە لە (1963)وە لە میونشن هەیە، ئەمساڵ پێشوازییەکى زۆر زۆر گەرم و جوان لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرا.

رووداو: گرنگى ئەم کۆنفرانسانە و بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان بەمشێوەیە، هەرێمى کوردستان چۆن دەتوانێ سوود لەم دەرفەتانە وەربگرێت؟

ڤانیسا رەشید: بەتایبەت ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەیەکى تایبەتە، چونکە ڕێکخراوێکى مەدەنى بێلایەنە کە لە (1963)وە ئەم کۆنفرانسەى دروستکردووە، کە ساڵ بە ساڵ گەورەتر بووە، بەڵام ئەم کۆنفرانسە خۆیان بانگهێشتنامە بۆ وڵاتەکان و بوارەکانى بازرگانى و مەدەنى و سەربازیى بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە، بۆیە ئەم شوێنە زۆر گرنگە، چونکە ئەو کێشانەى لە جیهان هەیە، بەبێ ئایدۆلۆژیاى حیزبى و وڵاتان دەتوانرێ کێشەکان چارەسەر بکرێ، واتە میونشن شوێنێکى دیپلۆماسییە بۆ گفتوگۆکردن، هەروەک سەرۆکى کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن گوتى، ئەوەى گفتوگۆ دەکات دەست بۆ چەک نابات.

رووداو: بەو پێیەى خۆت لە ساڵانى ڕابردوو خۆت بەشداریت لە کۆنفرانسەکە کردووە، ئایا لەڕووى دیپلۆماسییەوە چ پێگەیەک بە هەرێمى کوردستان دەبەخشێت، بەشداریکردنى لەو کۆنفرانسەدا؟

ڤانیسا رەشید: بۆ ئێمەى کوردستان زۆر گرنگە بەتایبەت لەڕێگەى نێتۆرکینگەوە، نێتۆرکینگ واتە ئەگەر کوردستان بیەوێت پشتگیرى هەبێ لە نێو وڵاتان بەتایبەت ئەمەریکا و ئەروپا، ئێمە پێویستمان بە دۆستە، دۆستیش چۆن دروست دەبێت لەڕێگەى کۆنتاکت و نێتۆرکینگەوە کە دەبێ خۆمان نیشان بدەین، ئێمەى کورد کێین؟ بۆچى گرنگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق بوونمان هەبێ. ئێستا بیرێک لە داعش بکەینەوە، هەروەها ئەو کێشەیەى کە بەغدا دروستیکردووە لەسەر نەوت و گازى هەرێمى کوردستان، ئەو کێشانە لەبەردەم ماڵى ئێمەدان، بەڵام ئەوروپا ئاگادارى کێشەکان بێت دەتوانێ هاوکاریمان بکەن.

رووداو: ئێوە زۆر جەخت لەسەر ڕووە ئەمنییەکەوە دەکەیتەو، هەرێمى کوردستان وەک دەزانن سوپایەکى دەوڵەتى نییە، بەڵام بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان بەم ئاستە باڵایە لە شەڕى دژ بە داعش پێگەى هەرێمى کوردستانى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى تا ڕادەیەکى باش پێگەى بە هەرێمى کوردستان بەخشى، ئایا هەرێمى کوردستان لەڕووى ئاسایشى نەتەوەییەوە بەتایبەتیش ئاسایشى ناوچەکە دەتوانێ چ ڕۆڵێک بگێڕێت؟

ڤانیسا رەشید: شەڕەکان لەە داهاتوو چۆن دەبێت، بێگومان چەک کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر شەڕەکان، کوردستان دەتوانێ دواڕۆژى خۆى بپارێزێت بەتایبەت لەبوارى بازرگانى و ئابوورى، کوردستان لەم بوارەدا پێویستى بە دۆستى باش هەیە، یەکێک لەو شوێنانەى کە دەتوانێ دۆستى باشى تێدا بدۆزێتەوە گۆنفرانسى ئاسایشى میونشنە.

رووداو: هاوسەنگى دیپلۆماسى تا چەند هەرێمى کوردستان لە ناوچەکەدا بیگێڕێت، خۆت دەزانێ ئێمە لە ناوچەکەدا کەوتووینەتە شوێنێک، کە لە وڵاتانى دەوروبەرمان شەڕ هەیە، نەیار هەیە، دۆست هەیە، لەڕووى دیپلۆماسییەوە هەرێمى کوردستان چۆن دەتوانێ ئەم ڕۆڵە بگێرێ بۆ ناوچەکە؟

ڤانیسا رەشید: ئێمە دەوروپشتمان هەمووى دوژمنە، بۆ ئەوە بتوانین بگەى بەو ئاستە دەبێ وڵاتە زلهێزەکان وەکو گوتم ئەمەریکا و ئەوروپا پشتگیریت بکەن، بەبێ ئەوانە بەڕاستى ئێمە ناتوانین  ببینە دەوڵەتێک، من زۆر خۆشحاڵم ساڵ بە ساڵ ڕۆڵى کورد لە کۆنگرەى میونشن گەورەتر دەبێت.

رووداو: یەکێکى دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆنگرەکە و بەتایبەتیش کە سەرکردەى وڵاتانى لەوێ کۆکردیتەوە پرسى ئۆکراینا و ڕووسیایە، بەڵام دەزانین کە پۆتین نە نوێنەرى خۆى ناردۆتە کۆنفرانسەکە نە خۆى بەشدارى کردووە، بەشداریى نەکردنى ڕووسیا لەو کۆنفرانسە چ پەیامێکى لە خۆى گرتووە؟

ڤانیسا رەشید: پێش ئەوەى کۆنگرەکە دەست پێ بکات، کە پۆتین گوتى من نایێم، هەموو هەوڵانەى بە نیازبوو ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە سفر بوویەوە، پۆتین لەوە ترسا لەم کۆنگرەیە شکست بدۆڕێ، چونکە لەم کۆنگرەیە هەموو سەرۆک و وەزیرەکان کۆدەبنەوە و لێرەن کە هەموویان یەک بۆچوونیان هەیە، ئەوەى ڕووسیا دەیکات ڕاست نییە، بەڵام ڕووسیا لەجیاتى ئەوەى بەشدارى کۆنفرانسى میونشن بکات، بانگهێشتى یەک یەکى سەرۆکى وڵاتەکان دەکات تاوەکو سەردانى مۆسکۆ بکەن.

س: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە