پارێزگاى هەولێر و ئورمیە ڕێککەوتنێکى (16) خاڵى واژۆ دەکەن کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

پارێزگارى هەولێر و پارێزگای ئورمیە ڕۆژئاواى کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە بوارى بازرگانى و پیشەسازى و کولتوورى ڕێککەوتنى فراوان واژۆ دەکەن و هەردوولاش جەخت لە جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتننامەکە دەکەنەوە.

پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى پارێزگارانى پارێزگاكانى هه‌ولێرى هه‌رێمى كوردستان و ئورمیە رۆژئاواى كۆمارى ئیسلامى ئێران بەسەرۆکایەتى هەریەك لە ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و محه‌ممه‌د سادق موعته‌مدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا ڕێککەوتنێکى (16) خاڵییان واژۆکرد.

بەپێى ڕێککەوتنەکەى هەردوو پارێزگا، ئامادەن "بوارى گەشتیارى و هاوکاریەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوەى پێشانگاى بازرگانى، پسپۆرى، ئاڵوگۆڕى بوارەکانى ڕۆشنبیرى، کەللتورى، گەشتیارى و وەرزشى و پەرەپێدان بە پێشوەچوونى پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەولێر و ئورمیە" فراوان تر بکە.

 

دەقى ڕێککەتننامەکەى پارێزگاى هەولێر و ئورمیە:

1ـ هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاسانکارى بۆ فراوانکردنى جوڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانى کۆمپانیاى هاوبەشى گواستنەوە کە رێکارەکانى لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەش لەفەرمانگە پەیوەندارەکانى هەردوو پارێزگاکە بە زووترین کات دیراسە بکرێت. 

هەروەها هەردوولا ڕەزامەند بوون تاکو پێکهێنانى کۆمپانیای هاوبەشى گواستنەوە، بەشێوەى تاقیکردنەوە بۆ ماوەى (2) مانگ سەرەڕای ئەو ڕێکارانەى کە پێشتر لەهەردوو سنوورى تەمەرچین-حاجى ئۆمەران گیراوەتەبەر، ڕۆژانە (10) بارهەڵگرى ئێرانى کە کاڵاکانیان ماوەى بەسەرچوونیان خێرایە (میوه‌، سه‌وزه‌، شیره‌مه‌نى، مریشك و گۆشت) ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ هەرێمى کوردستان، هەروەها (10) بارهەڵگرى هەرێمى کوردستان کاڵای هەناردەى هەرێمى کوردستان بەشێوەى ڕاستەوخۆ بگوازێتەوە بۆناو شارەکانى ئێران و لەدواى (2) مانگ دووبارە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى هەردوولا دیراسە بکرێت. 

2ـ هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕى لە پێناو فراوانکردنى بوارى گەشتیارى و هاوکاریەکانیان لەبوارى میدیایی، کردنەوەى پێشانگاى بازرگانى، پسپۆرى، ئاڵوگۆڕى بوارەکانى ڕۆشنبیرى، کەللتورى، گەشتیارى و وەرزشى و پەرەپێدان بە پێشوەچوونى پەیوەندییەکانى نێوان زانکۆکانى هەولێر و ئورمیە. 

3ـ هەردوولا هاوڕابوون بە دامەزراندنى ناوچەى پیشەسازیی هاوبەش لەناوچە سنووریەکانى پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا لەدواى دیراسەکردنى لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەردوو وڵات. 

4ـ بڕیاردرا کە کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتى فرۆکەخانەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا لەنزیکترین کاتدا ڕێکبخرێت بە مەبەستى کاراکردنەوەى گەشتى ئاسمانى لە نێوان شارەکانى هەولێر و ئورمیە. 

5ـ هەردوولا بەڵێنیاندا بەپێدانى زانیارى پێویست لەسەر ڕێنماییەکانى کوالێتى کۆنتڕۆڵ بەیەکترى. 

6ـ پشتبەستن بە ئەزموونەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەپەرەپێدان لەبوارى پیشەسازى بچووك و مامناوەند، لایەنى ئێرانى ئامادەی خۆیان دەربڕى بەدەستپێکردن و دانانى کارگەکانى پیشەسازى گۆڕینى خۆراك، لەقوتوونان، شەربەتى میوە، بەرهەمە شیرەمەنیەکان لەڕێگاى بەشداریکردنى کەرتى تایبەت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەپێى پێداویستیەکانى هەرێم لەم بوارانەوە. 

7ـ بڕیاردرا کۆبوونەوەکانى دوولایەنە بەشێوەى مانگانە لەنێوان بەرپرسانى دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین ئەنجامبدرێت بەمەبەستى دیراسە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان، لەپێناو زیادکردن و خێراکردنى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى لەنێوان هەردوو دەروازە. 

8ـ هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنى هاوکارییەکانى هاوبەشى کەرتى تایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕى زانیارى لەبوارەکانى پێداویستیەکان و کەمکردنەوە (مناقصات) و توانا هونەرییەکان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا بەهەردوو زمان ئامادەبکرێت و لەڕێگاى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڵوگۆڕ بکرێت. 

9ـ هەرێمى کوردستان بەدواداچوون لاى حکومەتى فیدرالى عێراق بکات سەبارەت بە پێشنیارى لایەنى ئێرانى لەسەر ترانزێتى کاڵا بۆ وڵاتى سێیەم. 

10ـ هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر گەشتکردنى گەشتیارانى ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لەدەروازەکانى حاجى ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى هەردوو وڵات بەپێى ڕێکار و ڕێنماییەکانى بەرکارى هەردوو وڵات. 

11ـ هەردوولا رێککەوتن کاروبارى بازرگانى و گەشتیارى لەدەروازەکانى تەمەرچین - حاجی ئۆمەران بەشێوەى (24) کاتژمێربێت، هەروەها لایەنى ئێرانى پابەند بوونى خۆیان نیشاندا بەپێدانى تابلۆ (پلاك) بەئۆتۆمبێلەکانى گەشتیارى هەرێمى کوردستان لەناو دەروازەى تەمەر چیندا. 

12ـ هەردولا ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەى دەرگاى سێیەم لە ناو هەردوو دەروازەى سنوورى حاجى ئۆمەران- تەمەرچین، لەپێناو خێراکردنى جوڵەى بازرگانى و ئاسانکارى هەناردەکردنى کاڵاکانى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران لەماوەى (1) مانگدا. 

13ـ هەردوولا ڕێککەوتن لەپێناو ئاسانکارى بۆ هاتوچۆكردنى ئۆتۆمبێله‌كانى گەشتیارى هه‌رێمى كوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەلایەن لایەنى پەیوەندیدارى هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئه‌م بابه‌تانه‌ى خواره‌وه‌ دیراسه‌ بكرێت: 

أ- تابلۆى نێودەوڵەتى هه‌ردوو وڵاتى ئێران و عێراق.

ب- پێدانى بریکاردارى ئۆتۆمبێل (وکاله‌ السیاره‌) له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌درێت و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ پێدانى بریكاردارى له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانى ئێرانى بۆ هاوڵاتیانى ئێرانى ده‌درێت.

ج- دەفتەرى ڕێگە پێدانى هاتووچۆى گومرگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

د- مۆڵەتى لێخۆڕینى نێودەوڵەتى هه‌رێمى كوردستان و ئێران.

14ـ هەردوولا رێککەوتن هەموو ئەو کاڵایانەى کە بەشێوەى ترانزێت لە ئێرانەوە لەدەروازەکانى ترى هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت، بەهەمانشێوە لەدەروازەى حاجى ئۆمەرانیشەوە ڕێگایان پێبدرێت هاوردەبکرێت. 

15ـ هەردوولا ڕێککەوتن ڕاستاندنى (تصدیق) گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى گواستنەوەى گەشتیارى لە لایەن هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران ئەنجامبدرێت. 

16ـ ئەم ڕێککەوتنە بەدوو زمانى کوردى و فارسى کە لە (16) خاڵ پێکهاتووە، لەلایەن هەردوو پارێزگارەوە واژوو کرا. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین