ئەردۆغان بەبێ هەماهەنگى پێشوەختە سەردانى سەرۆكى ئيسرائيلى ڕاگەياند شیکاری

نوچەنێت:

دواى چەندين ساڵ لە تێكچوونى پەيوەندى نێوان ئيسرائيل و توركيا، بەرپرسانى ئيسرائيلى پێيانوايە، "بانگهێشتى ئيسحاق هۆرزێك، سەرۆكى ئيسرائيل لەلايەن ئەردۆغانەوە، دەكرێت ببێتە تاقيكردنەوە، ئەگەرى هەيە بەو سەردانە لە داهاتوو پەيوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاسايى بێتەوە."

نزيكبوونەوە توركيا لە ئيسرائيل

رۆژنامەى جيرۆزاليم پۆستى ئيسرائيلى بڵاويكردەوە، "لەكاتێكدا پەيوەندى نێوان ئيسرائيل و توركيا ئاڵۆزە، بەڵام لۆبى ئيسرائيلى بەردەوامە بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى نێوانيان."

ڕۆژنامەكە ئاماژەى بەوە كردووە، "ئاكپارتى خاوەن باگراواندێكى ئيخوانييە و پاڵپشتى حەماس دەكات، هەوڵيش دەدات توركيا بكاتە وڵاتى يەك حزب، لە سوورياش هاوكارى گرووپە توندڕەوەكان دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لۆبى توركى پاڵپشتى ئيسرائيل دەكات، ئەو پاڵپشتييەش ريشەكەى دەگەڕێتەوە نەوەدەكان كە ئەو كاتەى پارتە راستەڕەو و چەپڕەوەكانى ئيسرائيل لەسەر دەسەڵات بوون، پەيوەندیى ئەرێنيان لەگەڵ توركيا هەبوو."

دەربارەى لايەنگرانى ئاشتەوايى ئەو دوو وڵاتە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، "تەلئەبيب و ئەنقەرە هەندێك بەرژەوەندیى ستراتيژى و ئابووريى گەورەيان هەيە، ئەوان دەتوانن بە پێكەوە كارى لەسەر بكەن، چونكە تەنيا پێگەى جيۆسياسى توركيا لە نێوان ئەوروپا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەتوانێت رێگە لە ئێران بگرێت و كەناڵى دەستەبەركردنى پێداويستييە ئابوورييەكانى ئيسرائيلە."

ئەو رۆژنامەيە هێرش دەكاتە سەر ئەو كەسانەى پێيان وايە، "ئەو ئاشتەواييە كە لە رابردوو پێشنياز كرا، بۆ تێكدانى پەيوەندى نێوان ئيسرائيل و يۆنان و دوورخستنەوەى قودس بووە، چونكە ئەنقەرە هەوڵدەدات ئەو شتانە بەدەست بهێنێت كە دەيەوێت، بۆ نموونە لە رابردووش ئەو كەسەى ڕەوانەى ئيسرائيلى كرد بە ئاشكرا دژى جوو بوو، هەروەها ئەنقەرە هەوڵدەدات رێگە لە گواستنەوەى بۆڕى يۆنان ــ ئيسرائيل بگرێت و باشترين پەيوەندى لەگەڵ ئەمەريكا هەبێت، لەلايەكى تريشەوە حكومەتى ئێستاى توركيا وڵاتەكەى رووبەڕووى قەيرانى ئابوورى و بەرزبوونەوەى هەڵاوسان بۆتەوە، بۆيە ئەردۆغان پێى وايە، بۆ دەرچوون لەو قەيرانە دەتوانێت سوود لە ئيسرائيل وەربگرێت."

بەڵام رۆژنامەكە پێى وايە، "لە هەموو ئەو باسانەى ئاشتەوايى، ئيسرائيل هيچ شتێكى لە پەيوەندييەكى باشتر لەگەڵ ئەنقەرە دەست ناكەوێت."

ئەردۆغان بەرلەوەى سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى ئيمارات بكات، بەبێ هەماهەنگى پێشوەختە رايگەياند، "ئيسحاق هێرزۆغ سەردانى توركيا دەكات." ئەو راگەياندنە دۆستانە نەبوو، چونكە ناكۆكە لەگەڵ پڕۆتۆكۆڵى سەردانى، بەڵام سەرۆكى توركيا هەوڵدەدات ئيسحاق هێرزۆغ ناچار بكات سەردانى ئەنقەرە بكات، ئامانجەكەشى روونە، كە دەبێت ئيسرائيل يا رەتى بكاتەوە يا پشتڕاستى بكاتەوە.

لە پەيوەندييەكى جەقبەستووەوە، بۆ پەيوەنديەكى سارد

چەند بەرپرسێكى ئيسرائيلى بە رۆژنامەى هارتسى ئيسرائيليان راگەياند، "ئەو كۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و هێرزۆغ وەك تاقيكردنەوەيە بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە."

دەربارەى سەردانەكەى سەرۆكى ئيسرائيليش بۆ توركيا وتەبێژى سەرۆكى ئيسرائيلى رەتى كردەوە، قسە لەسەر كاتى  ئەو سەردانە بكات.

دەربارەى كاريگەرى ئەو كۆبوونەوەش، بەرپرسێكى ئيسرائيلى رايگەياند، "دەتواندرێت كۆبوونەوەى سەرۆكايەتى هەردوو وڵات بۆ ئاشتەوايى بەكار بێت، راستە سەرۆكى ئيسرائيل كەسايەتييەكى رەمزييە نەك سياسى، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆكانى لەگەڵ بەرپرسانى توركيا دەبێتە كەناڵێك كاريگەرى لەسەر بەرەوپێشچوونى پەيوەندييەكان دەبێت."

بەرپرسێكى ترى ئيسرائيلى بە رۆژنامەى هارتسى رايگەياندوە، "ئەو بڕيارە گۆڕانكارى لە پەيوەندى نێوان توركيا و ئيسرائيل دەكات، لە چەقبەستوو دەگۆرێت بۆ پەيوەندييەكى سارد، چونكە دەتوانن قسە لە هەموو شتە ئاسايييەكان بكەن وەك ئاڵۆگۆڕى باڵيۆزەكان و گرێبەستى بازرگانى، بەڵام ئێمە هيچ هەنگاوێك ناهاوێين تا هەڵوێستى توركيا روون نەبێت."

سەبارەت بە هەڵوێستى ئيسرائيليش بەرانبەر توركيا گرووپەكانى فەڵەستين، رۆژنامەى تايمز ئۆف ئيسرائيل نووسيويەتى، "تەلئەبيب بەگومانەوە لە پەيوەندى گەرمى نێوان توركيا و حەماس دەڕوانێت."

لە (2010) كەشتييەكى توركيا هاوكارى مرۆى بۆ كەرتى غەززە دەگواستەوە، هێزەكانى ئيسرائيل هێرشيان كردە سەر نۆ چالاكوانى توركيا كوژران، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى هەردوو وڵات باڵيۆزى خۆيان بكشێنەوە.

دواى ئەو هێرشە پەيوەندييەكانى نێوانيان زۆر بە سستى ئاسايى دەبێتەوە، كاتێك لە (2018) ئەمەريكا بڕيارى دا باڵيۆزخانەى بگوازێتەوە قوددس، بۆيە توركياش دووبارە نوێنەرى خۆى لە تەلئەبيب كشاندەوە، وەك وەڵامێك بۆ ئەو بڕيارە، ئيسرائيليش نوێنەرى خۆى لە ئەنقەرە كشاندەوە.

دەربارەى ئەو هەڵوێستەى توركيا، بەرپرسێكى ئيسرائيلى بە رۆژنامەى هارتسى راگەياند، "بەگوێرەى رێكارەكانى ئەو دواييە ئەردۆغان لە ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى جددييە، چونكە چەند هەنگاوێكى هاوێشت، لەوانە ئازادكردنى دوو گەشتيارە ئيسرائيلييەكە، كە بەتۆمەتى سيخوڕى دەستگيركرابوون، چالاكييەكانى حەماسى لە توركيا سنووردار كردووە، ئەوانەش ئاماژەى ئەرێنين بۆ رێگرى لە تيرۆر و چالاكييەكانى حەماس لە توركيا."

پێشتر ئيسرائيل و چەند وڵاتێك كە ململانێى مێژووييان لەگەڵ توركيا هەيە، كاريان لەسەر پڕۆژەى هاوبەشى راكێشانى هێڵى غاز لە دەرياى ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا دەكرد، توركياش بە توندى دژ بەو پڕۆژەيە بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین