جەنەراڵێکی ئەمریکی: قەیرانی ئۆکرانیا کار لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

جەنەراڵ ئیریک کۆرێللا، کاندیدی فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای وت کە ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات، ئەوە لێکەوتەکانی ئەو داگیرکارییە دەبنەهۆی ناسەقامگیرییەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا و بە تایبەت لە سوریا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە ڕوونی وتوویەتی تاوەکوو ئێستاش ئێران هەڕەشەی سەرەکییە لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی (سکای نیوزی عەرەبی)، کۆرێللا بە لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی وتووە کە چین هێز و خەرجییەکانی خۆی لەو ناوچانە زیادکردووە کە لەژێر هەژموونی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادان، وەکوو ئەو وڵاتانەی ئەمریکا پیویستی پێیانە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر چالاکییە توندڕەوییەکان لە ئەفغانستان.

وتەکانی کۆرێللا لە بەردەم کۆنگرێس لەکاتی دانیشتنی تایبەت بە ناوزەدکردنی بوون بۆ پۆستی فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و تێیدا وتیشی "ئەمریکا ڕووبەڕووە لەگەڵ قۆناغێکی نوێی کێبڕکێی ستراتیجی لەگەڵ چین و ڕووسیا کە تەنیا جوگرافیایەکی تایبەت ناگرێتەوە، بەڵکو درێژبوونەوەی هەیە بۆ ناوچە جیاجیاکانی ژێر چاودێری و بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا. بەو پێیەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کاری لەپێشینەی خۆی تایبەت کردوە بە کێبڕکێ لەگەڵ چین، دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەریەکە لە باشوور و ناوەڕاستی کیشوەری ئاسیا بمێنینەوە".

کۆرێللا ئەفسەرێکی دێرینی جەنگی مەیدانییە و ئەزموونێکی فراوانی هەیە لە جەنگی عێراق و ئەفگانستاندا، بۆیە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێس بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد و دەوترێت ئەگەری زۆرە بۆ ئەو پۆستەی بۆی کاندیدکراوە، پەسەند بکرێ.

کۆرێللا ئەگەر پۆستەکە وەربگرێت، دەبێت سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی هەژموونی ئەمریکا بێت لە ناوچەی هەردوو زەریای هێمن و هیندی بۆ کێبڕکێ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چێن، هەروەها دەبێت سەرنجیشی لەسەر بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئەوروپییەکان بێت دژ بە ڕووسیا. بۆ ئەمەش ئەمریکا پیویستی بەوەیە بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بگوێزێتەوە بۆ ئەو زۆنانە، بەڵام زیادبوونی هێرشەکانی لایەنەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەمپەر دەخاتە بەردەم بیرۆکەی کێشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

کۆرێللا ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوە دەبێتە جێگرەوەی فرانک ماکینزی کە سێ ساڵ فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بوو. ئەو ماوەیەی ماکینزی لە پۆستەکەیدا بوو، ماوەیەکی پڕ پەشێوی بوو، هەر لە کشانەوەی بێسەروبەرانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، تاوەکوو هەڵوەشاندنی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا، و هەروەها زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران و ڕێکخراوە بریکارەکانی کە زیاد لە جاران هێرش دەکەنە سەر سعودیە و ئیمارات و بەحرەین.

کۆرێللا بە لیژنەکەی ئەنجوومەنی پیرانی وت کە دەیەوێت سەردانی ئەڵمانیا بکات بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانانی ئەمریکا کە نیگەرانن لە کۆکردنەوەی هێزی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات ئایا کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی ڕۆژهەلاتی ناوەراست؟ کۆرێللا وتی کە ئەو لەو باوەڕەدایە بەڵێ کاریگەری دەبێت، بەو پێیەی ڕووسیا هێز و بنکەی سەربازی لە سوریا هەیە.

کۆرێللا وتیشی "ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات، ئەوە دور نییە لە سوریاش ڕۆڵێكی خراپ ببینێت".

وتیشی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وای نابینێت ڕووسیا نیازی جەنگی هەبێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین