ته‌نیا بڕیاره‌كه‌ى دادگا پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق به‌كارده‌خاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسانى شیعه‌ دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان نییه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕوانن بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى عێراق جووڵه‌ بخاته‌ پرۆسه‌ى سیاسییه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت رۆژى سێشه‌ممه‌ى داهاتوو بدرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ى كانوونى دووه‌مى 2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید، چه‌ندان به‌رپرس و په‌رله‌مانتارى دواندووه‌، باس له‌ نائومێدییه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ماڵى شیعه‌ هه‌یه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌ له‌سه‌ر دوو خاڵ سووره‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت حكومه‌تى داهاتوو زۆرینه‌ى سیاسى بێت و دووه‌میشیان په‌یوه‌ندى به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى مالیكى هه‌یه‌.

له‌به‌رانبه‌ردا نوورى مالیكى دووپات له‌سه‌ر یه‌كگرتوویى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كات. باس له‌وه‌یش ده‌كرێت به‌ره‌ى چوارچێوه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در بگاته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌و ره‌وته‌ سازیش له‌سه‌ر ئامانجه‌كانى خۆى ناكات.

بڕیاره‌ رۆژى سێشه‌ممه‌ى داهاتوو دادگاى فیدڕاڵى دوا بڕیارى خۆى له‌سه‌ر دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانى عێراق بدات، به‌ بڕواى به‌رپرسان بڕیاره‌كه‌ به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى دانیشتنه‌كه‌ بێت یان قبووڵكردنى ئه‌وا جووڵه‌یه‌ك ده‌خاته‌وه‌ پرۆسه‌ى سیاسى.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین